579وتار

تاڵانکردنی موڵکی گشتی لە سلێمانی شارەکەی کردۆتە شارێکی ( نابیست و ناگۆ)

7/22/2024 3:16:00 PM
سان ساراڤان

موڵکی گشتی رۆژ بەرۆژ بەرۆژ لە سلێمانی بە تاڵان دەبرێت، ناوچەی گۆێژە و  و دەشت و پانتاییەکانی ناو شار و موڵکەکانی کەرتی پەروەردەو تەندروستی و شاراوەنییەکان گەواهیدەری ئەم دیاردەیەن کە لەلایەن چەند کەسێکی نەخوێندەوارەوە بوونەتە خاوەن کۆمپانیا و پارتی دەستەڵاتداریش وەک هاوبەش  و شەریک بە نوسراوی فەرمی پاڵپشتیان لێدەکات و پەردەپۆشی ئەم تالانکارییانە دەکات لە ژێر ناوی یاسادا. لە ژێر ناوی بیناسازیی و دروستکردنی ئاپارتماندا هەموو ئەم موڵکانە زەوت دەکرێن و دەبنە سەرچاوەی کەڵەکەبوونی سەرمایە بۆ چەند کەسێک  کە لە بنەرەتدا لە زاراوەی شارنشینی تێناگەن. 

کێشەکە ئەوەیە چیتر خەڵکی سلێمانی خۆی بە خاوەنی سەوزایی و سەرچاوەی ئاوییەکان و شاخ و کووچەو کۆڵانەکان و دەمودەزگاکانی خزمەتگوزاریی و نەخۆشخانەکانە گشتییەکان و بینا و زەویەکانی کەرتی پەروەردە و موڵکی شاروانی و شوێنە کەلەپووری و کەلتووریەکان نازانێت..... بێدەنگییەکی تەواو بالی کێشاوە بەسەر خەڵکدا، خەڵکی شاری سلێمانی کردۆتە شاری( نابیست و ناگۆ) لە ئاست ئەم تاڵانکارییە. 

لە ئێستادا باجی بێدەنگ بوون هێندە قورس کەوتۆتەوە کە هەر دەستدرێژییەک دەکرێتە سەر موڵکی گشتی و پانتایی شارەکە دەستدرێژییە بۆ سەر مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی سلێمانی. شار رۆژ بەدوای رۆژ ڕووتدەکرێتەوەو پانتاییەکانی زەوت دەکرێت کە ئەمانە لە بنەڕەتدا موڵکی هاولاتی و شارنشینیەکانن، ئەم دەستدرێژییە وەک ئەوە وایە  دوورۆژی تر جلەکانیشیان لەبەرداکەنیت و زەوتیانکرد هەر بێدەنگ بمێنیتەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن