704 کەلتور

لەبارەی گرنگیی وەرگێڕانەوە

10:37 - 06/10/2019

"جوتیار ژاژڵەیی"

وەرگێڕان ئامرازێک نییە تەنیا بۆ چێژوەرگرتن لە بەرهەمە جیاجیاکانی گەلانی دیکە، بەڵکو هۆکارێکی کاریگەریشە بۆ ناسینی دونیایەک کە مرۆڤ نەیبینیوەو پێی ئاشنا نییە. وەرگێڕ گەشتی زیهنیی بە خوێنەر، بینەر و بیسەرەکانی دەکات‌و دەیانباتە نێو شارو وڵات و کولتوورو زمانی دیکە، بەڵام ئەگەر بتوانێت رێبەرێکی شارەزا بێت، دواتر وەرگرەکانی دەتوانن ئەزموونی گەشتە زیهنییەکەیان وەک ئەزموونی راستەقینە بگێڕنەوەو لێیانەوە فێر ببن. کەواتە دەکرێت بڵێین وەرگێڕان بینینی دونیای نوێ و هۆشیاربووەنەوەیە لە ئاستیاندا، ئەمەیش دروست ئەو شتەیە کە دواتر دەبێتە داینەمۆی بزواندنی بیری مرۆڤ بۆ خەونبینین بە جوانترکردنی دونیاکەی خۆیەوە. وەرگێڕان ئەمەندە گرنگە!
لە سادەترین پێناسەکانی وەرگێڕاندا هاتووە، ئەوەی دەست دەداتە ئەم بوارە دەبێت شارەزاییەکی قووڵی لەو زمانانەدا هەبێت کە وەرگێڕانیان لێوە بۆ دەکات، نەک تەنیا زمانەکان بزانێت و بەس، دیارە ئەم دوانەیش زۆر لە یەکتر جیاوازن. زمانەکان لە ملیۆنان یەکەی بچووک پێکهاتوون، ئەگەر وەرگێڕ لە پڕۆسەی فێربوونی زماندا کاری لەسەر ئەو یەکە بچووکانە - کە هەندێکجار ئامرازێکی پەیوەندیی دوو -پیتی، نیشانەیەکی خاڵبەندی، یان ئیدیۆمێکن - نەکردبێت، ئەوا تێکستی سەرچاوە زۆر بە ئاسانی فریوی دەدات و دەیخاتە هەڵەوە.
بەداخەوە ئێستا لە کوردستاندا، خەریکە ژمارەیەکی زۆر لە وەرگێڕی ناکارامەو تێکستی خراپ - وەرگێڕدراو دێنە/ دەهێنرێنە مەیدانەکەوە، دیارە هۆکاری ئەمەیش تێکەڵکردنی ئەو زمانزانینە سادەیەیە لەگەڵ هەبوونی شارەزاییەکی قووڵ لە زماندا. بۆیە ئێستا هەرچەندە ژمارەی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکان لە بەرزبوونەوەدایە، بەڵام وەرگێڕانی ئێمە لە دۆخێکی باشدا نییە. زمانزانەکان، وەرگێڕان بۆ گەیاندنی پەیامێک بەکارناهێنن کە پەیامی نێو قووڵایی رۆحیانە و ناتوانن بەبێ گەیاندنی ئۆقرە بگرن، بەڵکو لای ئەوان وەرگێڕان ئامرازێکی خێرای پەنجەبۆڕاکێشان و پارەپەیداکردنە. هەربۆیە لەم قۆناغەدا دروستبوونی رەخنەی وەرگێڕان، بەراوردکردنی دەقە وەرگێڕدراوەکان بە دەقی سەرچاوەو نیشاندانی کەموکورتییەکانیان بە خوێنەر، زۆر زیاتر لە خودی کارەکە خزمەت بە فەرهەنگی وەرگێڕانی ئێمە دەکات.!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن