" لە جیاتی ئەنجومەنی باڵای راگەیاندن با یاسای رۆژنامەگەرییو مافی زانیاری جێبەجێ بكرێن"
06:39 - 28/11/2019
"زەمەن"
دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، داوای فرە سەندیكایی بۆ رۆژنامەنووسان دەكاتو دەشڵێت لەجیاتی ئەنجومەنی باڵای راگەیاندن باشترە سەرجەم دەزگا حزبیو سەربەخۆكان داوای جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەریو مافی بەدەستهێنانی زانیاری بكەن.
نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ “زەمەن” كە لە ژمارەكانی پێشوودا بڵاوكرایەوە، باسی لە هەوڵەكان كرد بۆ دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان.
دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، لەڕێگەی “زەمەن”ەوە وەڵامی نەقیبی سەندیكای دایەوەو وتی: “ئەمڕۆ كە باس لە ئەنجومەنێك بۆ رێكخستنی كاری میدیایی دەكرێت، بیرۆكەكە هەڵە نیە، چونكە لە هەندێ سیستمی دیموكراسیدا ئەم ئەزموونە پیادەكراوە، بەڵام لە وڵاتێكدا كە دەسەڵاتەكانی جیانەكرابنەوە، دەزگا سەربەخۆكانی بە “بەش بەشكاری” حزبەكان دانرابن، با لە پەرلەمانیشەوە دەنگیان بدرێتێ، هیچ زەمانەتێك نییە بۆ ئەوەی خەمی ئەنجومەنەكە فراوانكردنی ئازادی كاری رۆژنامەنووسی بێت”.
دیاری محەمەد، زیاتر وتی: “ئەزموونی كوردستان لەگەڵ دەزگا سەربەخۆكاندا ئەزموونێكی باش نییە، بۆیە ئێستا داوا دەكەین دەزگاكانی میدیا بە حزبیو سەربەخۆوە لەبری پشتیوانی لەو ئەنجومەنە داوای كاراكردنو جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەرییو مافی زانیاری بكەن”.
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ جەختیكردەوە ئازادی رۆژنامەنووسی زادەی راپەڕینی خەڵكی كوردستانو هێزە زیندووەكانێتی، كەس بۆی نییە بیكاتە خێرو سەدەقە بەسەر خەڵكی كوردستان.
وتی: “ئێمە كە دیفاع لە ئازادییەكان دەكەین ئەوە دیفاع لە ئامانجەكانی راپەڕین دەكەین، كە كوردستانی لە یەك تەلەفزیۆنو یەك رادیۆو یەك رۆژنامەو یەك دەنگەوە گواستەوە بۆ فرە دەنگو فرە میدیا، هەقە هەمووان داوا بكەین وەك چۆن فرەیی حزبیو رێكخراوەیی هەیە، فرەیی سەندیكایش هەبێتو یەك سەندیكا نوێنەرایەتی چینێكو توێژێكی كۆمەڵایەتی نەكات، بۆ ئەم مەبەستە دەمانەوێت گفتوگۆی كراوە هەبێت”.
لە هەرێمی كوردستان یەك سەندیكای رۆژنامەنووسان هەیە، كە بەحزبیبوون تۆمەتبار دەكرێتو هەموو رۆژنامەنووسان بە سەندیكای خۆیانی نازانن.
دیاری محەمەد دەڵێت: وەك میترۆ بڕوایان وایە دەبێت رۆژنامەنووسان لە كۆنگرەكەیان چاكسازی بكەن، سەندیكاكەیان بەهێز بكەن، بەڵام ئەمڕۆ سەدان رۆژنامەنووس هەن، بڕوایان وایە كە چاكسازی لەناو سەندیكای رۆژنامەنووساندا ناكرێت، نایانەوێت لەو سەندیكایە ئەندام بن، ئایا مافی ئەوەیان نییە سەندیكایەكی سەربەخۆ بۆ خۆیان دابمەزرێنن؟ ئەزانم وەڵامەكە نەخێرە”. روونیكردەوە چونكە یاسای ژمارە 40ی ساڵی 2004، یاسای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان باسی لە یەك سەندیكا كردووە كە ئەم سەندیكایەی ئێستایەو دەرفەتی بۆ فرەیی نەهێشتۆتەوە.
سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنووسو بەرگریكاری مافی مرۆڤ، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنووسانی جەنگو ئاشتی IWPR دامەزراوە، هەشت راپۆرتی ساڵانەی هەیە كە بوون بە سەرچاوەی رێكخراوە دیارەكانی سەبارەت بە ئازادییەكانی میدیا لە كوردستانی عێراق.
میترۆ لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە رێگەی پرۆژەوە، هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنووسانی جەنگو ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، رێكخراوی (Internews) ی ئەمریكی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، وەزارەتی دەرەوەی سوید، سەندیكای رۆژنامەنووسانی دانیمارك، پاڵپشتی كردووە. ئێستا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ راگەیاندنی راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی بۆ ساڵی 2018.
دیاری محەمەد بەناوی سەنتەری میترۆوە وتی: “لە سایەی یاساكانی رۆژنامەگەرییو یاسای زانیاری ئەگەر بە باشی جێبەجێبكرێن، دەرفەتی باش هەن بۆ فراوانكردنی ئازادی رۆژنامەنووسیو دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام جێبەجێنەكردنی یاساكان دەمانگەڕێنێتە دواوەو دیموكراسیەتی ناتەواویشمان دەخاتە ژێر پرسیار، كاری ئێمە ئاشكراكردنی هەوڵەكانی دەسەڵاتی حكومەتو حزبە بۆ پشتكردنە یاساكان، سەروەری یاسا، كە خۆی لە پێشێلكارییەكان رەنگدەداتەوە”.
سەنتەری میترۆ لەناو ئەو هەموو رێكخراوانەی بەرگری لە ئازادی دەكەن، خۆی بە تاقانە نازانێت، دیاری محەمەد لەمڕۆوە وتی: “نەمانوتووە تاكە رێكخراوی بەرگرین لە ئازادی رۆژنامەنووسی، بەڵام رۆژنامەنووسانو دەزگاكانی میدیا رەخنەیان لە هەموویان هەیە، بێگومان سەندیكای رۆژنامەنووسان كە بە یاسا تاكە سەندیكای رۆژنامەنووسانە، رەخنەی زیاتری بەردەكەوێت”.
میترۆ تەنیا لەمساڵدا بە هاوبەشی (Internews) ئەمریكی، مەشقی بە 100 رۆژنامەنووس كردووە زۆرینەیان كچو ژنانی رۆژنامەنووسن، هەروەها مەشقی بە 40 رۆژنامەنووس كردووە لە دەڤەری بادینان، پرۆژەیەكی تری هەیە كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سپۆنسەرێتی، سەرەتای مانگی كانونی یەكەم دەستپێدەكات بۆ ماوەی ساڵێك بەردەوام دەبێت مەشق بە 100 رۆژنامەنووسی پێكهاتەكان دەكات.
لە وەڵامی ئەوەی سەندیكای رۆژنامەنووسان میترۆ تۆمەتبار دەكات بەوەی “ژمارە ریز دەكەن”و باسی پێشێلكارییەكان دەكەن، دیاری محەمەد وتی: “كەچی هەر خۆیان كتێبێكیان بە 344 لاپەڕە دەركردووە كە لە بڵاوكراوەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانە كە لە 10 ساڵدا 966 پێشێلكاریان تۆمار كردووە، ئێمە رێزمان بۆ ئەو ماندوبوونە هەیە، بەڵام هەق نییە نەقیبی رۆژنامەنووسان ماندوبوونی رێكخراوەكانی تر بە “ریزكردنی ژمارە” وەسف بكات. بەم پێیە بێت، ریزكردنی ژمارە بێت، ئەوا ئەوانن عاشقی ریزكردنی ژمارەن، نەك رێكخراوەكانی تر”.
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ جەختیشیكردەوە سەندیكا كە باس لە فەوزای ژیانی رۆژنامەنووسی دەكات، خۆی بەشدارە لەو فەوزایە، خۆیان دەزانن چەند هەزار ئەندامو بەشدارو مەشقكاریان هەیە، كە بەشێكی زۆریان لە رابردووی نزیكو دوور بۆ هاوسەنگی ژمارەی ئەندامانی رۆژنامەنووسانی (یەكێتی و پارتی) بووە.