کەلتور

شوێن و خەون

09:00 - 10/12/2019 438 جار خوێندراوەتەوە

ئەحمەدی مەلا


لە ئەزموونی مندا، شوێن و خەون، دوو رەگەزی شیعریی گرنگن. کاتێکیش باسی شوێن دەکەین، یەکسەر کات خۆی دەخزێنێتە ئەم نێوەندەوە، کاتێکیش (کات و شوێن) ئامادەیی تەواویان دەبێ، دەق چوارچێوەڕێژ دەکەن، دەیبەستنەوە بە مێژوو، ئەمەش کار لە شیعر تێكدەدات، بۆیە پەنابردن بۆ چەمکی خەون لەم رووەوە ئەرکێکە، کاتێکیش خەون دەچێتە نێو درزی شوێنەکانەوە، بە شێوەیەک کار لەسەر کات دەکات کە بە هەڵواسراویی دەیهێڵێتەوە.
هەندێجار شوێنەکان هەڵگری ئاماژەگەل و دەلالاتی مێژوویین، بەڵام مێژوو وەک گێڕانەوە نا، بەڵکو وەک بارستاییەک دێت و ئێستامان داگیر دەکات، کار لە سەر ئێستامان دەکات و یارمەتیمان دەدات تا لە ئاڵۆزییەکانی ئێستامان تێدەگەین. ئەم شوێنانە وەکو چنین تێکهەڵكێشی یەکتر دەبن، قەبرغەی یەکتر بریندار دەکەن و رۆشناییمان پێ دەبەخشن. بۆیە گرنگە شوێن رووت کەینەوە و پرسیاری لێ بکەین.
شاعیری کۆن، پەیوەستبوونی بە شوێنەوە، پەیوەستییەکی گەرموگوڕ بووە، شاعیری دەوارنشین لە کەلەپووری عەرەبیدا، هەمیشە ئاوڕی لە شوێنی جێهێڵراو داوەتەوە، شوێنی جێهێڵراو هەڵگری حەکایەتی عەشق و ئازایەتی و سەرجەم ئەو رەگەزانە بوونە کە مایەی شکۆ و هەڵگری بەهاگەلی قەبیلە بوونە، گریان بەسەر شوێنەواردا قووڵاییەکی ئەنترۆپۆلۆژی هەیە کە رەهەندەکانی مرۆڤی بیابانمان بۆ شیتەڵ دەکات. لە شیعری ئێمەشدا، سۆز بۆ شوێنێ جێهێڵراو زۆرجار گەیشتۆتە چڵەپۆپە و ئاوڕدانەوەی شاعیر بۆ کاتی بەسەرچوو، بۆ شوێنی لەدەستچوو بووە بە مایەی هەڵکرووزان و سووتان و نۆستالژیاییەکی قووڵ. ئەم دیاردەیە لەسەر هاوکێشەی ئێرە/ ئێستا و ئەوێ/ رابردوودا بەرجەستە بووە. دوو توێژی مرۆڤ/ شاعیری بەسەرکردۆتەوە. “ئەوێ هەمیشە” و “ئێستا هەنووکەیی” نموونەی شیعرە بەناوبانگەکەی نالی کە لە شامەوە بۆ سالمی هاوڕێی ناردووە کە بە تەنها یەک وێنەش باسی شاممان بۆناکات، بەڵکو سڕانەوەی تەواوی ئێستای شاعیرە.
بەڵام کاتێک ئێمە شوێنە ئەفسانەییەکان، شوێنە بەرجەستەکان، شوێنە مێژووییەکان تێکەڵ بە یەکتر دەکەین، سەر لە کاتەکان دەشێوێنین لە پێناو داگیرساندنی کاتێکی دیکە، کاتێکی نوێ. کاتێک باسی ئەنفال وەکو رووداوێکی مێژووی هاوچەرخ دەکرێ، ئەم رووداوە، یەکسەر بانگهێشتمان دەکات بۆ شوێن و رووداوی دیکە؛ شەڕەکانی ئوحود، بەدر، کوشتارەکانی دیکە، ناتوانین بیرمان بۆ ساڵانی شەستەکانی لای خۆمان نەچێت. ئەنفال تەنها شوێنێک نییە، بەڵکو دەبێت بە چەندین شوێن و چەندین کاتەوە. کاتێک باسی شام و ئەستەمبول لە لای نالی زەق دەکەینەوە، تاراوگەکانی سەدەی بیست و بیستویەکەممان لە پێش قوت دەبنەوە. رەنگە بپرسین ئەم بابەتانە، بابەتی لێکۆڵینەوەی مێژوویین، ئەمەش راستە، بەڵام مێژوو وەکو زانست بە شێوەیەکی دیکە کار دەکات و کاتێک شیعر ئاوڕ لەم بابەتانە دەداتەوە، شیکل و فۆرمێکی دیکەیان دەکاتە بەر. لێرەوە بە بۆچوونی من، پەنا بۆ خەون دەبەین، خەون ئەو زەمەنە لاستیکییە کە دەتوانێ رەگەزە جیاوازەکان لێک نزیک بکاتەوەو ئاوێتەی یەکتریان بکات.
ئیدی شیعر وەک رەگەزێکی نوێ دەبێ بەشدار بێ لە خوێندنەوەی دنیا، بەشدارێکی چالاک بێ لە هەڵسەنگاندن و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو بۆ ئەوەی خوێندنەوەیەکی شیعرییان بۆ بکات. لە روویەکی دیکەشەوە، رەنگە هەڵتۆقاندنی رەگەزی شوێن بۆ من، بەدەربووبێ لە ویست، واتە چالاکییەکی ئیرادی نەبووبێ، بەڵکو پەیوەندی بە بیۆگرافی خۆمەوە هەبێت. لە هەموو بارێکدا، شیعر دەبێ لاڵانەوەو نووزانەوە نەبێ، بۆ سەردەم و شوێنێکی لەدەستچوو، بەڵکو هەڵساندنەوەی ئەو رەگەزانە بێ تاکو پرسیاری هەنووکەییان لێ بکەین. 
خەونبینین گرنگە نەک بۆ لێکدانەوەی داهاتوو، بەڵکو یارمەتیدەرە و لە رێگای دەقەوە پرسیاری دیکەمان لێ بکات. مادامەکی هەموو وشەیەک ژیانی تایبەتی خۆی هەیە، کەواتە رابردوو و ئێستا  و ئایندەشی هەیە، هەر بۆیە من ئارەزوومەندم کە بچمە نێو خەونی وشەکانەوە.

ئەمە گۆشەی ئەم هەفتەی ئەحمەدی مەلایە، کە دوو هەفتە جارێک لەژێر ناونیشانی بۆچی دەنوسین؟ لە پاشکۆی کولتووری زەمەندا بڵاودەبێتەوە و ئەم بابەتەش لە ژمارە ٢٥ کولتووری زەمەندا بڵاوکراوەتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement