مەلا شەهوەتبازەکان و مۆراڵی گشتی
8/25/2019 1:39:00 PM
گۆران هەڵەبجەیی
لە دوای ڕاپەڕینەوە وە بەهۆی خەمساردی دەسەڵاتی کوردیەوە زەمینەیەکی لەبار بۆ ڕەوت و کەسە ئیسلامیە توندڕەوەکان ڕەخسا. بەو هۆیەوە کۆنترۆڵی ژمارەیەک مزگەوت و هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن و تا ڕادەیەک شەقامیشیان کەوتە دەست. هەر یەک لەو مەلاو ڕەوتانە مێشکی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجی کوردیان شووشتەوە و بۆ بەگژاچوونی نەیارەکانیان بەکاریان دەهێنان. ئەو مەلاو بانگخوازانە بەردەوام لە مینبەری مزگەوتەکان و لە سۆشیال میدیاکانەوە، هەروەها لە هەر شوێنێک دەرفەتیان بۆ ڕەخسابێت هێرشیان کردوەتە سەر مۆراڵی گشتی بەهەموو ڕەهەندەکانیەوە، بە ئەقڵیەت و لێکدانەوەی خۆیان و هەندێک جاریش پشتبەستن بە هەندێک دەقی قورئان، پێناسەی مۆراڵیان کردوە. بەجۆرێک لە دەرەوەی ئیمانداری هیچ پانتاییەک نەماوە مرۆڤەکان خۆیانی تیدا نمایش بکەن و هەناسەیەکی ئازادی تێدا هەڵمژن.
ئەمانە خۆیان کردوەتە وەکیلی خوا لەسەر زەمین، وانیشان دەدەن کە کۆی چەمکەکانی ئەخلاق تەنها لای ئەوانە و لەدەرەوەی ئەمان هەموو بزاوتێک جێگەی گومانەو بەشێکە لە بێ ئەخلاقی .هەر بۆیەش کەسێک بیەوێت مۆراڵداربێت و بەشێکی بەر بکەوێت گەرەکە ئەوان پێێ ببەخشن.
هەر شتێک کە مایەی جوانی و خۆشەویستی و کیف و ڕابواردن بێت، یاخود کارێک هزری مرۆڤەکان دەوڵەمەند بکات و مەودای دنیابینیان فراوان بکات یا هەر بزاوتێک کاری بەهرەمەندی تێدا بەدی بکرێت، یاخود چالاکی خانمان و دەرکەوتنیان،کاری ڕووناکبیران، هونەرمەندان، چەپ و ئازادیخوازان، پەیڕەوکەرانی ئاین و ئاینزاکانی دیکە، گۆرانی گووتن، هەڵپەڕکێ، سەیران،گوێگرتن لە موزیک، پۆشینی جلی جوان، بۆن لەخۆدان و میکیاج. مەشروب خواردنەوە وێنەگرتن سەردانی سینەماو پێشەنگا، ناونانی منداڵ بەناوی کوردی و زۆر شتی دیکەش،هەموو ئەمانە دەچنە لیستی حەرامەکانەوە و لەلایەن ئەو جۆرە مەلا و بانگخوازانە دژایەتی دەکرێن و بە پێی شەرع و بەناوی خوداوە حەرامی دەکەن .
سەیر لەوەدایە ئەم مەلا توندڕەوانە لەبری پەیامی خۆشەویستی و لێبووردەیی و چاندنی نەمامی ئاشتی و تۆلەڕانس، بە ناشیرینترین و ناشاستانیترین ڕیگە پەیامەکانیان دەیگەیەنن،ئەویش لەڕێگەی زمانی زبر، هەڕەشە، تەکفیر، جنێو، سوکایەتی و درۆ و بوختانەوە دەیگەیەنن.
ئەمانە لەبەرچاوی میدیا و خەڵکی ئیماندار و گەنجە هەڵخڵەتاوەکانی ژێر دەستیان، وا خۆیان نمایش دەکەن بەوەفاترین (بۆ هاوسەرەکانیان) خاوێنترین، بە ڕەوشتترین،هێمنترین،بەئیمانترین مەخلوقی سەرزەمینن، وەلێ لە ڕاستیدا وا نیە، زۆرێک لەم مەلاو بانگخوازنە لە بێڕەوشتیدا وێنەیان نیە، جا کێشەکە لەوەدایە بڕێک لەم بەدڕەوشتیەیان شاراوەیە و هەوڵیش دەدەن بە نهێنی بمێنێتەوە . مەگەر تەنها ئەو کاتانە دەربکەون کە فەزاحەتێکیان ئاشکرا دەبێت.
تا ئێستا دوو لەمانە لە قافدا گیراون و ڕسوابوون، سەیر لەوەدایە هەردوو مەلا، پێشتر باسی ناشەرعیەت و حەرامی خۆشەویستی دەکەن لە نیوان کچ و کوڕدا،تەنها ئەو خۆشەویستیە بەشەرعی و پاک دەزانن کە بۆ خوایە. کەچی خۆیان لە دەبڕینی خۆشەویستیاندا بۆ عاشقەکانیان هەر یەکەیان دەڵێت، {هیچ خۆشەویستیەک لە دڵمدا نەماوە نیە و هەموو شتیکم لە بیر جووەتەوە تەنها خۆشەیوستی تۆ نەبێت } .ئەوانەی کە خیانەت لە هاوسەرەکانیان دەکەن،هەر یەکەیان گەر چوار یا سێ ژنی نەبیت ئەوە دوانی هەیە، کەچی هەر تێرنابن و لە شەهوەتبازی دەگەڕێن.
تا ئێستا تەڵەکە تەنها ئەم دوانەی پێوە بووە،بێگومانم کە هی تریش هەن هەمان کاریان کردوە، بەڵام تا ئێستا ئاشکرا نەبوون .با چاوەڕێ بین بزانین فیلمی داهاتوو دەربارەی چ بانگخوازێکی تووندڕەو نمایش دەکرێت.
جێگەی خۆیەتی پرسیارێک ئاراستەی شوێنکەوتوانی ئەم مەلا شەهوەتبازانە بکەم،ئایا شەرم ناتانگرێت کە دەبینن ئەو کەسەی کە لە دیدی تۆدا نمونەی ئەخلاق و ئیمانداری و زانایی و پیاوچاکی بووە و بەسەرسامیەوە گوێت بۆ وتار و قسەکانی گرتوە و لەوانەشە هەندێک جار بە کاریگەری قسەکانی گریابیت،ئایا ئێستا تووشی حەپەسان نابیت کە دەبینیت نمونە جوانەکەت کەوتووەتە زەلکاوی خیانەتی زەوجی و بەدرەوشتیەوە؟ تاکەی ئێوە ڕیگە بە خۆتان دەدەن ئەم جۆرە مرۆڤە بێ ڕەوشتانە بە ناوی ئاینەوە گەمە بەهەست و سۆزو ئەقڵتان بکەن و وەک منداڵ بتانگریەنن،کەچی خۆیان تەواو خاڵین لە ئەخلاق؟
ئەم جۆرە مەلاو سومبوڵە ئیسلامیانە کە سەرچاوەی توندووتیژی و بڵاوکردنەوەی ڕوق و کینەن و دژی کایە جوانەکانی ژیانن، گەرەکە هەمیشە زوومیان بخرێتە سەر و چیتر ڕێگەیان پێنەدەن وانەی ئەخلاق بەخەڵک بڵێنەوە لە کاتیکدا کە خۆیان نیانە.