1288 کەلتور

پەراوێزێک بۆ پەراوێز

06:53 - 20/11/2019

بەختیار حەمەسوور

کورتەی مەبەست:
زمانی نووسینی کوردی، زمانێکی ناپوختە. یەکێک لەو خاڵە پاساودەرانەی لە پێش ئەم حوکمەدا خۆی راست دەکاتەوە، کەمی و درەنگکەوتنی نووسینە لە زمانەکەدا، بەڵام خودی سستی و سڕی و گوێپێنەدانی بنووسەکانی، لە خاڵە هەرە حاشاهەڵنەگرەکانە، کە بوون بە بار و بەربینگی زمانی کوردییان گرتووە. لەگەڵ ئەو جموجووڵەی ساڵانێکە لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەدا هەیە، بە ئێستەیشەوە، ئەدەبی زارەکی لە ئەدەبی نووسراوی کوردی، دەوڵەمەندترە، هێشتا نەتوانراوە وزە شاراوە و حەشارەکانی زمانی زارەکی بۆ ناو زمانی نووسراو راگوێزرێن، زمانی نووسین زانستی و لێکۆڵینەوە و ئەوەی دەبێت زمانێکی پوخت و ستاندار بێت، زۆر لە زمانی زارەکی دوور نەکەوتووەتەوە و مەودای نەگرتووە، لە گەلێک خاڵدا ئەو دوو زمانە بەر یەکتر دەکەون. زۆر کەم دەست بۆ وەها بابەتێک براوە، دکتۆر ئەمیر حەسەنپوور (١٠/٨/١٩٤٣ – ٢٤/٦/٢٠١٧) یەک لە دەگمەنترین نووسەرانی کوردە، کە بە شێوەیەکی زانستی و ورد لەو بارەیەوە چەند لێکۆڵینەوەی پێشکەش کردووە، ئەم سەرنجە کورتەی خوارەوە، کە لەبەر رۆشنایی بۆچوونێکی دکتۆردا نووسراوە و هەوڵێکی بچووکە.

دکتۆر ئەمیر حەسەنپوور، لە یەکێک لە وتارە ئەکادیمی و زانستییەکانیدا، کە وەک پێشەکی بۆ کتێبی «فەرهەنگی زارەکی موکریان» نووسیویەتی، کۆمەڵێک سەرنج و پرسیاری ورد و بایەخدار لە بارەی زمانی نووسین و زمانی زارەکی دەخاتەڕوو، لە درێژەی وتارەکەیدا، لە دێڕێکدا، دەنووسێت: «پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە، پێویستە بڵێم کە لە «فەرهەنگی زارەکی موکریان»دا زارەکێتیی و نووسیارێتی تێکەڵاون» لەو دێڕەدا، لەسەر وشەی «بڵێم» پەراوێزێک دادەنێت، لەوێدا پێی وایە کاتی نووسین، هانابردن بۆ ئەم وشەیە: «بڵێم» جۆرێکە لە لەنگی و نازانستی، چونکە ئەم وشەی «بڵێم» سەر بە دنیای قسەکردن و ژیانی رۆژانەیە، لەبری ئەوە دەبێت هانا بۆ وشەی «دەنووسم» ببرێت، لە پەراوێزەکەدا دەنووسێت: «دەمەوێ لێرەدا سەرنجی خوێنەرەوە رابکێشم بۆ وشەی «بڵێم» کە من ئەو رستەیەم دەنووسی لەباتی ئەوەی بنووسم «پێویستە بنووسم» هاتە سەر قەڵەمەکەم. «گوتن» دیاردەیەکی زارەکییە، بەڵام تێکەڵاوی نووسینە و لە کاتی نووسیندا، بێئەوەی دەنگم دەربێ وشەکان دێنە سەر زارم.»[١] هەر لە هەمان وتاردا بەوردی خەسڵەتگەلی زمانی زارەکی و زمانی نووسین دیاری دەکات، هاوکات دەستپێکی نووسین بە «دابڕانی گەورە» ناودێر دەکات.
خوێنەر لە دوای ئەم سەرنجەی ئەمیر حەسەنپوور، دەتوانێت زۆر وشەی هاوشێوە تر، لە چەشنی «گوتم، ئێژم، دبێژم و...» یان کاتێک لە نووسراوەیەکدا رستەیەک لە نووسەرێک دێنێتەوە، دەنووسرێ: «با گوێ لەم رستەیە، یان لەم نووسەرە بگرین» هەروەها هەریەک لە زمانی خەمڵاندن،  گۆترەکاری، ئەگەر و نەسەلماو و... کە هەموویان سەر بە زمانی زارەکی/ قسەکردنن و لەناو نووسیندا بەکاردێن، بدۆزێتەوە و لە بەرانبەر بۆچوونەکەدا رایانگرێت و لەگەڵ سەرنجەکەی دکتۆر ئەمیردا جووت بن و بە راست بگەڕێن، بەڵام خودی ئەو بۆچوون و وردبوونەوەیەش شیاوی پێداچوونەوە و کەمێک لەسەر وەستانە.

