790 دیمانە

دابان محەمەد: گومانم هەیە مەلەفی نەوت لای حکومەت بێت

04:52 - 08/11/2019

"زەمەن"

دابان محەمەد، ئەندامى لیژنەى دەسپاکى پەرلەمان، ئاشکرای دەکات لە دابینکردنى خزمەتگوزارى شوقەو خانووى پەرلەمانتاراندا 400 ملیۆن دینار بەهەدەر دراوەو سەرۆکایەتى پەرلەمان دەیەوێت بە سوڵحى عەشایەرى یەکلایبکاتەوە.

دابان محەمەد لە چاوپێکەوتنێکى “زەمەن”دا ئاماژە بەوە دەکات گەندەڵى لە هەرێمى کوردستاندا گەیشتووەتە ترۆپک و بەرپرسانى باڵاى حکومەتیش بەشدارن تێیدا. هاوکات ئاشکراشیکرد دەستەی دەستپاکى بووە بە نەزیفى گەندەڵى و دەستەیەکى زیادە، لەوبارەیەوە دەڵێت “دەستەی دەستپاکى بارگرانییەکى زۆرەو خەرجیەکانى زیاترن لەو پارەیەى دەیگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت”.


لەبارەی پرۆسەی چاکسازیەوە کە بنەمای رێککەوتنی گۆڕان و پارتی بوون بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت: “خەڵک و حزبەکان چاوەڕێی چاکسازیان دەکرد، بەڵام چاکسازى نەکردن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کێشەو قەرزە کەڵەکەبووانەى کابینەکانى پێشوو، کابینەى هەشتەم گەندەڵى و بەهەدەردانێکى زۆرى کردووەو چارەسەرکردنیان بە مانگء دوو مانگ و سێ مانگ ئاسان نییە”، هەروەها دەڵێت: “ئەم حکومەتە نیەتى هەیە بەگژ گەندەڵیدا بچێتەوە، بەڵام بەم ئالیەتەى ئێستا کەمێک زەحمەتە.”


دابان وتیشی: “ئەم حکومەتە تائێستا ئەو جورئەتەى بۆ دروست نەبووە، کە بتوانێت لێپرسینەوە بکات، دەیان مەلەفى گەندەڵى و بەهەدەردان هەیە دەیان کەیسى قورس هەیە تائێستا نەتوانراوە ئیجرائات بکرێت، ئەو دەزگایانەى خۆیان ئەرکیان لێپرسینەوەو چاودێرییە خۆیان بوونەتە بەشێک لە گەندەڵى”. پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەستەى نەزاهە و پەرلەمانى کوردستان بەنمونە دەهێنێتەوە، وەکو دوو دامەزراوەی گرنگ کە رۆڵیان هەبووە لە بەهەدەردانی پارەدا، لەوبارەیەوە دەڵێت: “پەرلەمان لەسەرەتاى دەستبەکاربوونیەوە نزیکەى ملیارێک دینارى خەرجکردووە، لەو بڕە گومان لەسەر ئەوە هەیە کە 400 ملیۆن دینارى بە هەدەر دراوە، پارەکە بۆ خزمەتگوزارى شوقەو خانووى پەرلەمانتاران خەرجکراوە، 111 شوقەو خانووى پەرلەمانتاران هەیە نزیکەى ملیارێکیان بۆ خەرجکراوە، واتە هەریەکەیان دەبێت دەفتەرێک دۆلاریان بۆ خەرجکرا بێت، لەکاتێکدا پەرلەمانتار هەیە ملیۆن و نیوێکى بۆ خەرجکراوە، دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان ئەم مەلەفەى لاى خۆى هێشتووەتەوە، ئێمە چەند جارێک داوامان کردووە بنێردرێت بۆ داواکارى گشتى، بەڵام دیارە نیەتى سوڵحى عەشایەرییان هەیە لەناو پەرلەماندا ئێمە رێگە بەوە نادەین”.


لەبارەی دەستەی دەستپاکیشەوە، دابان محەمەد دەڵێت: “ئەم دەستەیە لەبرى ئەوەى ببێتە دەستەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى و کەیسەکانى گەندەڵى رەوانەى دادگا بکات، بەڵام تواناى لێپرسینەوەى نیەو ماوەکەشى بەسەرچووە، جگە لەوەش خەرجییەکانى ئەم دەستەیە زیاترە لەو پارەیەى گەڕاندویەتیەوە، ئینجا تواناى ئاشکراکردنى ناوى ئەو کەسانەى نیە گەندەڵى دەکەن و سزادەدرێن، هیچ لایەنێک ناتوانێت رێگرى بکات لەم دەستەیە ناوى گەندەڵکاران نەک بۆ رایگشتى بەڵکو بۆ پەرلەمانیش ئاشکرابکات”. 


