دوو کتێبی د. نەوزاد ئەسوەد بڵاودەبێتەوە
10:06 - 15/10/2019
"زەمەن"
- (لە دیمەشقەوە بۆ پاریس) ناوی کتێبێکی نووسەرو رەخنەگری بەناوبانگ “هاشم ساڵح”ە، کە ئۆتۆبایۆگرافیای ژیانی هزریی خۆی نووسیوەتەوەو د. نەوزاد ئەسوەد، بە زمانێکی پاراو کردوویەتی بە کوردی.
هاشم ساڵح لە زمانی گێڕانەوەدا و لە پەرەگرافێکی سەرەتادا دەنووسێت: (هەندێ جار مەسەلەكان بەم شێوەیە دەخەمەڕوو. ماوەی نێوان دیمەشق و پاریس، بە فڕۆكە چوار سەعاتە، بەڵام بە حیسابی زەمەن و پەرەسەندنی مێژوویی، چوار سەدەیە! لەوانەیە ئەمە بۆ ئەمڕۆ لە رووی رواڵەتی ژیانی رۆژانە یان ژیانی ماتریاڵی بەكارهێنراو راست نەبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی گلۆباڵیزم كۆمپانیاكان و سوپەرماركێتە نوێیەكانی بە هەر چوار لای دنیادا بڵاو كردەوە. بەڵام لە رووی ژیانی ئەقڵی و ئایینییەوە، تا ئەندازەیەكی گەورە راستە.
- (کەسایەتیی تاکی عێراقی) کتێبێکی بەناوبانگی ئەکادیمیست و سۆسیۆلۆگی بەناوبانگ عەلی وەردییە، د. نەوزاد ئەسوەد کردوویەتی بە کوردی. ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە بەناوبانگەکانی عەلی وەردی، کە ساڵانێکی زۆر لە ناوەندی ئەکایمیی و رۆشنبیریی عەرەبیدا گفتوگۆی لەسەر دەکرا. ئەم کتێبە خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژیانەیە، بۆ پێکهاتە و بونیادی بیرکردنەوەی تاکی عێراقی لە بەردەم کاریگەرییەکانی ژینگە و ئایین و باری کۆمەڵایەتیدا. رەخنەیەکی قووڵە لەو دوالیزمە بەردەوامەی ناخ و رووخساری تاک، کە هەمیشە لەگەڵیدایە و ناتوانێ بیشارێتەوەو خۆی لێ دەرباز بکات.
کتێبەکە لە بنەڕەتدا خوێندنەوەیەکە بۆ سایکۆلۆژیای تاکی عێراقی، بە دیدێکی کۆمەڵناسیانە. بەتایبەتیش لە دەستنیشانکردنی بوونیادی کەسایەتی تاکدا، کە ئەو سۆسیۆلۆژە پێی وایە “هێز” بوونیادی تاکی مرۆڤ دیاری دەکات. بەو مانایەی بەهێزیی و بێ هێزیی دەتوانێت دەستنیشانی کەسایەتی مرۆڤ بکات نەک بوون و نەبوونی خودی کەسایەتییەکە.
د. نەوزاد ئەسوەد، نووسەرو وەرگێڕێکی پڕ بەرهەمە. جگە لەم کتێبە، خاوەنی کۆمەڵێ کتێبی نووسراوو وەرگێڕانە. زۆربەی کتێبەکانی لە بواری کۆمەڵناسی و ئەدەبی و فەرهەنگی زماندایە. بەدەر لەم کتێبەی عەلی وەردی، ماوەیەک لەمەوبەریش دوو کتێبی تری ئەو کۆمەڵناسەی بەناوی (وانەکانی ژیانم، سۆسیۆلۆژیای مەعریفە) کردووە بە کوردی و بڵاوکرایەوە.
* ئێوارەی شەممە 12/10/2019 لە دەزگای جەمال عیرفان، بە ئامادەبوونی د. نەوزاد ئەسوەد، لە مەراسیمێکدا بە ئیمزای وەرگێڕ ئەم دوو کتێبە بڵاوکرایەوە.