بە ئەلكترۆنی كردن یان ڕوتانەوەی هاوڵاتیان
8/9/2019 8:53:00 PM
هەردی ئەحمەد
شێوازی بە ئەلكترۆنی كردنی هەر دامەزراوە یان فەرمانگە
و وەزارەتێك لەو وڵاتانەی كە كار بەم سیستمە دەكەن بەتایبەت ئەو فەرمانگانەی كە پەیوەست
بە مامەڵەی هاوڵاتیان بریتیە لەوەی كە هاوڵاتیان بێ سەردانیكردنی ئەو دامەزراوەیە
و لە شوێنی كار یان ماڵی خۆیانەوە لە ڕێگەی فۆڕمێكی تایبەت و وێبسایتێكەوە بە شێوەی
ئۆلاین كە گرێدراوە بە ئینتەرنێتەوە ، مامەڵەكانیان پێشكەش دەكەن و ئەو فەرمانگەیەی
كە فۆڕمەكەی بۆ دەنێرن بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی وەڵامی گەیشتنی فۆرمەكە دەداتەوە و
وادەیەك دیاری دەكات بۆ سەردانی كردنی ئەو كەسانەی كە فۆڕمەكەیان پێشكەش كردووە بۆ
تەواوكردنی مامەڵەوە و ئیش و كارەكانیان ، هەموو ئەم پرۆسەیەش لەڕێگەی كۆمپیوتەر و
بەرنامەیەكی تایبەت بە داتابەیسەوە دەكرێت كە پەیوەست كراوە بە سێرڤەرێك و هەموو زانیارییەكان لەو سێرڤەرە زەخیرە(save) دەكرێت بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی.
ئەو شێوازەی ئێستا حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی
دادەوە بڕیاری لەسەرداوە و لە ئایندەدا دەیەوێت لە فەرمانگەكانی دادنوس كاری لەسەر
بكات بەشێكی بریتییە لەو هەنگاوانەی كە لە سەرەوە باس كران بەڵام ئەوەی ئەم شێوازە
لە شێوازە هاوچەرخ و پێشكەوتووەكانی دونیا جیا دەكاتەوە ، پێچەوانە و یەكانگیر نیە
لەو پڕۆسەیەی كە وڵاتانی پێشكەوتوو كاری لەسەر دەكەن ، ئەم شێوازە نوێیە هەمان ئەو
سیستمە كۆن و كلاسیكەیە كە پێشتر هاوڵاتیەكی ئاسایی بۆ ڕایی كردنی مامەڵە و
كاروبارەكانیان پێیدا تێپەڕیون و كاریان بۆ
كراوە چونكە هاوڵاتیان پێش وەخت دەبێت سەردان بكەن و سەرە بگرن ، بە واتایەكی تر ئەم
بڕیارە تەنها پرۆسەی دەستنوسی یاداشت (عەریزە) نوسەكانی گۆڕیوە بۆ ئەلكترۆنی لە ڕێگەی
بەكاهێنانی كۆمپیوتەر و زەخیرەكردنی كۆی ئەو فایلانەی كە بۆ ڕایكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان
ئامادە دەكرێت، ئەمە هەنگاوێكی باشە و دەكرێت پێشوازی لێ بكرێت.
بەڵام ئەوەی دەبوو ئەم سیستمە بەناو نوێیە تێیپەڕێنێت و تێنەپاڕاندووە مەسەلەی كەمكردنەوەی قەرەباڵەخی
و سەرەگرتنی هاوڵاتیانە لەو فەرمانگانەدا ، واتا هاوڵاتیان بۆ ڕایی كردنی مامەڵەكانیان
دەبێت بچنە ئەو فەرمانگانە ، ئەمە جگە لە
بەرزكردنەوەی نرخی بریكارنامەكان بۆ ٢٥ هەزار دینار كە ئەوەش زەختێكی زۆر دەبێت لەسەر
هاوڵاتیان ، لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە بە ئەهلی كردنی سیستمەكەیە كە حكومەت زۆر بە
ئاسانی دەتوانێت خۆی جێبەجێی بكات و كاری لەسەر بكات نەك بیدات بە كۆمپانیایەكی ئەهلی
بۆیە گەر ئەم سیستمە بەگەڕ بخرێ و كاری پێ بكرێت
نەك هەر ناتوانێت خەونی بە ئەلكترۆنی كردنی دام و دەزگانی حكومەت بێنێتە دی بەڵكو
دەبێتە بارگرانیەكی تر وەك هەموو بارگرانیەكانی ڕابردوو و تەنها و تەنها هاوڵاتیان
باجەكەی دەدەن