هەر لەبارەی دەستەی نەزاهەوە دابان دەڵێت: “ئەم دەستەیە بووە بە نەزیفى گەندەڵى‌و دەستەیەکى زیادەو بارگرانییەکى زۆر، لە دانیشتنێکى لەگەڵ پەرلەمانتاراندا، حاکم ئەحمەد سەرۆکی دەستەکە، ئەم قسانەم بە روون و راشکاوى کرد، ئەویش وتى سەد لە سەد لەگەڵتم، خۆشى دانى بە دەیان کەموکوڕى دەستەکەدا نا”.


دەربارەی کەیسەکانی گەندەڵی کەسانى پلە باڵاى حکومەت لە کابینەکانى پێشوودا پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەڵێت: “بۆ ئەم کابینەیە ئێستا ئێمە چاودێریین، بەڵام لە کابینەى پێشوودا تەنیا لەبەر وشەى لێخۆشبوون لە ترۆپکى دەسەڵاتدا ملیۆنێک دۆلار بە هەدەر دراوە، کەسى پلە باڵاى حکومەت هەبووە لە رێگەى دەیان ملیۆن دۆلار چەکى پارەى سپى کردووەتەوە، دەیان هەزار دۆنم زەوى لە رێگەى موساتەحە دراون بە خەڵک”.


بە بڕووای دابان محەمەد، گەندەڵی لە کەرتی دەرمان و نەوتدا هەموو سنورەکانی تێپەڕاندووە، لەوبارەیەوە دەڵێت: “نەوت مەلەفێکى سیاسیەو من گومانم هەیە لە دەستى حکومەتى هەرێمشدا مابێتەوە، چونکە کۆمەڵێک گرێبەست لە کابینەکانى پێشوودا کراون کە وادەکەن ئیتر حکومەت ساحێبى نەوت نەبێت، بەشێکى رێکنەکەوتنى هەرێمیش لەگەڵ بەغدا ئەوەیە کە کۆنترۆڵى سەدا سەدى نەوتەکەى لە دەستى خۆیدا نیە، مەسەلەى نەوت واى لێهاتووە لێکۆڵینەوە کردن لە ئاستى ئەنجومەنى وەزیرانیشدا کارێکى قورس بێت، پەرلەمانیش تائێستا هیچ جموجوڵێکی نەکردووە”. 


هەرچی پەیوەندی بە دەرمانیشەوە هەیە، ناوبراو رونی دەکاتەوە کە ئاشکرایە بازرگانى دەرمان هەیەو لە سنورى پارتى بەرپرسى گەورەى ئەو حزبەی لەپشتەوەیەو لە سنورى یەکێتیش بەهەمانشێوە”، دابان دەڵێت: “لەم رۆژانەدا کەیسێکمان بەدەست گەیشتووە ئەویش ئەوەیە ئەو دەرمانانەى کە حکومەتى عێراق دەینێرێت بۆ هەرێم و لەگەڵ ئەو دەرمانانەى حکومەت دەیانکڕێت بە جۆرێک لە جۆرەکان لە کۆگا لە هەولێر دادەنرێت و تەلەف دەکرێت بۆ ئەوەى ئێکسپایەر بێت، لیژنەى لێکۆڵینەوە پێکهاتووە لەسەر ئەو پرسەو گەیشتوەتە ئەو رادەیە وەزیرى نوێى تەندروستى هەڕەشە بکات و داوایکردووە چاودێرى و لێپرسینەوەکە بوەستێنرێت، هەڕەشەى کردووە کە نابێت ئەم مەلەفە بۆ خەڵک ئاشکرابکرێت، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە چاودێرى دۆخەکە دەکەین”.


لەبارەی ئەو گەندەڵییانەى لە دەستەى وەبەرهێنانیشدا ئەنجامدراون، دابان محەمەد دەڵێت: “لە دواى مەلەفى نەوت، زۆرترین گەندەڵى لە وەبەرهێناندا کراوە، هیچ پرۆژەیەک نیە بەبێ دەستکاریکردنى نەخشەکەى جێبەجێ کرابێت، بەدەگمەن پرۆژەى موساتەحە ماوە کە تاپۆ نەکرابێت، نزیکەى لەسەدا هەشتاى موساتەحە تاپۆکراوە لە هەرێمى کوردستاندا، خەڵک هەیە لە دەستکاریکردنى نەخشەى پرۆژەکەیدا دەیان ملیۆن دۆلار قازانجى کردووەو حکومەتیش کارئاسانى بۆ کردووە، لە یەک سەردانى بەرپرسێک بۆ ناوچەیەک چوار بۆ پێنج پرۆژەى وەبەرهێنان دراون”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن