“نیاز” و نیگەرانی یان “نیاز” و جوانی
10:31 - 07/11/2019
(کامەران سوبحان دەینووسێت)
پێشتر لەسەر (پەستی) وەستاین و گفتوگۆی زۆرمان لەسەر کرد. هێماشم بۆ تایبەتمەندییەکانی شیعری (زەنگی پەستی) کرد لە دیوانە شیعرەکەمدا، دەمەوێ ئەوە روونبکەمەوە بۆ خوێنەران، لای من نیگەرانیی هەروەک لە شیعرەکەدا(زەنگی پەستی) رەنگە کەمێ زیادەڕۆیم تێدا کردبێ، گەر نا، نیگەرانیی خوویەک نییە لەگەڵ مندا هاتبێ لە سەرەتای شیعرنووسینمەوە تا کۆتاییەکانی تەمەن. گەر وابێ، ئەو هەموو شیعرەم بۆ جوانیی ژن و رووخسار و گەردنی بۆ دەنووسی؟ بۆ هێندە سرووشتم دەلاواندەوە؟ بۆ هێندە سەرسامیی جوانی دەبووم؟ بۆ نازناوی شاعیری رۆمانتیکی و شاعیری جوانپەرست و جوانبین و جواننووستان لێدەنام؟ (گۆران گفتوگۆی ئەمجارەمانی بەم قسانە دەستپێکرد.)
*بەڵام لە زۆرێ لە شیعرەکانتا، گوزارشت لە نیگەرانیی و پەستی دەکەیت؟
- لە زۆرێ لە شیعرەکاندا نا، رەنگە لە هەندێ لە شیعرەکانمدا راستتر بێت. خۆشم ئەو هەستەم بۆ دروست بووە، لە بەشی پێشوودا باسی (زەنگی پەستی) مان کرد، پێشتریش باسی(دیدێکی غەمگین)مان کرد، پێش ئەویش باسی (ئازاری کۆتاییەکان)مان کرد. ئێستا من ئەو هەستەم لا دروست بووە، زۆرێ لە خوێنەران، تەنها ئەو دیدە رەشبینی و غەمگینییەی من دەبینن!
(بە دەنگێکی کز و لەسەرخۆ و کەمێ بە نیگەرانییەوە “گۆران” وای وت)(کەمێ بێدەنگی) (خۆی بە دیوانەکەیەوە سەرقاڵکرد. لاپەڕەکانی هەڵدەدایەوەو لەسەر هەندێ لە شیعرەکان وەستا.)
(جوانی بێناو، بۆ کچێکی بێگانە، ئاهەنگێک لەناو ڕان، ئافرەت و جوانی، رەوتێکی خۆرەتاو، ئاواتی دووری، بۆ گەورە کچێک... ) ئەو شیعرانە و زۆر شیعری تریشم، بۆ بەژن و گەردن و جوانیی خانمان نووسیووە.
ئەو شیعرانەی لە کۆمەڵەی یەکەمی دیوانەکەمدا لە “بەهەشت و یادگار”دا بڵاوبوونەتەوە، زۆربەیان لەو ریتمە جوانییەن بۆ خانمان. گۆران وای وت.)
*بەڵام لەو کۆمەڵە شیعرەشدا، شیعری دڵشکان و نیگەرانی و خەمت بەرامبەر بە خانمان دەربڕیووە؟
-راستە نیگەرانی لە هەموو شوێنێکدا هەیە، تەنانەت لەناو ماڵی جوانیشدا!
*لە دیوانی “بەهەشت و یادگار”دا، لەگەڵ ئەوەی هەموو شیعرەکان بۆ باڵا و جوانیی خانمان نووسراوە، بەڵام درێژترین شیعری ئەو دیوانە شیعری(نیاز)ە، لە زۆربەی کۆپلەکانیدا ئازار و خەمێکی قووڵ و نیگەرانی تێدا دەبینرێت. لە سەرەتا و دەستپێکی شیعرەکەدا دەڵێیت:
سەردەمێک بوو دنیای گیانم تاریک و چۆڵ بوو
کام (بەڕۆچکە)ی گەرمە دڵم، چەشنی سەهۆڵ بوو.
