597وتار

یەكڕیزی وەك تیۆر، كلتوری دەمارگیری و ڕقی سیاسی لە كرداردا

5/20/2021 9:59:00 AM
هەردی ئەحمەد



لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری كورد و تێپەڕینی ٣٠ ساڵ بەسەر حكومڕانی هەرێمی كوردستان، كلتوری شەڕەنگێزی،  دەمارگیری، جەنگی گەرم و ساد زیاتر ڕەنگدانەوەی هەبووە و هەیە بەسەر كەش و ژینگەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، یەكڕیزی و بوونی ئاشتەوایش تا ئاستێكی لاواز و زیاتر لە تیۆر و وتە و لێدوان و نوسراوەكاندا تێنەپەڕیوە


دیدگای لایەنە سیاسیەكان بۆ سیاسەت كردن لە ناوخۆ بە ئەندازەیەك ڕێیكردووە كە هەموو پێوەرەكانی ڕق،  تۆڵە، شكست پێبردن و سڕینەوەی تێپەڕاندووە،  لە ئاستی دەرەوەش سەرباری دەستەبەركردنی دەستكەوتە گرنگەكانی وەك (حوكمی ئوتۆنومی، ناوچەی ئارام، دروستبوونی كیانێكی سەربەخۆ بۆ كوردەكان) لە ڕابردوو، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاوێژی جدی و هاوكاری و هەماهەنگی و پشتیوانی بەردەوام لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئێستادا، بەڵام نیگەرانی جدی دەبینرێت بۆ شێوازی سیاسەت كردن و حوكمداری لە بەڕێوەبردنی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستاندا



نیگەرانیەكان لە ئاستی ناوخۆی كوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕو لە هەڵكشانە، لە ئاستی دەرەوەش بە ئەندازەیەك زۆر بوون كە بەشێك لە وڵاتانی زلهێزی وەك ( ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئەمریكا)  هەڵوێست و نێگەرانیەكانیان بە ڕونی و بێ پەردە بەیان كردووە و بە چەند پاكێجێكی جیا جیا گەیاندویانەتە دەست بەرپرسانی هەرێم، لە هەمان كاتیشدا بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و ئۆفیسی مافی مرۆڤ لە یونامی لە ڕاپۆرتێكی دورودرێژ بە ڕونی تیشكیان خستۆتە سەر بەشێك لە مەترسیەكان لە پاشەكشە و بەگی بەردەوام لە هەڵكشانی پێشیڵكاریەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و ئازادی گشتیەكان لە هەرێم



سەرباری ئەمانەش (جێنین پلاسخارت) نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان/ عێراق، لە دواین لێدوانیدا زۆر ڕاشكاوانە بابەتی كیان و قەوارەی هەرێمی كوردستانی ڕونكردەوە و داهاتویەكی مەترسیداری بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردی خستە ڕوو



ئەم ئاماژانەی سەرەوە شیاوی هەڵویستەی جدین نەك هەر بۆ سیاسیەكان بەڵكو بۆ تەواوی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان،  چونكە بە هەر بارێكدا ساردی و نیگەرانیەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرئەنجامەكەی باجێكی قورسە بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان، وەك چۆن ڕیفڕاندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی لە بار برا و بە زیندووی لە گۆر نرا، چانسی قەوارە و كیانی سەربەخۆش لە گیانەڵا و ڕاگەیاندنی مەرگ نزیك دەبێتەوە


بۆ ئەوەی مەرگی هەتاهەتای ڕانەگەیەنرێت:
١. پێویستە یەكڕیزی و ئاشتەوای ناوخۆی لە تیۆرەوە بكرێت بە كردار.
٢. حیزبەكان لێبوردوانەتر مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ پرسەر چارەنوسازەكان بكەن، لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ وەك تاكە كارتی كاریگەر لە دەرەوەی ڕق و دەمانگیری بەكار بهێنن بۆ چارەسەركردنی گرژیە ناوخۆییە سیاسیەكان لە هەرێم و ئاریشە و كێشە و گرفتەكان لەگەڵ عێراق.
٣. هەوڵی جدی و دەستپێشخەری بەپەلە بدێت لە لایەن ناوەندە ئەكادیمی و دامەزراوەكانی دەرەوەی حیزبەكان بەتایبەت لە لایەن ( زانكۆ و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و میدیا)كان.
٤. پەیپەر و پڕۆژەی گشتگیر و بێ لایەن لەسەر جۆر و شێوازی ئاشتەوای و یەكڕیزی بنوسرێت و ئامادەبكرێت.
٥. سەركردە سیاسیە كوردیەكان جدی تر هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەركردنی دۆخی چەقبەستوی سیاسی و ڕەوینەوەی نیگەرانیەكان لەسەر ئاستی ناوخۆی و دەرەوە.
٦. گروپێكی نیشتیمانی بە نوێنەرایەتی سەرجەم لایەنەكان و ڕێكخراو و كەسایەتی و ئەكادیمیستان و ڕۆشنبیران پێكبهێنرێت، بۆ ڕێگریكردن لە هەر هەوڵێكی تێكدەرانە و شەڕەنگێزانە.
٧. هەوڵێ جدی بدرێت لە كاڵكردنەوە و سڕینەوەی سنور و زۆنەكان.
٨. بە نیشتمانی كردنی سوپا و هێزی یەكگرتوو لە دەرەوەی حیزب ئامادە بكرێن و ڕێكبخرێنەوە.
٩. دامودەزگا نیشتمانیەكان بەتایبەت( پەرلەمان، حكومەت، دادگاكان) دادپەروەرانە و ڕۆڵی بێ لایەنانە بگێڕن لە خزمەتكردنی زیاتری هاوڵاتیانی هەرێم بە یەكسانی و بێ جیاوازی.

لە زامنكردنی هەموو ئەو پێشنیارانەی سەرەوە، كاری داهاتوو ئامادەكردنی دەستوری هەرێمی كوردستان كە لە ئاست پێویستی و تموحی كۆمەڵگادابێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن