عێراق لە لێواری خەرەندێکی ترسناکدا
08:29 - 05/12/2019
زەمەن
دوای دوو مانگی تەواو لە دەستپێکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شەقامی عێراقی لە بەغداو پارێزگاکانی باشوری عێراق و دوای ئەوەی نزیکەی ١٨ هەزار کەس بونە قوربانی لە کوژراوو بریندار، دواجار عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
هەرچەندە چاودێران ئەو هەڵوێستەی عەبدولمەهدی بە درەنگ دەزانن بەڵام پێ دەچێت دەستلەکارکێشانەوەکەی هیچ لە توڕەیی و جۆشوخرۆشی شەقامی عێراقی کەم نەکاتەوە، بەوپێیەی کێشەکانی عێراق دەرەنجامی کەڵەکەبوونی ١٦ ساڵ لە حوکمڕانی “شکستخواردووی” نوخبەیەکی سیاسیە لە دوای ٢٠٠٣وە، کە بارگاوی بووە بە پشکپشکێنەی تائیفی و مەزهەبی قوڵ تا ئاستی گەیشتنی بە سیستمی “کاکیستۆکراتی” واتە حوکمڕانی هەرە خراپەکان، هاوکات فەسادێکی ترسناکیش لە ماوەی رابردوودا شێوازی حوکمڕانی لە عێراقدا گۆڕی بوو تا ئاستی گەیشتن بە حوکمڕانی “کلیپتۆکراسی” یاخود “حوکمڕانی دزەکان”.
رۆژی یەکشەممی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەی نائاسایی خۆیدا نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی عادل عەبدولمەهدی پەسەند کرد. پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە قەیرانە کەڵەکەبووەکانی عێراق بەرەو کوێ دەچن دوای دەسلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران؟
بە پێێ ماددەی ٧٦ی دەستوری عێراق دەبێت سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران داوا لە سەرۆک کۆمار بکات کە لە کوتلەی زۆرینەی ناو پەرلەمان کاندیدێک دیاری بکرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران و دواتر ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ پەسەندی بکات.
بەڵام ئەم رێوشوێنە دەستوریە پێناچێت هەروا بە ئاسانی تێپەڕێت، بە تایبەتی ئەگەر بزانرێت هێشتا دیاریکردنی کوتلەی زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا یەکێکە لە کێشە دەستوری و سیاسیەکانی عێراق، چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە توڕەیی خۆپیشاندەران لە خودی ئەم سیستمە سیاسیەیە کە دەخوازێت بە هەمان رێگای پێشوودا کە عێراقی گەیاندە ئەمڕۆ دەرەنجامێکی جیاواز بەرجەستە بکاتەوە.
خۆپیشاندەران وەک لە دروشم و داخوازیەکانیاندا دەردەکەوێت داوای نیشتمانێکی شکۆمەند دەکەن و دەیانەوێت ئەو سیستمە سیاسیەی پێشتر پەیڕەوکراوەو ئەمڕۆ شکستەکانی لە هەموو کایەیەکی ژیانی عێراقیەکاندا دەبینرێت، کۆتایی پێ بهێنرێت. خۆپیشاندەران نایانەوێت هەمان نوخبەی سیاسی جارێکی دیکە کاروباری وڵات بەڕێوە بەرن چونکە وەک ئەوان دەڵێن گۆڕینی دەموچاوەکان ئیدی سەر بە هەر گروپێکی سیاسی بێت برینی عێراقیەکان ساڕێژ ناکات.
هەندێ لە چاودێرانیش ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر چارەسەرێکی ستراتیژی بۆ کێشەکانی عێراق نەدۆزرێتەوە دوور نییە جەنگێکی ترسناکی ئەهلی وێرانکەر ئەوەندەی تر جەستەی شەکەتی عێراق وێرانتر نەکات.
رۆژی یەکشەممە پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان لە نوێژی تایبەتی گۆڕەپانی قەشە پوتروسدا لە ڤاتیکاندا لە بەردەم هەزاران نوژخوێنانی ئاینی مەسیحیدا رایگەیاند کە بە نیازە ساڵی داهاتوو سەردانی عێراق بکات. هاوکات داوای لە حکومەتی عێراقی کرد بەر بەو توندوتیژیە بگرێت کە بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجام دەدرێت.
لە پێشهاتێکی چاوەڕوان نەکراویشدا دادگای کوت سزای لە سێدارەدان و حەوت ساڵ زیندانی سەپاند بە سەر دوو پلەداری پۆلیسدا کە تۆمەتبارکرابوون بە کوشتنی خۆپیشاندەران.
بەڵام خۆپیشاندەران دەڵێن سەرە گەورەکان هێشتا لە نێو بارەگای سیاسیەکاندا فەرمان دەردەکەن و دەیانەوێت بەهێز کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن.
لە لایەکی دیکەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێریش، سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئەو توندوتیژیەی لە عێراقدا بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجام دەدرێت، گەیشتووەتە ئاستێک جێگەی لێخۆش بوون نییە. هاوکات گینین هینیس بلاسخارت سەرۆکی یونامی لە عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راپۆرتی تایبەت بە بارودۆخی عێراق پێشکەش دەکات و ئەگەر هەیە کە بارودۆخی عێراق رەهەندێکی نێودەوڵەتی وەربگرێت.