هەواڵ

چۆن رۆمانێک بە ١٠٠ رۆژ یان کەمتر دەنووسی؟

11:06 - 20/11/2019 208 جار خوێندراوەتەوە

(بەشی دووەم)
چیت پێویستە؟
ئەگەر بە زمانی خۆت توانای نووسینی رستەیەکی سادەت هەبێت، ئەگەر ویستێکی راستگۆت بۆ نووسینی پڕفرۆشترین رۆمانت هەبێت، کەواتە تۆ هەموو خاسییەتەکانی رۆماننووست تیایە، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕم وا نییە هەر کەسێک تەنها بە خوێندنەوەی کتێبێک بتوانێت ببێتە رۆماننوس.. نووسین لە ویستێکی ناوەکییەوە دێت کە سەرچاوەکەی هەستی نووسەرەکەیە.. لەبەر ئەوە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگریت کە ئەم کتێبە فێری نووسینی رۆمانت ناکات، چونکە نووسین بە فێربوون نییە، بەڵکو ئەزموونە. رۆڵی ئەم کتێبە، لە بەرجەستەکردنی میکانیزمێک بۆ رێکخستنی کات کورت دەبێتەوە، دەتخاتە سەر رێگای راست، کۆمەکت دەکات رۆمانێک لە سەد رۆژ، یان کەمتردا بنووسیت، بەڵام رۆمانەکە لەجیاتی تۆ نانووسێت.

دەتوانی رۆمانێک بنووسیت؟
بێگومان، دەستم وەک دەستی تۆ وایە، چەندین رۆمانی بەناوبانگی نووسیووە، دەزانم چەند سەختە چەندین کاتژمێر لەناو ژوورێکی داخراودا، خۆت دابڕێنیت و بەسەربەریت، هەروەک دەشزانم چەند قورسە شتێک بنووسیت کە چارەنووسی نەزانیت. هەروەها نووسینی رۆمان کارێکی هەروا ئاسان نییە، بەتایبەت ئەگەر فەرمانبەر بیت و خاوەن ماڵ و منداڵ بیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆت ئەکرێ بیکەیت. زۆربەی نووسەرەکان لەکاتی نووسیندا دوو ژیان دەژین، ژیانی راستەقینە و ژیانی خەیاڵیی ناو رۆمانەکەی. بەڵام هەر کە رۆمانی یەکەمت فرۆشت، ئیدی کارەکەت جێدەهێڵیت و بە تەواوەتی خۆت بۆ نووسین تەرخان دەکەیت.  
گەورەکان پێش تۆ کردوویانە.
بەڵێ، پیشەیەکت هەیە هەموو کات  وزەتی بردووە، بەڵێ تۆ لە خێزانێکی گەورە بەرپرسیاریت، نووسەرە گەورەکانیش تەواو وەکو تۆ وا بوون، بەڵام نەوەستاون و کۆڵیان نەداوە. ئەوەش جیاوازییەکەیە. 
واڵاس ستیڤنسنی شاعیر، جێگری سەرۆکی کۆمپانیایەکی بیمە (ئەنشورانس) و پسپۆڕی بازاڕی پشک (اسهم) بووە.. ئیلیۆت کە ئەدیبێکی گەورەبوو، لە یەکێک لە بانکەکان کاری کردووە.. ولیام کارلۆس پزیشکی منداڵان بووە.. رۆبێرت فۆرست خاوەنی کێڵگەی باڵندە بووە.. هارت کرین تایبەتمەندی شیرینی دروستکردن بووە.. ستیڤن کران پەیامنێری جەنگ بووە.. مریان مۆر لە کتێبخانەیەکدا کاری کردووە.. جیمس دایکی لە کۆمپانیایەکی پڕوپاگەندەکردن فەرمانبەر بووە.. ماکلیش لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا بەڕێوەبەری ئۆفیسی “راستی و ژمارەکان” بووە.. مەحمود سامی البارودی لە سوپادا ئەفسەر بووە.. نەجیب مەحفوز لە وەزارەتی ئەوقاف فەرمانبەر بووە.. تۆفیق ئەلحەکیم پارێزەر بووە.. رۆماننووسی بەناوبانگ حەننا مینا سەرتاش بووە.. ئەحلام مستەغانمی هەر لە منداڵییەوە ئیشی کردووە بۆ ئەوەی خوشک و براکانی و باوکە نەخۆشەکەی بەخێو بکات.. غازی القصیبی راوێژکاری یاسایی بووە و علاء الاسوانی پزیشکی ددان بووە..

هەست و نەستە گەرمەکان
چی نووسەر درووست دەکات؟ ئەشێ بە رووداوێکی بێ وێنەدا تێپەڕیت کە قووڵترین کاریگەریی لەسەرت هەبێت، ئەو رووداوە هەست و درککردنەکانت دروست دەکەن. با ژیانی خۆزێ ساراماگۆ بە نموونە وەرگرین، ئەو نووسەرە کە خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئەدەبدا وەرگرتوە، باوکی جوتیارێکی سادە بووە، دایکی نەخوێندەوار بووە، سەرەتای ژیانی بە کرێکاری لە یەکێک لە کارگەکاندا دەستپێکردووە، پاشان چووە بۆ خزمەتی سەربازی، دوایی لە بەشی نووسینی یەکێک لە رۆژنامەکان کاری کردووە، چل ساڵ لە ژیانی تێدەپەڕێ، چل ساڵ لە تەمەنی تێپەڕی، چل ساڵ لە دەردیسەری (معاناة) بە منداڵی لە یەکێک لە پشووەکاندا لەگەڵ باپیری چوو بۆ دێیەک ناوی (ئازینهاجا) رۆژێک باپیری تووشی جەڵدە بوو، بەهۆیەوە بۆ چارەسەر بۆ لیسبن گوازرایەوە. ساراماگۆ هەستی بە تەنهایی و خەمگینی دەکرد بۆ باپیری، لەناو باخەکەی ماڵەکەیاندا دەوەستا، قسەی لەگەڵ درەختەکانی هەنجیر و زەیتون دەکرد، دەردەدڵی خۆی بۆ دەکردن و باسی خەمەکانی ناوەوەی خۆی بۆ دەکردن، هەستی دەکرد ئیتر ناگەڕێتەوە بۆ ئەم جێگەیە، کەوتە باوەش پیاکردنی درەختەکان و ماڵئاوایی لێکردنیان.. ساراماگۆ دەڵێ: “گەر ئەو جۆرە شتانە کاریگەرییان لەسەرت نەبێت، تۆ نابیت بە ئەدیب” هەست و نەستە هەڵچووەکان، ئەدیبێکی مەزنت لێ دروست دەکەن، چونکە بە ئاسانیی دەبنە وشەی ناسک.

با دەست پێبکەین: 
ئەدیبی ئەمەریکی سەنکلیر لویس، بانگهێشکرا بۆ ئەوەی بابەتێک لەبارەی پیشەی نووسینەوە لەبەردەم کۆمەڵێک خوێندکار پێشکەش بکات. لە سەرووی پۆلەکەدا وەستا و پرسیاری کرد: “باشە بۆچی هەمووتان ناگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە و دەست بکەن بە نووسین؟” ئەمەی وت و لە هۆڵەکە چووە دەرەوە.  بەم جۆرە ئیتر کاتی ئەوەیە دەست بکەیت بە نووسین. ئەمەی خوارەوە دۆسێی رۆژانەتە – هەموو رۆژێک وشەکانی هاندان، ئامۆژگاری، حیکمەیەکی تیایە، یان کارێک کە دەبێت ئەنجامی بدەیت بۆ ئەوەی کتێبەکەت بخەیتە سەر لاپەڕە. ئەوە ئەوەیە کە دەبێت بیکەیت بە درێژایی ئەو سەد رۆژەی داهاتوو بۆ ئەوەی رۆمانەکەت بنووسیت. 

*چۆن رۆمانێک بە 100 یان کەمتر دەنووسیت:

(رۆژی 1)
ئەی بی وایت، نووسەری ناسراو و ئیدیتۆر لەرۆژنامەی (نیۆرکەر) لەکاتی وەرگرتنی میدالیای نیشتیمانیی بۆ ئەدەبدا: “چەند ئاسانە کە نووسەر ئازایەتییەکەی دەسخەڕۆی دەکات. من سەرسامی هەر کەسێکم بوێریی هەبێت و هەر شتێک بنووسێت.” لە رۆژی یەکەمی نووسینی رۆمانەکەتدا، پەیمان بە خۆت بدە کە هەتا کۆتایی تەواوی دەکەیت. ئەمە شتێکی یەکلاکەرەوەیە، بەبێ ئەم پابەندییە، باشتر وایە قەڵەم و وەرقەت لەبەردەستا بێت. لە بیرت بێت، هەتا ئەتوانیت بنووسە. ئەمەی کە نووسەرەکان دەیکەن، ئەنووسن. 

رۆژی 2
کاتێکی دیاریکراو بۆ نووسین دیاریبکە. ئەمە زۆر گرنگە، چونکە بە درێژایی ئەو ماوەیەی رۆمانێک دەنووسیت، رەنگە هەست بە لەدەستدانی پەرۆشی و بێزاری و تووڕەیی بکەیت، یان لە هەموو مەسەلەکە بێزار بیت. هەر کاتێک ئەم هەستەت کرد پێویستیت بە ریتمێکی دیاریکراو دەبێت، بۆ ئەوەی بەردەوامی بە نووسین بدەیت.  هەندێجار پێویستت بەوە دەبێت کاتەکانی نووسین بگۆڕیت، بۆ ئەوەی پێویستییەکانی تری ژیانت چارەسەر بکەیت، بەڵام هەوڵبدە کاتەکانی نووسینت بەپێی توانا(کۆنستانت) رێکوپێک بێت. 

 مەبەستمان لە کاتی دیاریکراو چییە؟
بۆ نموونە دوو سەعات هەموو بەیانییەک، دوو سەعاتی تریش ئێواران و هەشت سەعات لە هەموو کۆتایی هەفتەیەک. خۆت بڕیار بدە هەفتانە چەند سەعات بە نووسین بەسەر دەبەیت و پابەندی بە.. زۆر لە رۆماننووسەکان، کاتێک کە خشتەیەکی نووسین بۆ خۆیان دادەنێن و پابەندی نابن، خۆیان دەسخەڕۆ دەکەن. بەڵام تۆ واقیعبینانە خشتەکەدانێ و لێی لامەدە. 

رۆژی 3
هەفتەی یەکەم، ئەو چیرۆکە جێگیر بکە کە دەتەوێت بینووسیت، هەڵبەتە هێشتا ئیشت لەسەر هەموو وردەکارییەکان نەکردووە، بەڵام ئەمڕۆ دەست بە چارەسەرکردنی دەکەیت. پشتگوێی مەخە، پشتگوێخستن دووژمنتە. ماتیسی وێنەکێشی بەناوبانگ، ئامۆژگاریی قوتابییەکانی دەکرد دەیگوت: “ئەگەر بتەوێت ببیتە وێنەکێش، دەبێت لەقسەکردن بووەستیت” ئێستا کاتی ئەوە هاتووە تۆش لە قسەکردن لەبارەی رۆمانەکەتەوە بووەستیت و دەستبکەیت بە پلاندانان بۆی.

رۆژی 4
جۆری ئەو رۆمانە چییە کە سەرسامیت؟ ئەو شتە چییە کە ئیلهامت بۆ دەهێنێت؟ مەتەڵی تاوانێکی کوشتن، یان خەیاڵێکی زانستی، یان چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش و وروژێنەر، یان حیکایەتێکی سۆزداری، یاخود نووسینێکی ئەدەبیی گشتی؟ زۆر کەس ئەلیس مۆنرۆ بە باشترین نووسەری کورتە چیرۆک لە زمانی ئینگلیزیدا دادەنێن، فرۆشی کتێبەکانی دەگاتە 30 هەزار دانە، لەو ژنە نووسەرانەیە، کە ئەدیبەکانی تر زۆر سەرسامی تەکنیکی نووسین و وەسفکردنین، هەروەک چیرۆکەکانی ناسراون بەوەی پێکهاتەیەکی ئاڵۆزیان هەیە. بەپێی زۆرێک لە نووسەرەکان، نموونەیی چیرۆک لای ئالیس مۆنرۆ رەنگە لەو خاڵەوە دەست پێبکات کە کۆتاییەکی گونجاوی هەیە، ئینجا بەرەو چرکەیەک دوای دە ساڵ، باز دەدات و دیسانەوە دەگەڕێتەوە. بەڵام گرنگترین خاڵ کە ئەلیس مۆنرۆ - کە لە شارۆچکەیەکی بچووکی خوارووی کەنەدا دەژی - جیادەکاتەوە ئەوەیە، چیرۆکەکانی بەدەوری خەڵکە ئاساییەکانەوە دەسوڕینەوە، نهێنییەکانیان، یادەوەرییەکانیان، پەرۆشییە جنسییەکانیان. 
با ئەوەی دەینووسیت لە دەوروبەرت رووی دابێت، ئەوەی دەیزانیت و بایەخی پێدەدەیت.  


* ئەم کتێبەی (جۆن کوین) کە لەسەر تەکنیک و شێوازی رۆماننووسین، تایبەتمەندیی زۆری بۆ نووسەران هەیە، کتێبێکی یەکجار بایەخدارە. هاوڕێ و هاوکارمان خاتوو ڤینۆس فایەق کردوویەتی بە کوردیی و بە چەند بەشێک لە “کولتووری زەمەن” بڵاویدەکەینەوە.

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٢ ی پاشکۆی کولتووری زەمەن بڵاوکراوەتەوە



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن