507 دیمانە

د.یوسف محەمەد:
هیچ كەس‌ و لایەنێك باسی كۆتاییهێنان بە فیدراڵی ناكات

09:28 - 29/11/2019

سازدانی: زەمەن

د. یوسف محەمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستور، رەتیدەكاتەوە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان هەبێت بەهۆی هەمواركردنەوەی دەستور‌و وتی:”هیچ كەس‌و لایەنێك باسی كۆتایهێنان بە فیدراڵی ناكات”.
یوسف محەمەد لەم چاوپێكەوتنەی “زەمەن”دا قسەی لەسەر ئەوە كرد پێویست ناكات كورد بە تێگەیشتنێكی سەلبی لە هەمواری دەستور بڕوانێت.

یوسف محەمەد، باسیلەوەشكرد بەمزوانە دەست بەدیدار‌و گفتوگۆكانیان دەكەن لەگەڵ خەڵكانی پسپۆڕ‌و لەگەڵ حكومەتی هەرێمیش لە پەیوەندیدان.

زەمەن: بۆچی لەم كاتەدا دەست بۆ هەمواری دەستور دەبرێت، ئایا كەموكوڕی هەیە یان كێشە لە جێبەجێكردندایە؟
یوسف محەمەد: خۆی دەستور بە جۆرێك پەسەندكراوە كە لە كۆتا لەحزەكاندا بۆ رازیكردنی سوننە مادەیەكی تێدا جێگرایەوە كە باس لە هەمواری دەستور دەكات بەپێی مادەی 126، بەشێوەیەكی ئاوارتەش هەر رێك دوای پەسەندكردنی دەستور‌و دەستبەكاربوونی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەی دەستورەكە هەمواربكرێتەوە‌و  بخرێتە راپرسیەوە كە ئەویش بەپێی مادەی 142 ە. بەڵام لەیەكەم خولی ئەنجومەنی نوێنەران لیژنە دەستوریەكە نەیتوانی بگات بە تەوافوقی تەواو لەسەر ئەو پرسە چونكە بەپێی مادەی 142 پێویستی بە تەوافوقە چونكە دوو لەسەر سێی سێ‌ پارێزگا دەتوانن رەفزی بكەن، سوننەكان دواتر دەستبەرداری خواستەكانی خۆیان بوون، بەتایبەت ئەو كاتە زۆر دژی سیستمی فیدراڵی بوون، بەڵام دواتر رێك بە پێچەوانەوە كەوتنە هەوڵی بەدەستهێنانی فیدراڵی، ئێستاش لە دوای خۆپیشاندانەكانی عێراق لەناو هەندێك لە هێزە شیعەكانەوە دەنگی ئەوە بەرزبوەتەوە دەستور هەمواربكرێتەوە‌و سیستەم بكرێت بەسەرۆكایەتی.

قەیس خەزعەلی سەركردە لەناو حەشدی شەعبی بە ئاشكرا داوای سیستەمی سەرۆكایەتی كرد، هەندێك هێزی تریش هەمان داواكاریان هەبوو.
لەناو خۆپیشاندەرانیش هەندێك داواكاری هاتنە دەرەوە كە بە دەقیقی نازانرێت داواكاری خۆپیشاندەرانن چونكە تا ئێستا سەركردایەتیەكی دیاریكراو لە ناو خۆپیشاندەران نیە، لەو داواكاریانە باسی هەمواركردنەوەی دەستور كراوە، دروستكردنی لیژنەكە پەیوەندی بەمەوە هەبوو.

زەمەن: خۆپیشاندەران داوای خزمەتگوزاری دەكەن، ئایا هەمواركردنەوەی دەستور كێشەكانی ئەوان چارەسەر دەكات؟
یوسف محەمەد: خۆی خۆپیشاندانەكانی دژ بە خراپی حكومڕانیە لە دوای 2003ەوە تائێستا، حكومڕانیەكی شكستخواردوو بووە‌و پارەیەكی زۆری عێراق بە گەندەڵی بە هەدەردراوە لە كەرتی ژێرخانی ئابووریدا هیچ گۆڕانكارییەك رووینەداوە‌و خزمەتگوزارییەكان لە ئاستێكی زۆر خراپدان‌و تەقینەوەیەكی گەورەی زۆربونی ژمارەی دانیشتوانیش هەیە، لە ئەنجامی ئەمەش بێكاریەكی زۆر هەیە‌و قوتابخانە‌و كەرتی تەندروستیش لە ئاستی پێویست نیە، خۆپیشاندانەكان دژ بەوانەن، بەڵام رەنگە هەندێك خۆپیشاندەر هەبن وابزانم ئەمە پەیوەندی بەدەستورەوە‌و دەستور ئەمەی رەنگڕێژكردووە‌و پێیانوایە سیستەمەكە لە پەرلەمانیەوە بكرێت بەسەرۆكایەتی كێشەكان چارەسەر دەبن، لە ئەسڵدا كێشەكە لە سیستەمدا نیە، گرفتەكە لە شێوازی پیادەكردنی سیستەمدایە ئەگینا خۆی سیستمی پەرلەمانی یەكێكە لە راقیترین سیستەمە دیموكراتیەكان لە جیهاندا.