ئەگەر چاوپۆشی لە سەرجەم لقەکانی پەخشان بکەین و بەسەر دوو چەشندا دابەشیان بکەین؛ یەکەم پەخشانی زانستی، دووەم پەخشانی ئەدەبی، ئەوا دەتوانین سەرگرتن یان سەرنەگرتنی سەرنجەکەی دکتۆر ئەمیر حەسەنپوور تاوتوێ بکەین. لە پەخشانی زانستیدا، دەتوانین هەریەک لە چەشنەکانی وتار، رەخنە، فیکر، فەلسەفە، لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیک و...ـی لەژێردا دابنێین، لەم چەشنە پەخشانەدا سەروکارمان لەگەڵ دژواریی و سەختی چەمک، میتۆد، تیۆر، رێبازی توێژینەوە، بە گشتی مانەوە و پاپەندبوون بە چوارچێوەی زانستییەوە هەیە، ئەمەیش لەگەڵ خۆیدا جۆرێک لە ئیلتیزام و پابەندبوون هاوپێچ دەکات، یەک لەوانە ئەوەیە کە بە وردی نووسەر ناچار دەکات بیر بکاتەوە و بگەڕێت، بە واتایەکی تر، چەمکدۆزیی و تیۆردۆزیی و...ـی بکات، تاکو نووسینەکەی لە هەڕەمەکیبوون و بێسەروبەریی و نەبوونی چوارچێوەیەکی زانستی دەرباز بکات، یەکێکیش لە نوختەکانی ئەو جۆرە نووسینانە دەگەڕێتەوە سەر جیاوازیدانان لە نێوان هەردوو زمانی نووسین و زمانی عامیانە(زارەکی/قسەکردن) لە هەریەک لە رووەکانی هەڵبژاردن و بیرلێکردنەوەی وشە و رستەکان بۆ چینینی پاراگرافەکان، دیارە مەبەست لەم جیاوازیدانانە دابڕکردن و دوورخستنەوەی خوێنەران و کەسانی ئاسایی و کەمئاستی کۆمەڵگە نییە، هەرچەندە پەخشانی زانستی بێ ئەوەی هیچ پێشمەرجی و تەلبەندێک بە دەوری خۆیدا بکێشێت، پەخشانێکی نوخبەوییە و کەمتر رووی لە گشتە، یان گشت و خەڵکانی ئاسایی و راگوزەر، کەمتر روو لە خوێندنەوەی ئەم چەشنە پەخشانە دەکەن، دەبێت لەم جۆرە پەخشانەدا بە وردی بیر بکرێتەوە، چوارچێوەدار بێت، هەست بکەین لە بەردەم زمانێکی ستاندارد و گوشراوداین، زمانێک کە کەمترین دەرفەت بە دەستەواژەگەلی ناتیۆریک و رەمەکی بدات. بۆ وێنە، بەشێکی بەرچاو لە نووسراوەکانی عەبدولڕەحمان زەبیحی، کەمال مەزهەر، جەمال نەبەز، نەوشیروان مستەفا و... خودی نووسراوەکانی دکتۆر ئەمیر حەسەنپووریش، لەم خانە پەخشانییەدا جێکەوتە دەبن. لەم خاڵەدا بۆچوونەکەی دکتۆر ئەمیر سەردەگرێت، راست و  بێ گرفتە.
سەبارەت بە پەخشانی ئەدەبی، بەتایبەت کایەی گێڕانەوە و تێیدا هەریەک لە ژانری چیرۆک و رۆمان، بۆچوونەکەی دکتۆر ئەمیر تووشی گرفت و سەرنەگرتن دەبێت، ئاشکرایە هەریەک لەو دوو ژانرە بە قووڵی و توندی بەستراون بە ژیان و لە ناوجەرگەی ژیانی رۆژانەی خەڵکدان، بە شێوەیەکیش ئەو باس و کەسانەی وەک تێما و کەسایەتی دێنە ئەم دوو ژانرەوە، بە نزیکەیی کەسانی رەشۆک، سادە، هەژار و...ـی ناو کۆمەڵگەن، کەمترین جار کەسایەتی و باسی فاخیر و ئەکادیمیک دێنە ئەم دوو ژانرەوە، تەنانەت زۆرێک لە دەقە گێڕانەوەییەکان کاتێک سوود لە کەسایەتی و بابەتێکی ئەکادیمیک و ئینیستیوتی وەردەگرن، جۆرێک کۆمیک و ئایرۆنی لێ دەکێشنەوە.

