“ئێستا کاتی ئاشتی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی تورکیایە با له ده‌ستی نه‌ده‌ین”
7/9/2019 7:41:00 PM
جەمیل بایک
ئه‌م وتاره‌ی جه‌میل بایک ڕۆژی ٣ی ته‌موز له ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆستی ئەمریکا بڵاوبووەته‌وه. به‌لای چاودێرانه‌وه بڵاوکردنه‌وه‌ی وتاری یه‌کێک له سه‌رکرده دیاره‌کانی پارتی کرێکارانی کوردستان له ڕۆژنامه‌یه‌کی گرنگی وه‌کو واشنتۆن پۆست، مانای سیاسی گرنگی هه‌یه. زه‌مه‌ن
ئێمه له ساته‌وه‌ختێکی هه‌ستیاری ململانێی نێوان ده‌وڵه‌تی تورک و کوردداین. ده‌رفه‌تێکمان هه‌یه ئه‌م ناکۆکییه درێژخایه‌نه وه‌رچەرخێنین به‌ره‌و چاره‌سه‌رێکی جێگیر. ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌رفه‌ته لە دەست بدەین، ڕه‌نگبێ تا ماوه‌یه‌کی زۆرتر هەلی ئاوا نه‌یه‌ته پێشەوە.
له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆماری تورکیاوه له ساڵی ١٩٢٣، کورده‌کان خه‌باتیان کردووه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کو هاوڵاتی به ته‌واوی دانیان پێدا بنرێت. بێ‌ژمار شێوازی جیاوازی هه‌ڵاواردن و سه‌رکوتیان ڕوبه‌ڕوکراوه‌ته‌وه. دوای زیاتر له پێنج ده‌یه ڕه‌نجی بێبه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو سیستمی سیاسی‌دا به‌ره‌وپێش بچین، جگه له خه‌باتی چه‌کداریی هیچ ڕێگه‌یه‌کی دیکه‌یان له‌به‌ر ده‌مماندا نه‌هێشته‌وه. پارتی کرێکارانی کوردستان - په‌كه‌که له ساڵی ١٩٧٨ دروست کرا و ساڵی ١٩٨٤ شه‌ڕی گه‌ریلایی هه‌ڵگیرساند. له‌کاتێکدا ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌وڵیدا ناسیونالیزم و ئیسلامی سیاسی بۆ هاڕینی خه‌باتی ئێمه به‌کاربهێنێ، پارته‌که‌مان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه داوای ئازادی بۆ نه‌ته‌وه‌کان و باوه‌ڕه‌کان دەکرد.
ساڵی ١٩٩٩ تورکیا له هه‌ڵمه‌تێکدا به هاوکاری ئەمریکا، عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، سه‌رۆکی پارتی کرێکارانیان له کینیا ده‌ستگیرکرد. ئه‌و حوکمی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ردا درا و له دورگه‌ی ئیمڕاڵی زیندانییه، له جێگایه‌کدا که له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا به تاقی ته‌نیا هه‌ر خۆی له‌و زیندانه‌دا بووه.
ده‌ستگیرکردنی ئۆجه‌لان، هاوکات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵکشانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان -ئەکه‌په به سه‌رۆکایه‌تی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆغان بۆ ده‌سه‌ڵات. ئەردۆغان و پارته‌که‌ی له سه‌ره‌تادا پێیان له‌سه‌ر دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادپه‌روه‌ری داده‌گرت که بووه هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵک پشتگیریان بکات. که‌چی هه‌ر چه‌ند ساڵێک دواتر، کاتێک ده‌رباره‌ی پرسی کورد پرسیاریان له ئەردۆغان کرد وتی: “ئیتر ئه‌و پرسه لە ئارادا نییه.’