زەمەن: ئایا ئەوەتان دیاریكردووە كە چ بڕگە‌و مادەیەك هەموار دەكرێتەوە؟
یوسف محەمەد: تائێستا هیچ بڕگە‌و مادەیەك دیارینەكراوە‌و لیژنەكە داواكارییەكان وەردەگرێت‌و گوێ لە خەڵكانی پسپۆڕ‌و رێكخراو ‌و سەندیكا پیشەییەكان دەگرێت تا گەڵاڵە ئامادەبكرێت‌و دواتر دەكەوینە گفتوگۆی بڕگە‌و مادەكان.

زەمەن: كورد بە گومانەوە لە زۆربەی هەنگاوەكان لە بەغدا دەڕوانێت ئایا ئەمە لە جێگەی خۆیدایە بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور؟
یوسف محەمەد: پێموایە ئەوە لە لاوازییەوە، پێویست دەكات بە ئامادەسازییەوە بەرەو رووی بڕۆین، هەوڵی ئەوە بدەین بەشێك لە داخوازییەكان خۆمان زیاتر بچەسپێنین هەمیش تێگەیشتنت هەبێت بۆ هاجیسەكانی تر‌و چۆنیەتی چارەسەركردنی هاجیسەكانی ئەوانی تر ، بەراستی وەكو كورد پێویست دەكات زیاتر لەگەڵ چەسپاندنی دیموكراسی بین‌و هەوڵی ئەوەش بدەین كێشە بۆ ماف‌و داخوازییەكانی هەرێمی كوردستانیش دروست نەبێت، بەراستی نابێت هەر لە ئێستاوە تێگەیشتنێكی سەلبی لەلایەن كوردەوە بدرێت بەوەی كورد دەترسێت لەم هەموارە.

زەمەن: لە دەستوردا مەسەلەی فیدراڵی چەسپیوە بە هەمواركردنەوەكە هیچ مەترسیەك لەسەر قەوارەی هەرێم دروست دەبێت؟
یوسف محەمەد: ئەوەی كە من دەیبینم لە ئەنجامی گفتوگۆكاندا لەناو هێزە سیاسیەكاندا هیچ كەسێك باسی كۆتایهێنان بە فیدراڵی لە عێراقدا ناكات، هەندێك لە هێزە شیعەكان باسی گۆڕینی سیستم دەكەن، بەڵام كەس باسی دەستكاریكردنی سیستەمی فیدراڵی نەكردووە، بەپێچەوانەوە ئەو هێزانەی لەكاتی نوسینەوەی دەستوردا دژی فیدراڵی بوون ئێستا دەیانەوێت زیاتر بیچەسپێنن بە تایبەت سوننەكان، لەبەرئەوە لەمڕوەوە پێموانیە مەترسیەك هەبێت، مادەی 140 دەبێتە جێگەی گفتوگۆ چونكە عەرەب‌و توركمانەكانی كەركوك زۆر ئیش لەسەر ئەم بابەتە دەكەن، نەوت‌و غاز‌و دەروازە سنورییەكانیش دەبێتە جێی مشتومڕ، كە ئەمانەش بەشی هەرە زۆری پەیوەندی بە هەڵە سیاسەتكردنی هەرێمی كوردستانەوە هەبووە‌و وایكردووە ببنە جێگەی مشتومڕ.

زەمەن: زۆر باسی ئەوە دەكرێت كە سیستەم لە پەرلەمانیەوە بگۆڕدرێت بۆ سەرۆكایەتی، ئەمە یەكلابوەتەوە؟
یوسف محەمەد: تەنیا بەشێك لە هێزە شیعەكان داوای گۆڕینی سیستەم دەكەن‌و هەموویان كۆك نین، هێزە سوننەكانیش لەگەڵ بەردەوامیدانن بە سیستەمی پەرلەمانیی بەدڵنیاییەوە ئێوە ئەزانن ئێمە لە هەرێم لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانین لە عێراقیش بە هەمانشێوە لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانین. 

