شنە حەسەن لە درامایەكی نوێدا دەردەكەوێت
11:11 - 25/11/2019
زەمەن: مەزهەر كەریم
خانمە ئەکتەری کورد، شنە حەسەن ئاشکرایدەکات کە بەمزووانە لە درامایەکی نوێدا بەناوی پەلکەزێڕینە دەردەکەوێتەوە.
شنە حەسەن بە “زەمەن”ی راگەیاند: لە درامای پەلكەزێڕینەدا بە رۆڵی سەرەكی بەشداریم كردووەو سەرجەمی زنجیرە دراماكە بەشێوەی كۆمیدیایە.
لەبارەی ئەوەی ئەوە یەكەم كاری هونەریی شنە حەسەنە لەدوای ماڵەكەی مەعروف، ئەو وتی: “بۆ چەندین كاری دیكە پێیانوتوم بەڵام نەمویستووە لە ئاستی كارەكانی دیكەم دابەزێت بەتایبەت ماڵەكەی مەعروف”.
لەبارەی ئەوەی بۆچی زۆرینەی کارەکانی کۆمیدین، ئەو خانمە ئەکتەرە دەڵێت: “ماوەی چەند ساڵێك دەبێت كاری كۆمیدیا دەكەم پێشتر كاری تراژیدیام كردووە هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگێڕمەوە کە بینەر پێویستی بە کاری تراژیدیا نەماوە چونكە ژیان تراژیدیایە”.
شنە ترسی خۆی لە قسەکردن بۆ میدیا دەخاتە ڕوو دەڵێت: “سیاسیەكان ناهەقیان نیە وەك پێویست قسە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ناكەن، ترسیان هەیە وەك ئەوەی خۆیان وتویانە پەیامەكەیان نەگات”.
ئەوەشی نەشاردەوە دوو كوڕەكەی بە ناوەكانی ڕامینو ڕوبین زۆر ئارەزووی كاری هونەریی دەکەن و پێشتر لە ماڵەكەی مەعروفو چەندین درامای تردا بەشدارییان كردووە”.