به‌ڵام خۆ هه‌ر هه‌بوو و دواجار ئەردۆغان ناچارکرا دانی پێدا بنێ. ئێمه به نیه‌تێکی باشه‌وه چه‌ندان هه‌وڵماندا وتوێژ له‌گه‌ڵ حکومه‌ت ده‌ست پێبکه‌ین، له‌ناویشیدا ئاگربه‌ست. هه‌موو جارێ، وابه‌سته‌یی حکومه‌ت به ئاشتیه‌وه هه‌ر تا ئه‌و جێگایه بڕی ده‌کرد که سوودی سیاسی بۆ خۆی هه‌بووبێ.
ئینجا ساڵی ٢٠١٢ سه‌ره‌ڕای هه‌موو کۆسپه‌کان، په‌که‌که ئاگربه‌ستێکی ڕاگه‌یاند. په‌که‌که هه‌موو ئه‌و سه‌رباز و ئه‌فسه‌رانه‌ی تورکیای ئازادکرد که به دیل گرتبوونی، هه‌روه‌ها هێزه‌کانمان پله به پله له تورکیا کشانده‌وه. ئه‌مه‌ش ڕێگه‌ی بۆ وتووێژه‌کان خۆشکرد.
له ٢٨ ی شوباتی ٢٠١٥ دوای دوو ساڵ دانوستان، نوێنه‌رانی کورد و ده‌وڵه‌تی تورکیا گه‌یشتنه ڕێکه‌وتنێک که گوزارشتی له هیوای هاوبه‌شمان ده‌کرد بۆ ئاشتی. که‌چی کاتێک ئەردۆغان بۆی ده‌رکه‌وت دانوستانه‌کان چیتر سودی بۆ ئاینده‌ی حزبه‌که‌ی نییه له هه‌ڵبژاردندا، جارێکی دیکه شه‌ڕی هه‌ڵبژاردەوە.
یه‌کتربینینه‌کانی نێوان نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌تی تورکیا‌و ئۆجه‌لانی سه‌رۆکمان کۆتای‌یان پێهات. شه‌ڕ به گوڕێکی زۆرتره‌وه ده‌ستیپێکرده‌وه. تانک و فڕۆکه‌ی جه‌نگیی ١٠ شاری کوردیان ته‌ختی زه‌وی کرد. سوپای تورکی بێڕه‌حمانه سه‌دان هاوڵاتی سڤیلی کوشت، له‌ناویشیاندا ژنان، منداڵان و پیران. زۆربه‌ی جاره‌کان، هێزه ئه‌منییه‌کان لاشه‌کانیان نه‌ده‌دایه‌وه خێزان و که‌سوکاریان.
جارێکی دیکه‌ش، ده‌وڵه‌ت هه‌وڵیدا گورزی کوشنده له گه‌لی کورد بدات. ده‌ستگرتن به ده‌سه‌ڵاته‌وه لەڕێی توندڕه‌وی دینی و ڕه‌گه‌زپه‌رستیه‌وه له‌سه‌ر حیسابی دیموکراسی و ژیانی خه‌ڵکی سڤیل، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا پارتی داد و گه‌شه‌پێدان حوکمی پێده‌کات، مه‌ترسیداره نه‌ک هه‌ر به ته‌نیا بۆ کورد به‌ڵکو مه‌ترسیداره بۆ خۆرهه‌لاتی ناوه‌ڕاست و هه‌موو جیهانیش.
ئەردۆغان ئێستا شۆڕشی دیموکراتیکی کورد له سوریا و تێکشکانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (مه‌به‌ستی داعشه و.ک) وه‌ک مه‌ترسی ده‌بینێ بۆ سه‌ر سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت له هه‌مبه‌ر کورد و مه‌یلی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ی خۆی. ڕێکخراوه‌که‌ی ئێمه ده‌یه‌وێت ڕزگاری خه‌ڵکی سوریا و دیموکراتیزه‌بوونی ئه‌و وڵاته ببینێ. کورده‌کان، عه‌ره‌به‌کان و ئاشورییه‌کان له باکووری سوریا، سه‌رخۆبوونی دیموکراتیک که له‌لایه‌ن ئۆجه‌لانه‌وه له زینداندا گه‌شه‌ی پێدراوه، خستوویانه‌ته بواری کردارییه‌وه.
ئێمه‌ش له خستنه‌ڕووی ئه‌و ئاڵنگارییانەدا هەڵه‌مان کردووه. ئێمه دڵسافبووین پێمانوابوو کێشه‌ی کورد به ته‌نیا له‌ڕێی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حزبه‌که‌ی ئەردۆغانەوە چاره‌سه‌ر ده‌بێ. بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و ململانێیه که کێشه‌یه‌کی ئاڵۆز و په‌یوه‌ندیداره به چه‌ندان پرسی تره‌وه، ده‌بوایه بۆ پێککردن و بانگکردنی هێزه دیموکراتیه‌کانی تورکیا بۆ ناو ئه‌و بابه‌ته زۆرتر کار بکه‌ین. به هه‌مان شێوه، ده‌بووایه هێزه دیموکراسیخوازه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان گردوکۆبکه‌ین بۆ به‌شداریکردن له دیموکراتیزه‌کردنی تورکیا و چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد.
بۆ ئه‌وه‌ی هیچ ته‌مومژێک له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نه‌بێ: جارێکی دیکه رایده‌گه‌یه‌نین ئێمه ئاماده‌ین بۆ چاره‌سه‌رێکی سیاسی پرسی کورد به وتوێژ و له‌ناو چووارچێوه‌ی سنووری تورکیادا.
ئه‌وه‌ی پێشتر وتوومانه دووباره‌ی ده‌که‌ینه‌وه: ئۆجه‌لان گه‌وره وتووێژکاری ئێمه‌یه. ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و خاڵانه کۆکین که له دوا په‌یامی ئۆجه‌لاندا هاتووه و پێداده‌گرین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که بۆ گرەنتی ئاگربه‌ستێکی درێژخایه‌ن، توانای ئۆجه‌لان بۆ کارکردن و به‌شدارییه‌کی ئازادانه بۆ ئێمه بابه‌تی ده‌ستبه‌رداربوون نییه. به ڕوون و ڕه‌وان بیڵێین، ئه‌و ده‌بێ له زیندانی ئیمراڵیه‌وه بگوازرێته‌وه بۆ ماڵێکی سه‌لامه‌ت.
پشتگیریکردنی ئامانجه‌کانی ئێمه له به‌رژه‌وه‌ندی جیهاندایه. ته‌نگژه‌ی ئه‌مڕۆی تورکیا له بنه‌ڕه‌تدا ته‌نگژه‌یه‌کی سیاسییه. ته‌نگژه‌یه‌که له مایه‌پووچبوونی سیاسه‌تی یه‌ک سه‌ده‌ی کۆماری تورکیاوه له هه‌مبه‌ر کورد سه‌رچاوه‌ی گرتووه، کێشه‌یه‌ک که له‌ناو ئاڵنگارییه ناوخۆیی و هه‌رێمی و جیهانییه‌کانی تورکیادا خۆی مه‌ڵاسداوه. له‌و باره‌یه‌وه.
تورکیا وه‌ک ده‌رمانی چاوئێشه پێویستی به تێگه‌یشتنێکی تازه هه‌یه له ‘نه‌ته‌وه’ که بوار بدات به ناسنامه‌ی کولتووری و ئیتنی جیاواز. ئه‌و دیدگا تازه‌یه ده‌بێت له سیستمێکی به‌ڕێوه‌بردندا ڕه‌نگبداته‌وه که ئاوێنه‌ی فره‌یی مێژوویی هه‌رێمه‌که‌مانبێ و له چنگی ناوه‌ندگه‌رێتی ئه‌نکەرە ئازادبێ.
به چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد، تورکیا ده‌کرێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت له گه‌شه‌پێدانی ئاشتی، سه‌قامگیری و دیموکراسی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ئێستا تورکیا ئه‌وه ناکات. بۆیه، ئێمه به‌رده‌وامین له خه‌بات بۆ دیموکراتیزه‌کردنی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لەڕێی دیموکراتیزه‌کردنی تورکیاوه.
*یه‌کێکه له پێنج دامه‌زرێنه‌ره‌که‌ی پارتی کرێکارانی کوردستان په‌که‌که