درێژە بەو نیگەرانییە دەدەیت، تا چەند کۆپلەیەکی شیعریی. لەم سێ کۆپلەیەشدا بەتەواوەتی من هەست بەو خەمە قووڵەت دەکەم:
نە خەوم خەو، نە خەیاڵم وەک خەیاڵ وا بوو
هەستم وێنەی ئوقیانووسی ژێر رەشەبا بوو
لەشم بێهێز، گیانم بێزار، دڵم غەمگین بوو
هیوام تاریک، مەیتی عەشقم تابووتی ژین بوو!
(بە قووڵی گوێی بۆ راگرتبووم، وەک ئەوەی لەو دێڕە شیعرییانەی خۆی رابمێنێ.. ویستی پرسیارم لێبکات و “گۆران” کەوتە قسەکردن):
- بەڵام شیعرەکە بەو ریتمە بەردەوام نابێ. گرنگە خوێنەر لەگەڵ رووداوەکانی بڕوات. بۆیە وشەی رووداو بەکاردێنم، مەبەستم لە نیگەرانییەکانی خۆمە کە لەو شیعرەدا دەیگێڕمەوە. لە دوای ئەو کۆپلە شیعرانەی تۆ بۆت خوێندمەوە، دیسانەوە، ژن وەک کارەکتەرێکی سەرەکی، جوانی و ئیلهامبەخشی جەستەی شیعرەکە و جەستەی خەیاڵ و دیمەنەکان داگیردەکات!(گۆران وای وت.)
سەرنج لەم چەند کۆپلە شیعرییە بدە، بە دوای ئەو وشانەی کە باس لە تابووتی ژین و هیوا و تاریکی دەکەم، رێڕەوی شیعرەکە بەرەو کوێ دەبەم؟ (کەمێ رامان و بێدەنگیی) خوێنەر نابێ بەو کۆپلانەی سەرەتای شیعرەکە فریو بخوات(گۆران وا باسی ئەم دێڕە شیعرییانە دەکات):
بەڵام ئەی یار، یاری نازدار، شۆڕەژنی شۆخ!
بە لێوی ئاڵ، بە چاوی رەش، چاوی رەشی تۆخ
بە باڵای بەرز، بە ئەندامی نەرم و شل و جوان
رەوتی شیرین، عیشوە و نازی گفتوگۆ و جووڵان
بەم جوانیانە کە زینەتی بەهەشتی دنیان
بەم جوانیانە کە لە تۆدا هەموویان پەیدان
لەو رۆژەوە دیومە سیحری زەردەخەنەی تۆ
دنیای دەروون مەلەکانی هاتوونەوە گۆ
سەرچاوەکەی عومری جوانیم هاتۆتەوە قووڵ
باغچەی ژینم پڕ بۆتەوە لە نەمامی گوڵ!
-بەو ریتمە شیعرەکە بەردەوام دەبێ، پێچەوانەیە لەگەڵ ئەو دیدە غەمگین و پڕ لە نیگەرانییەی کە تۆ ویستت بیبەخشی بە ناسنامەی شیعرەکە.
(گۆران، ئەم دێڕانەی کەمێ بە گاڵتە و لێوبەخەندەوە وت!)
بۆ ئەوەی بەتەواوەتیش دڵنیابیت، دەبێ هەموو شیعرەکە بخوێنیتەوە، بزانی جگە لە جوانی و ئەڤینی ژن، هیچی ترم وتووە؟ ناکرێ بەشێ یان چەند کۆپلە شیعرێ وەرگریت و من لە ئاوێنەی ئەو ساتەوەختە شیعریانەوە بخوێنیتەوە؟ بەم ریتمە درێژە بەو ناونیشانەی تۆ بدەین کە لەسەر ئەو شیعرەی من بەم تایتڵە دەنووسیت: “نیاز” و نیگەرانی، یان “نیاز” و جوانی؟
*لە گفتوگۆی داهاتوودا، درێژە دەدەین بە قسەکردن لەسەر نیگەرانی و جوانی، بەس لە کڵاورۆژنەیەکی ترەوە.
ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٠ ی پاشکۆی کولتووری زەمەن بڵاوکراوەتەوە