زەمەن: دوای روخانی رژێم بەرپرسانی یەكەمی هەرێم بەشداربوون لە نوسینەوەی دەستوردا، ئایا ئێوە ئێستا هیچ پەیوەندیەكتان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم هەیە بۆ ئەوەی سەرنج‌و تێبینیان بزانن؟
یوسف محەمەد: وردە وردە دەست دەكەین بە هەماهەنگی، هەماهەنگیەكی سەرەتایی هەیە، لەمڕۆژانەدا دەستدەكەین بە بینینی مامۆستایانی زانكۆ‌و مامۆستایان‌و ئابوریناسان‌و شارەزایان‌و ئەوانەی شارەزایان لە ناوچە جێناكۆكان هەیە دەكەوینە پەیوەندی لەگەڵیاندا، لەوەدەچێت لە نزیكترین كاتدا كۆنفرانسێك بگرێن لە دوای ئەوەش وۆك شۆپێك سازدەكەین لەسەر كۆی پرۆسەكە گفتوگۆ دەكەین.

زەمەن: ئەی لەگەڵ بەرپرسان‌و دامەزراوەكانی هەرێم؟
یوسف محەمەد: زیاتر پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە حكومی‌و زانستیەكان دەكەین، حكومەت تیمێكیان دروستكردووە كۆنتاكت لە نێوانماندا هەیە.

زەمەن: تا چەند راستە پەسەندكردنی بڕگە‌و مادەكان بە تەوافوق دەبێت نەك دەنگدان؟
یوسف محەمەد: بەڵێ‌ ئەوەمان چەسپاند لە كۆبونەوە سەرەتاییەكانی لیژنەكەدا كە كارەكان بە تەوافوق دەبێت.

زەمەن: حزوری كورد لە لیژنەكە وەك پێویستە؟
یوسف محەمەد: لە كۆی 29 ئەندام شەش ئەندامی لیژنەكە كوردن، حزورێكی خراپ نیە، كورد لە ئەنجومەنی حكوم پێنج ئەندامی هەبووە لە 25 ئەندام كەواتە حزورەكەی ئێستا خراپ نیە، مادەم كارەكان بە تەوافوق دەڕوات كێشە نابێت‌و لە پەیوەندیشداین لەگەڵ هێز‌و لایەنە سیاسیەكان.

زەمەن: رۆڵی سەرۆك‌و بەرپرسانی كورد لە بەغدا چی دەبێت دەتوانن بە ئەركی نەتەوەیی خۆیان هەستن؟
یوسف محەمەد: خۆی ئەگەر هەموارەكە بە مادەی 142 بڕوات، ئەوە كارەكە لەناو پەرلەمانەوە دەبێت، سەرۆكایەتی كۆمار‌و راوێژكارەكانی دەتوانن هاوكار‌و هەماهەنگ بن، ئێستا سەرۆكایەتی كۆمار لیژنەیەكیان دروستكردووە بۆ هەمواری دەستور بەپێی مادەی 126 ئەوانیش كار لەسەر ئەوە دەكەن پرۆژەیەك بۆ هەمواری دەستور ئامادە بكەن.

زەمەن: مادەی 142‌و نەوت‌و غاز‌و دەستە سەربەخۆكان‌و دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیران پێشتر جێی مشتومڕ بوون ئێستاش هەروایە؟
یوسف محەمەد: هەموویان گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، بەراستی من زیاتر سەرنجەكەم لەسەر ناوخۆیی هەرێمە، چونكە بەپێی مادەی 142 دوو لەسەر سێی سێ پارێزگار دەتوانن هەموارەكە رەتبكەنەوە، كێشەكە لەوەدایە دۆخی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكە بەردەوام متمانەی هاوڵاتی بە حكومڕانی لاواز دەبێت‌و لە ئەنجامی ئەمەدا بەشداری خەڵك لە هەڵبژاردنەكان بە لاوازی دەڕوات پێویستمان بە ئاشتكردنەوەی خەڵكە بۆ ئەوەی بتوانین قەناعەت بە خەڵك بكەین ئەگەر هەمواری دەستور لە بەرژەوەندی كورد نەبێت رەتبكرێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن