لە ناکاوێک هەژاری دەدۆزمەوە
09:14 - 08/10/2019
نوسینی: فاروق هۆمەر
دەرگای ماڵەوە دەترازێنم و دەچمە دەرێ، دەمی نیوەڕۆیە. لەبەر دەرگە لە خوار و ژوور دەڕوانم، هیچ شتێک سەرنجم راناکێشێ. بەرەو خوارەوە بۆ ئەو شوێنەی ناوی ئاشە رووخاوەکەیە شۆڕدەبمەوە، ئاشێک لێرەدا نابینم، تەنیا دەریچەیێکە لە شەقامێکی باریکەوە بۆ سەر شەقامێکی گەورە. کەمێک لەوێ خۆم دەخڵافێنم و تاوێک دەڕوانمە گەڕەکی گاوران و لەوێ کۆمەڵێک منداڵ دەبینم بەسەر دیوارێکا سەر دەکەونە سەرێ. منیش لە دوویان دەچم و هەر وەک ئەوان بەسەر دیوارەکەدا هەڵدەزنێم. ناو بلۆکەکان هەمووی چاڵ و چۆڵن و دەتوانی ئاسان لێیان سەر بکەوی، ئەگەر تا ئاسمان بلۆک بوایە، من دەمتوانی دەست لە ئاسمانەوە بدەم و بێ ماندووبوونیش بگەڕێمەوە سەر زەمین.
منداڵان بێ تێڕامان و بیرکردنەوە، لاسایی هەموو شتێک دەکەنەوە. خۆم وەک سمۆرەیێک دێتە پێشچاو شوێن هاوڕێکانی بکەوێ. کاتێک دەگەمە سەر دیوار دەشتاییەکی گەورە لە پێش دەمما درێژ بۆتەوە و لە گۆشەیێکی سەرەوەیدا ژورێکی بچکۆلە دەبینم. یەکەمجارە بەو دەشتاییە بزانم کە زۆر لە ماڵی باپیرەمەوە دوور نییە. منداڵان هەموو سەرنجیان لەسەر ئەوێیە و یەک لە دوای یەک خۆیان هەڵدەدەنە خوارێ، منیش لە دوویان دەڕۆم. هەر تەواو وەکو سمۆرەیێک بازێک دەدەم و کەمێک هەڵدەقونێمەوە. من ئێستا لەنێو دەشتاییەکی گەورەدام، هەرچوارلای بە دیواری بلۆک هەڵچنراوە. ئێرە دونیایێکی دییە، پێیدەڵێن کەلاوە، دونیایێک لەوە دەکات خاوەنی نەبێت. منداڵان هەموو بەرەو ژوورەکە دەڕۆن و منیش لە دواوە شوێنیان کەوتووم. کەسیان هیچ ناڵێن و هەر وەک ئەوەی بۆ دۆزینەوەی گەنجینەیێکی تازە دۆزراوە بڕۆن، بێدەنگییەکی کپ و خامۆش هەموویانی داپۆشیوە. من لە پشتەوە تەنیا کەللەی سەریان دەبینم لەسەر شانەکانیان هەڵتۆقیووە، کۆمەڵێک ملی درێژ و باریکی رەشیش لەژێر تیشکی خۆرا، ساف و لووس دەبریسکێنەوە. منداڵەکان زۆر شارەزایانە لەژێر گونیەیەکی لوول کراوەوە کە چمکی خوارەوەی بەرەو سەرەوە هەڵدراوەتەوە و بە بزمارێکەوە رایەڵ کراوە دەڕۆنە ژوورەوە. من ناچمە ژوورێ. لەوێ پاڵ بە دیوارەکەوە دەدەم و لەژێر گوێنی دەمی دەرگاکە دەوەستم و دەڕوانمە ناو ژوورەکە. لە ناوەوە ژنێک خواردن بە دار لێدەنێ، ئاگر لە هەر چوار لاوە مەنجەڵێکی بە ئارەزووی خۆی رەشکردووە. سەری مەنجەڵ واڵایە و دەبینم لەناویا بامێ دەکوڵێت. منداڵان هەموو چوونەتە ژوورێ و ژنەش هەر وەک ئەوەی ئاگای لە ئێمە نەبێ، پشتی لە هەموومانە و سەری بەسەر مەنجەڵەکەدا شۆڕکردۆتەوە. ئەو خەیاڵی لە شوێنێکی دی بوو، شوێنێک کە من نازانم کوێیە. کتومت هەر بەو جۆرەش هەڵسوکەوتی دەکرد کە ئێمە لەوێ نەبین. لە شوێنێکی ژوورەکەش دوو منداڵی بچکۆلە نوستوون. ئەو منداڵانەی لەگەڵ من هاتبوون، هەر لە خۆوە پێدەکەنن. من نازانم ئەوان بە چی پێدەکەنن، بەڵام من هیچ هۆیێک بۆ پێکەنین نابینم. لە شوێنی خۆم راوەستاوم و بە شێنەیی دەڕوانم، هەموو نیگام پڕە لە حەپەسان. ئێرە ژوورێک نییە بۆ ژیان، تەنیا بلۆک لەسەر بلۆک بە خوار و خێچی هەڵچنراون، لە هەندێک شوێنیش کونوکەلەبەری نێوان بلۆکەکان تەواو پڕ نەکراونەتەوە و دەتوانی دەرەوە بە تەواوی ببینی. هیچ شتێک لە ژوورەکەدا نییە، تەنیا خۆڵ و بۆشاییەک لە شوێنێکی بەرزی دیوارەکە، کە بۆ پەنجەرە جێهڵراوە و پەنجەرەیێکیشی تیا نییە. ژنەکە بەرز دەبێتەوە و ئاوڕێک لە ئێمە دەداتەوە، ئەو هیچ ناڵێ و هەر وەکو ئەوەی نەمانبینێ بەرەو گۆشەیێکی تری ژوورەکە دەڕوات و قاپێک هەڵدەگرێت. قاپ کەمێک دۆشاوی تەماتەی تیایە. لەپڕ هەڵایێک لەنێو منداڵەکان پەیدا دەبێت. یەکێک بە سرپەوە دەڵێت:
‘’ مشک’’
‘’ مشک چی ؟’’
‘’ لە سەرەوە کەوتە خوارێ’’
‘’ مشک نەبوو’’
‘’ با مشکە’’
‘’ مشک چی دەکات لێرە’’
من هیچ شتێکم نەبینی. ژنەکە لە شوێنەکەی پێشووی خۆی دادەنیشێت و دۆشاوەکە دەکاتە ناو مەنجەڵەکە، بە کەوچک دۆشاوەکە تێکەڵ دەدات. ئەو بەردەوام خەیاڵی رۆیشتووە و لەوە ناچێ بۆ ساتێکیش لێرە بێت. خۆزگە دەمزانی ئەو خەیاڵی بۆ کوێ چووە و بیر لە چی دەکاتەوە. لەپڕ بەدەم راچڵەکینێکەوە دەوەستێت. لەوە دەکات شتێکی دی بێ. من لەگەڵی کەمێک سەر دەبەمە پێشێ. ژنەکە دەست دەکات بەناو مەنجەڵەکەدا و شتێک بەخێرایی دەردەهێنێت. هەموو منداڵەکان بە سەرسامی لێی ورد دەبنەوە، پێم وانییە ژنەکە بۆ خۆی هیچ سەرسامییەکی پێوە دیار بێت. جۆری دانیشتنەکەی و نەشڵەژانی پێت دەڵێ، ئەو کارە یەکەمجاری نییە رووی دابێت و ئەگەری هەیە زۆر دووبارە بووبێتەوە.
گوێم لێیە یەکێک لە منداڵەکان بە گوێی منداڵێکی دی دا کە تۆزێک لە پێشی منەوە راوەستاوە دەسرپێنێ.
‘’ ئەوە مشکە’’
‘’ باوڕ ناکەم مشک بێت’’
‘’ با، مشکە’’
‘’ مشک چی دەکات لێرە’’
منداڵێکی دی کە بە تەواوی لە ژنەکەوە نزیک بوو، بەدەم ئاوڕدانەوەیێکەوە گوتی:
‘’ مشکە، تەماشای کلکی بکەن چۆن بەرزی کردۆتەوە’’
‘’ مشک هەر لە بامێ دەچێت، هەردووکیان لووسن’’
منداڵێکی دی لەبەردەمی منەوە ئاوڕێک بەرەولام دەداتەوە و بە رووخسارێکی پڕ لە شڵەژاوییەوە دەڵێ’’ ئاخر بامێ کلکی نییە’’
هەموومان پێکەوە تەماشای مشک دەکەین بە دەستی ژنەکەوە لەسەر گەرمی و هاڵاوی مەنجەڵەکە، تەڕایی شلەی بامێی لێ دەچۆڕێتەوە. ژنەکە مشکەکە فڕێدەداتەوە ناو مەنجەڵەکە. ئەویش بۆ خۆی لەگەڵ ئێمەدا تەماشای مشکەکەی دەکرد کە لەناو مەنجەڵەکەدا تەواو کوڵابوو.
‘’ مشکەکە دەخۆن’’ منداڵێک ئەوەی گوت و رای کردە دەرەوە. سەرنجمدا منداڵەکە دەستی کرد بە رشانەوە.
‘’ مشک ناخورێ’’ ئەو منداڵەی کە مشکی لێ بووبوو بە بامێ وای گوت.
منداڵەکان هەموو یەک لە دوای یەک هاتنە دەرێ، ژنەکەش هەر لە شوێنی خۆی دانیشتبوو. لەوە دەچوو هێشتا خەیاڵی هەر لای مشکەکە بێ کە لەناو مەنجەڵەکەدا خەریکبوو دەکوڵا. سەرنجم چووە سەر دوو منداڵەکە، کە لەژێر لێفەیێکی شڕۆڵەدا لەسەر خۆڵەکە خەوتبوون. دەشێ دوو منداڵی بەختەوەر بن بەو پەڕی بێ خەمییەوە تا ئیستا لە خەو هەڵنەساون. هەر هیچ نەبێ ئاگایان لەو مەنجەڵە بامێیە نییە کە دایکیان لە نزیکیانەوە بۆ خوانی نیوەڕۆ بۆیان ئامادە دەکات.
بە هێواشی لەبەردەم دەرگەی ژوورەکە دوور کەوتمەوە و بە دوای منداڵەکاندا چووم.
ئەو منداڵەی کە پێشتر رشابۆوە هەموو سنگی خۆی بە رشانەوە تەڕ کردبوو.
دیار بوو منداڵەکان دەمێک بوو بەو خێزانەیان دەزانی کە لەو ژوورەدا دەژین. رۆژانە و جارجارێک منداڵێکی تازەیان لەگەڵ خۆیان دەهێنا بۆ تەماشاکردنی ئەو خێزانە بەدبەختە.
لەپڕ منداڵێک دەستێکی بۆ خوارەوە بەرز کردەوە و گوتی’’ ئەوە پیاوەکەش هاتەوە’’
هەموو سەرنجمان بۆ ئەو شوێنە چوو، کە منداڵەکە دەستی بۆ رادەکێشا.
لە خوارەوەی کەلاوەکە، کونێکی کەمێک گەورە هەبوو، هێندەی ئەوەی کەسێک بتوانێ لێوەی بێتە ژوورێ. پیاوێک لەوێوە دەرکەوت و بەخێرایی بەرەو ژوورەکە ملی دەنا. من لەخۆوە سەرنجم چووە سەر هەنگاوەکانی، کە چەندێک بە پەلە دەیویست بگاتەوە لای ژن و منداڵەکانی. هەر بەوە دەچوو رابکات. پیاوێکی بچکۆلانەی کورتەباڵا بوو، جامانەیێکی سووری لەسەر بەستبوو، لە لالەوە چمکێکی درێژی جامانەکەی بەسەر شانێکیا شۆربووبۆوە خوارێ و بەدەم رۆیشتنەوە کەمێک بەرز دەبۆوە و کەمێکیش دەکەوتەوە خوارێ.
“هەموو رۆژێک بۆ نانی نیوەڕۆ دەگەڕێتەوە”
یەکێک لە منداڵەکان، کە پێدەچوو لە هەموویان زیاتر دەربارەی ئەو ماڵە شارەزا بێت، بۆ منداڵێکی دی قسەی دەکرد کە دیاربوو بە هەموو هێنابوویان خێزانەکەی نیشان بدەن. ئەو منداڵە تازەیە بە میوانی لە گەڕەکێکی دییەوە بۆ ئێرە هاتبوو، هەموو منداڵەکان بە بایەخەوە لێیان دەڕوانی. منداڵە تازەکە گوتی: “لەوە ناکات خەڵکی ئێرە بن؟”
من لە هەموو منداڵەکان بچکۆلەتر بووم و هەر بە تەنیا گوێم لێ گرتبوون.
‘’باوکم دەڵێ، لە کوردستانی ئێرانەوە هاتوون’’
یەکەمجارم بوو کوردستانی ئێران ببیستم. دەبێ کوردستانی ئێران لەکوێ بێت؟ تۆ بڵێی من چووبم بۆ ئەوێ.
‘’کابرا لێرە لە سابوونکەران شاگرد پینەچییە، کار بۆ کابرایێک دەکات باوکم دەیناسێ’’
‘’کابرایێکی هەژارە، بەڵام دەیەوێت بە رەنجی شانی خۆی بژی’’
منداڵە تازەکە گوتی’’ ئی بۆ هاتوون بۆ ئێرە’’
‘’باوکم دەڵێ، ئەو کابرایە شەیدای مستەفا بارزانی بووە. خێزانەکەی هێناوە بۆ سلێمانی، لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بە ئازادی بژین’’
من یەکەمجارە مستەفا بارزانی بناسم، نازانم بارزانی کێیە، بەڵام لەوە دەکات پیاوێکی گەورە بێت. هەوڵدەدەم ناوەکەی لە ئەندێشەمدا هەڵبکۆڵم و لە بیرم نەچێتەوە، بەڵام دەمێکە ئەوە دەزانم کە من لە سلێمانی دەژیم و سلێمانیش شارێکی جوانە و هەموو خەڵکی خۆشیان دەوێ. ئەو پیاوە پینەچییەش هەر بەخۆشی سلێمانییەوە رووی کردۆتە ئێرە.
من هیشتا بیر لەو خێزانە دەکەمەوە، خێزانێکی هەژار بۆ ژیان لەنێو ئازادییا هاتوون، لە کەلاوەیێکی چۆڵوهۆڵ و پڕ لە مشکا دەژین.
منداڵەکان هەموو بڵاو دەبنەوە و هەر یەکەیان لە شوێنێکەوە خۆی بەدیوارەکەدا هەڵدەزنێ و ئیدی لەبەرچاوم دیار نامێنن. کۆمەڵێک سمۆرە کەمێک پێشتر هەموو لێرەبوون و رۆیشتن. من جارێکی دی سەرێک هەڵدەبڕم و تەماشایێکی ئەو ژوورە دەکەم و دەڕوانم گوێنییەکە دادراوەتەوە و ژوورەکەی بەتەواوی شاردۆتەوە. لەبەرخۆمەوە دەڵێم دیارە دەبێ نانی نیوەڕۆ بخۆن. شلەی بامێ.
دەگەڕێمەوە ماڵێ و هێشتا بیر لە کوردستانی ئێران و مستەفا بارزانی دەکەمەوە. تۆ بڵێی منیش لەژێر دەسەڵاتی مستەفا بارزانیدا بژیم.
شەوێ هەر خەونم بە مستەفا بارزانییەوە دەدی، پیاوێک کە هێشتا نەمدەزانی کێیە. تۆ بڵێی پیاوێکی باشبێ یان خراپ. هەر کاتێک باوکم گەڕایەوە لێی دەپرسم مستەفا بارزانی کێیە؟. رۆژێک و دوان تێپەڕین و من هەر خەیاڵم لای ئەو خێزانەبوو کە منداڵەکان دەیانگوت ماڵێکی هەژارن. من لە دونیایێک دەژیم خەڵکانی هەژاری زۆر لێ دەژین. بە دزی دایکمەوە چوومە سەر ئەو دۆڵابەی پڕی بوو لە خواردن. فەردەیێک برنج لە خوارەوەی دۆڵابەکە بوو، قاپێکم پڕکرد لە برنج و چوومە دەرێ. بە خێرایی دەچمە ئەو کۆڵانەی کە لەوێوە دەتوانی ئاودیوی ژوورەوە بی. دەچمە ناو کەلاوە و بەرەو ژوورەکە بە تاو هەڵدێم و قاپێک برنجیشم لەگەڵ خۆم هێناوە. لە شوێنی خۆم سەرسام دەمێنم. ناو ژوور چۆڵوهۆڵە و کەسی لێ ناژی. من قاپە برنج لە شوێنێکی ژوورەکە جێدەهێڵم و دێمە دەرێ.
تاوێک لە گوێنی دەڕوانم کە هێشتا بە شوێنی خۆیەوە ماوە، بەڵام نازانم ئەوانەی لێرە دەژیان بۆ کوێ چوون. تۆ بڵێی دڵیان لە مستەفا بارزانی نەڕەنجابێ و نە گەڕابێتنەوە بۆ کوردستانی ئێران، یاخود مستەفا بارزانی بانگی کردوون بۆ لای خۆی و ئیستا لەوێ دەژین. من هیچ نازانم، بەڵام دڵنیام رۆژێک لە رۆژان لەناو ئەو کەلاوە چۆڵوهۆڵەدا خێزانێکی هەژار دەژیان و من بە دوو چاوی خۆم لێم روانین، لەو ژنەی هەمیشە خەیاڵی رۆیشتبوو، دڵی لەشوێنێکی دی بوو. ئەو چرکەساتەشم بۆ هەمیشە بیرناچێتەوە کە ژنە کلکی مشکێکی تەڕی بەدەستەوە گرتبوو، نەیدەزانی چی لێبکات.