یەکێک لە رستە بەناوبانگەکان، کە لە فێرگەکانی چیرۆکدا وەک دەرس دەگوترێتەوە، ئەمەیە: «ئێمە دەمانەوێ دەستی ئێوە لە دەمتان نزیک بکەینەوە.» سیاوەش کەریمزادە وەها ئەم رستەیە شی دەکاتەوە: «دەمانەوێ ئەو جۆرەی قسە دەکەن، بنووسن.»[٢] پەیوەندییەکی راستەوانە و پتەو لە نێوان زمانی زارەکی و زمانی گێڕانەوەی رۆمان و چیرۆکدا هەیە؛ زمانی کەسایەتی لە هەریەک لە چیرۆک و رۆماندا، نزیکە لە هەمان کەش و ئاستی کارەکتەرەکانەوە، ئەگەر دووراییەک هەبێت، بە دڵنیایی دەرفەت بۆ جۆرێک لە رەخنە دەسازێنێت، بۆیە رێپێدراوە لەم چەشنە پەخشانەدا هانا بۆ زمانی عامیانە یان زارەکی/قسەکردن ببرێت و وشەی «دەڵێم» «گوتم» «گوتی» و... هاوشێوەکانی بەکار بهێنرێن، ئاساییترە زمانێکی هەڕەمەکی و زۆرجاریش بیر ‌لێنەکراوە (بەگوێرەی ئاست و پێگەی کارەکتەرەکە) لە مەتن و درێژەی چیرۆکەکەدا بنوێنرێت. بۆچوونەکەی حەسەنپوور، پانتایی ئەم جۆرە پەخشانە نەدیو و نەبوو دەگرێت، لە کاتێکدا هەر لەو لێکۆڵینەوەیەدا، بە وردی چەند بەیت و حەکایەتی فۆلکلۆریی تاوتوێ و نموونەخواز دەکات، لەبەر ئەوە ناتوانرێت سەرنجەکەی  بگشتێنرێت و لە مەودایەکی بەرفراواندا کارا بێت؛ بەرلەوەی بە تەواوی سەر بگرێت، شکست دەخوات!

سەرچاوە:
١/ “فەرهەنگی زارەکی” لە خولی تێکنۆلۆژی زماندا، دکتۆر ئەمیر حەسەنپوور، (پێشەکی)، بۆ کتێبی: فەرهەنگی زارەکی موکریان (بەرگی یەکەم – ئـ)، سەلاح پایانیانی، چاپی یەکەم، ١٣٨٥ی هەتاوی – ٢٠٠٦ی زاینی.
٢/ ڕوو لە ئاسۆیەکی نادیار، سیاوەش کەریم‌زادە، بڵاوگەی خانی، چاپی یەکەم، ١٣٩٨ی هەتاوی، سەقز.

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٢ ی پاشکۆی کولتووری زەمەن بڵاوکراوەتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن