2021 کەلتور

خۆم دەکوژم

05:27 - 18/11/2019

*ئەبوتاڵیب موزەفەری
شاعیری ئەفغانی
و: دلاوەر قەرەداغی



ئازیزەکەم،
لە دوایین ئیمەیڵتدا نووسیووتە
ئەم ڕۆژانە لە سنووری یۆنانیت
گوتووتە لەگەڵ کەشتییەوانانی سەرخۆشدا
چەنە ئەدەی،
لە قاچاخچییانی مرۆڤ ئەپاڕێیتەوە،
هەر هەموو ناز و عیشوە ژنانەکانت هەڕاج ئەکەی
تا هەرچی زووتر لە ڕەشاییەک کە ناوی نیشتمانە
دوور و دوورترت بخەنەوە...
نووسیوتە لە بارەی چزووی ژەهراوی هاوسەفەرەکانمەوە شیعرێ بڵێ،
ئێستا نازانم بیر لە تۆ بکەمەوە
یان لە برینە هەوکردووەکانی کابوڵ
ئەو کرمانەی کە بە ئەژنۆمدا هەڵدەگەڕێن
دەیانەوێ جەستەم داگیر بکەن
لە لاشەیەک ئەچم کە لەوەدایە دابڕزێ،
لاشەیەک کە قەبرهەڵکەنان
مێژووی ناشتنەکەیان بە هەڵە نووسیبێ
تۆ موسافیری ناچاری باگەلی غەریب
منیش مەخڵوقی ناچاری سەرزەمینێکی غەریب
لێرە غەریب، لەوێ غەریب
وەک بڵێی دونیا چیدی نەیبێ بڕستی خەڵکانێکی
وەک ئێمە غەریب،
کە با هەر گەڵایەکمان دەبا بە لایەکا.
*
ئازیزەکەم
سێ مانگە لە کابووسەکانمدا پێ بەسەر مشکدا دەنێم
لە خەوما شارەکەم لەسەر شارەمێروولە ڕۆنراوە
بەردەوام تەقەوڕەقەی پاچ و خاکەناز و چەکووش
دێتە گوێم
بە دوای جێگەیەک لە مێشکمدا ئەگەڕێن،
چاڵهەڵکەنێکی گوماناوییان
لە قووڵایی بوونمدا چاندووە،
ڕۆژانە غەریب... غەریب
بە شەقامەکانی دارولئەمان و
کوچە و کۆڵانەکانی ‘دەشتی بەرچی*
بە دوای کونی مشکانی کرۆژەردا ئەگەڕێم
بەو نزیکانەیش، هەر لەم ڕۆژانەدا
بە تۆمەتی خۆکوژیی دەستگیر ئەکرێم،
ئەڵێن: تۆ شاعیری، لە ئێرانەوە هاتووی،
وشەی بێگانەت بەسەر زارەوەیە
پێم ئەڵێن: پسپۆڕانی زوبان
لە سەد بەرەوژوور خەوشیان لە زوبانەکەتدا
دەستنیشان کردووە
گوێیان لێت بووە بە ‘لیسە*’ ت گوتووە ‘دەبیرستان*’ و
بە کولتوورت گوتووە فەرهەنگ و
بە بەرچاوی خەڵکەوە
سەوای چڵەنێرگز، بۆنی گوڵەباخی کێوی و
ئاوازی کەناریت لە دوکاندارێ کردووە.
ئازیزەکەم ڕاست گوتن، خۆشە
جا چ لە زوبانی ‘گۆنتەرگراس’ ی شاعیرەوە بێ
کە لە هەژموونی دونیای یەکگرتوودا،
بەرگری لە ئێران ئەکا و
ئیسرائیل وەک یەکەم مەترسی لەسەر جیهان ئەناسێ
یان لە زوبانی وشکەفرۆشێکەوە
لە ‘کوی توللاب*’ ی مەشهەد،
کە هەموو ڕۆژێ مارکەی شمەکەکانی ئاڵوگۆڕ ئەکا.
ئازایەتی باشە
جا چ لە پێگەی سەرۆک کۆمار ئەحمەدی نەژاد دا بیت
یان لە پێگەی کارمەندێکی پلە نزم لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری بیانییان،
کە ڕووبەڕوو پێت ئەڵێ:
ئەی ئەفغانیی، بۆ وڵاتەکەت بگەڕێوە!
قسەی ڕاست، هەمووان شایستەی گوتنین
لە هەر هەموو کەس شایستەتر.. شاعیران.
بمبوورە ئازیزەکەم،
کە عەشقی خۆمم وەک سکێکی ناشەرعی حەشار دا
دەبوو نەترسم و
بەر لە سەفەری ناچارییت،
ڕازی چاوانتم بەرهەڵدا کردبا دەبوو پێم گوتبای،
کە سوپاکانی دونیای مۆدێرن نەهاتوون
تا کێڵگەکانی تریاک لە نیشتمانەکەی ئێمەدا وێران بکەن و لە جێگەیاندا گوڵەزافەران بڕوێنن
لێگەڕێ بێ پەردە بڵێم،
ژنانی کۆڵان و منداڵانی دێوەرەی کابوڵییش ئەزانن،
کە ئەمریکا هەموو ئەو ساڵانە
بە دوای حەشارگەکەی ‘بن لادن’ دا نەگەڕاوە،
کە ‘مەلا عومەر’ هەموو شەوانێکی هەینی
لە مینبەری تەلەفزیۆنەکانی نیشتمانییەوە
خوتبەی داوە...
*
ئازیزەکەم، چیدی نە لە گەروومدا گۆرانیی و
نە لە چاوانیشمدا ڕەنگ ماوە
ئەوان بوونم دەتەقێننەوە
وەک بتەکانی بامیان
شیعرەکانم بە تاڵان ئەبەن
وەک تابلۆبەردینەکانی گۆڕستانی جلکشۆرخانەی هەڕات
یەک یەک وشەکانم ئەدزن
وەک تاکی دەروازەکەی مەزارگەی ناسر خوسرەو لە بەدەخشان...
ئەیدزن، وەک لایلایەکەی دایکم
وەک نەوای شانامەخوێنییەکەی باوکم
وەک ئەفسانەکانی وڵاتم
ئەی گوایە زوبان ماڵی بوون نییە؟
ئێمە ئەمانگوت: جیهاد،
ئەوان زەبروزەنگیان لە بری دائەنا
ئێمە ئەمانگوت: موجاهید،
ئەوان جەنگسالاریان لە بری دائەنا
ئێمە ئەڵێین: وزەی ئەتۆمی،
ئەوان بە بۆمبی ئەتۆمی لێکی ئەدەنەوە
ئێمە ئەڵێین: کەنداوی فارس،
ئەوان ئەڵێن شەتولعەرەب
ئێمە ئەڵێین ..... ئەوان ئەیکەنە ‘فارسیی دەری’
بەم نزیکانەیش، هەر لەم ڕۆژانەدا
کەسێک لە ئاساییشەوە دێ
لەگەڵ خۆیدا بۆ تەوقیفخانەکەی ‘بەگرام’ م ئەبا
بە تۆمەتی خۆکوژی بە وشەگەلی ‘فارسیی دەری’
دەفتەرچەی شیعرەکانمم لێ ئەسەنن
ئەڵێن تیایدا نووسیومە: بەڵخ
نووسیومە: شیراز، نووسیومە: مەولانا
نووسیومە: شەمس
ئەڵێن خەریکم خۆکوژیی ئەکەم
بە پشتوێنێکی بۆمبڕێژکراو بە وشە،
بە بۆمبی قافیە و ڕەدیف،
بە توخمگەلێ لە شیعر و لە چیرۆک
ئەڵێن دوور نییە بە لۆرییەک شیعرەوە،
خۆم بە وەزارەتی فەرهەنگدا نەتەقێنمەوە!
دەی لێگەڕێ ئازیزم، بمببورە کە لە تۆ غافڵم و
غەزەلی عاشقانەت بۆ نانووسم
شیعر و گۆرانیم بیرچوونەتەوە
دەمم خوێناوییە، کوا مرۆڤ بە دەم‌وپلی خوێناوییەوە
شیعری عاشقانەی گوتووە
بیستوومە کەشتییەک لە کەنارەکانی ئوستورالیا
تێکوپێک شکاوە و غەرق بووە.
*
ئازیزەکەم
باسی نیشتمان مەکە، نیشتمانی چیی،
مشک نیشتمانەکەی ئێمەی کرۆژتووە
دڵنیات دەکەم،
چەند خڕکەبەردێک ڕۆ بکەرە سەتڵێکی تەنەکەوە و
ڕایوەشێنە،
بۆ خۆی دەبێتە ئەفغانستان
چیدی ئەم درەختە پیرۆزە کەڵکی هیچی نییە،
مۆرانە کلۆری کردووە!


پەراوێزی وەرگێڕ:
• فارسی دەری: فارسیی نوێ، فارسیی ڕۆژهەڵاتی یان فارسیی ئەفغانی، شێوەزارێکی زوبانی فارسییە، کە لە ئەفغانستان پێی دەپەیڤرێ و ناوی یەکێکە لە دوو زوبانە فەرمییەکەی ئەفغانستان، کە ئەوانیش ‘پشتۆ’ و ‘دەری’ ن.
• بەگرام: شارێکی دێرینە لە ویلایەتی ‘پەروان’ ی ئەفغانستان و زیندانی ‘بەگرام’ ی لێیە.
• بەدەخشان: ویلایەتێکە لە 34 ویلایەتەکەی ئەفغانستان.
• لیسە: بە شێوەزاری دەری واتە قوتابخانەی ناوەندی.
• دەبیرستان: بە زوبانی فارسی واتە قوتابخانەی ناوەندی.
• دەشتی بەرچی: بەشی خۆرئاوای شاری کابول، بە هۆی کۆچ و کۆڕەوە یەک لەدوای یەکەکانی خەڵکی ئەفغانستانەوە ئەو ناوچەیە بووەتە یەکێ لە هەرە قەرەباڵخترین ناوچەکانی کابول و زیاتر لە ملیۆنێ کەسی لێ نیشتەجێن.
*بەڵخ: شارێکی بچووکە لە ویلایەتی بەڵخ کە ٢٢ کیلۆمەتر لە شاری ‘مەزارشەریف’ ی پایتەختی ویلایەتەکەوە دوورە، بەڵخ زێدی لەدایکبوونی (مەولانا جەلالەدینی رۆمیی)ە و دەشگوترێ رووفاتی (ئیمامی عەلی)دوای سەدەیەک لە بەخاکسپاردنی، بە نهێنیی لە (نەجەف)ەوە هێنراوە و لەوێ بە خاک سپێردراوە.
*کوی توڵڵاب: ناوچەیەکی پەراوێز و هەژارنشینی شاری مەشهەد.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن