چرا چۆڵی عاشق بووە؟
12:06 - 04/10/2019
"زەمەن"
چرا چۆلی گەنجێکی دانیشتووی شاری رانیەیەو ماوەیەکە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێوەی لایڤ شیعر دەخوێنێتەوە، ئەوەی لەم کچە شاعیرەدا جێی سەرنجە ئەوەیە، کە لە هیچ دەرکەوتنێکیدا وەرەقەو کتێبی بەدەستەوە نابینرێت و شیعرەکان لەبەر دەخوێنێتەوە.
چرا سەبارەت بە هۆکاری شیعرنووسینی بۆ “زەمەن” وتی: “من شیعر بۆ ئارەزووەکانی خۆم دەنووسم، هاوکات بۆ ئەوکەسانەی دەنووسم کە ناتوانن هەستی خۆیان دەرببڕن، بە گشتی شیعر بۆشایی و پێداویستی رۆحی من پڕ دەکاتەوە”.
چرا هیچ هۆکارێک نابینێتەوە بۆ ئەوەی کە بەشێوی لایڤ تێکستەکانی دەخوێنیتەوە، تەنها پێی وایە کە خەڵک بەو شێوەیەو بە دەنگی خۆی باشتر لە شیعرەکانی تێدەگەن و چێژی لێ دەبینن، ئەوەش رەتدەکاتەوە کە عاشق بێت و وتی: “من عاشق نیم، عەشقی من بۆ خودی شیعرەکانمە کە پەیامی یەکسانییان هەڵگرتووە”.
ئەم کیژە شاعیرە لە درێژەی قسەکانیدا بۆ “زەمەن” وتیشی: “مادام من مافم بە خۆم داوە ئازادانە شیعر بنووسم، رازیشم کە خوێنەر ئازادانە بۆچوونی خۆیان بنووسن و لەوبارەوە هیچ هەست بە بێزاری ناکەم.
بە گوتەی چرا چۆلی، مۆرکی نەریتی و ژینگەی شارەکەی بە هۆکارێکی باش و گونجاو دەزانێت بۆ ئەوەی تێکستی باش و ئامانجدار بنووسێت.