نۆستاڵگیا
08:04 - 30/11/2019
پشکۆ نەجمەدین
لێم ببوورن ئەزیزانم، لێم ببوورن،
کە هەواڵێکتان ناپرسم، دڵم دەڵێ هەر هەمووتان لە من باشتر، سەرحاڵترن. لێم ببوورن...
هاوڕێیانی تۆزلێنیشتووی زەمەنە لە رەوت جێماوەکانی مێژوویەک
کە لە سێباز و چاوشارکێ و گەنمگرد و جۆبڵاو سەرڕێژ بوون،
لێم ببوورن کە زەنگێکتان بۆ لێنادەم،
ئاخر زەریایەک لە بەستەڵەکی بیرچوونەوە لەنێوانماندا کەوتووە و
منیش نە تۆزقاڵێک ئاگر، نە حیکایەتی دەڵەدێو و کوڕەکەچەڵ،
نە هیچێکم بۆ گێڕانەوە پێ ماوە.
لە پیشانگەی یادگەی مندا، وێنەیەکیش بۆ پیشاندان و لێڕامان،
رووحێکی تێدا نەماوە.
لێم ببوورن چراکانی هەڵەبجەکەی تەمتوومانم!
بڕوا بکەن، ئەوسا و ئێستاش
هەر ئێوە بوون و هەر ئێوەن، نیشتمانم.
بیرتان دەکەم، کەچی رۆژێک جورئەت ناکەم،
وەک رۆژانی مێردمنداڵی،
بێمەوە نێو چاخانەکانی رابردوو،
لەگەڵ ئێوە، چۆڕێک تیشکی دڵنیایی، لە پیاڵەیەکی چڵکندا بخۆمەوە!
لێم ببوورن...
نازانم بۆ، دارنەمامی رووحی حەزم،
وەکو جاران، لە دێبەری “دۆمینە”دا،
باڵا ناکات!
لێم ببوورن...
وا زەن دەکەم لە مێژوودا،
گشت “ئەزنیف” و یارییەکانی “پۆکەر” و “بیست و یەک”مان دۆڕاندوون!
لێم ببوورن...
ئیتر نە “ئاس”ێک ئیش دەکا و
نە “فلۆش” و “ستریتفلۆش”!
لە خەیاڵی منداڵیدا،
گشت یارییەکانمان بردنەوە و
بە گەوەرەیی، مایەپووچ و تاڵانفرۆش!
بمبوورن ئازیزەکانم، لێم ببوورن!
ئیدی مێزێکی بەرائەت، وەک بەرائەتی “عەبەڕیش” وەک جامەکەی دەستی “خاڵۆ” وەکو دەنگە نووساوەکەی کاکە “عوسمانی ئازادی” وەکو رووحی عەرەبانەکەی “عوسە قوبڵی” نەماوە کۆمانکاتەوە!
ببوورن.. ریشاڵەکانی جگەرم، لێم ببوورن! من کە زەنگێکیش لێنایەم...
من کە نایێم...
ئێوارەیەک کە من رۆیشتم،
تەنیا نەبووم،گشت پێکەوە،
گیرفانەکانی هیوامان، بارانی تیشکی لێدەڕژا و بە هەورازی وەهمەکانی ئازادیدا، سەردەکەوتین!
تەنیا نەبووین؛
شنەبای سەر کانییەکەی باخی میر و
ئیلهامی شیعری تایەربەگ، سەما و جیلوەی دارگوێزەکانی “گوڵان” و
بۆنی سیحراویی شەراب و
“بەلەنجە گیان بەلەنجە”کەی
مەینۆشانی “کوڵەبۆز” و
قاقای ژنانی “کانی شێخ” هەر هەموومان پێکەوە بووین.
هەموو پێکڕا، لەدەمی جەنگ ڕامانکرد و ئەوداڵی تارمایی ئاشتی،
چیاوچۆڵمان سەرپاک پشکنی و
پاش زەمەنێک، وەهم تێکیشکاندین و هەموو جوانییەکانی شار و خودی شارمان، لە گۆڕیچەی ئازادیدا کفن کرد و هەر بە تەنیا گەڕاینەوە!
ببوورن ئازیزەکانم... لێم ببوورن! وای چەند تەنیام، وای چەند تەنیاین..
من بێ شار و بەبێ ئێوە،
دەردی تەنیایی کوشتوومی و
ئێوەش بێ رەونەقی شار و
بێ هەناسەی باخی میر و
بێ شکۆیی تەلارەکەی وەسمان پاشا و بێ جەنجاڵیی قەیسەرییەکەی حامید بەگ و بەبێ پیاسەی ئێوارانی کانی شێخ و
بێ سەوزبوونتان لەسەر شۆستەی
بەرانبەر مەکتەبی کچان، داهۆڵێکن،
چاوەڕێی رەشەبایەکن!
لێم ببوورن کە هەرگیز زەنگێ لێنادەم، کە من نایێم!
نە پیاڵە، نە جامێکی مەی،
نە پەیمانەی سەر کانییەکەی “حەمەوخان” و نە کانییەکە،
نە لەنجەولاری خاتوونێک،
نە عیشوە و نازی نیگایەک، نە تریقەی پێکەنینێک،
نە ترازانی سوخمەیەک،
نە دیقانێی مەمکۆڵەیەک،
نە شەبەنگی شیعرێکی “ناری” و “تایەر بەگ” نە ناڵەی لوولکی “مینە” لە ئاسمانی ئەو دێبەرە،
سەوز و شینە! ئیتر من چۆن،
پەنجەرەی خەیاڵ بشکێنم،
من بۆچی بێم، چی بهێنم؟
لێم ببوورن، من کە زەنگێکیش لێنادەم.. کە من نایێم!
ئاخر چۆن بێم و درەنگە،
ساتێ کە رووحی “پاڵەوان”
زۆر لە مێژە گەیشتووەتە تەهی ئاسمان، من ئیتر لە کێی ببیستم:
“ دارا هەر دوو داری دیوە و
منیش سەدان، مامۆستا گیان!”
من بۆچی بێم، ساتێ “ئەمیری مام رەسووڵ” عەرەبانە “پیاوئەسپییە”کەی،
بە هەورازەکەی سەرادا،
راناکێشێ! وا بزانم نەک هەر ئەمیر،
هەورازەکەش تەخت بووە!
وای خودایە، ئەم مێژووە نەفرەتییە، چیی کردووە!
نا من نایێم،
هەرگیز زەنگێکیش لێنایەم!
کوڕ کە ماوە، بەڵام باوکە جوامێرەکەی، “حەمەڕەشیی حەمەی ئەحمەو” ئەستێرەگەشەی کۆڕی مەینۆشان، چراوگی هەڵبووی تاریکایی شار، سەرتۆپی شکۆ و
قسەی مانادار، بۆ ئەبەد ونە و
بێ رەونەقە شار!
جا من بۆچی بێم، کە ئەو نەمابێ و
کەس نەوێ بێژێ:
“زەینەکەی مامۆم! ژیان بێتامە،
شار هەر شار نییە،پیاگێک نەماگە،
دونیا پڕبووگە، لە ناکەسبەچە،
هاوشانم نەما، هەر خۆمم و خۆم!
جا من بۆچی بێم؟
**
“بەهادین رێوی”،
“ زیول و داڵە”؛
باڵانوماکەی دیوەکەی دیکەی
نەبینراوی شار،
دیوێک بۆ خەڵکی،
قیزەون، دزێو،
بۆ خۆیان، بەشێک لە ناوکی ژیان،
بە بەردی زەمەن،
شکا، هاتە خوار!
ئەم شیعرە لە ژمارە ٢٣ی پاشکۆی کولتوری ڕۆژنامەی "زەمەن" بڵاوبۆتەوە