دنیای تازە ڕەشەبایە، کوردستانیش دارێکی کلۆر (بەشی یەكەم)
7/8/2023 5:53:00 PM
سەربەست حسێن
دنیا لە لە سەر گۆڕانێکی گەورە دایە. ئەو دنیایەی لە دوای دوهەم جەنگی جهانەوە هاتە کایەوە، وا بەبەرچاومانەوە، دەپوکێتەوە و نامێنێ. بە واتایەکی تر؛ بەم زوانە، چیتر ئەمریکا، تاکە زلهێزی دنیا نامێنێ. چین هاتۆتە مەیدان و ئەو دەبێت بە پێشڕەوی سەدەی ٢١، بە تەنهاش نیە. لەم نوسینە دا، دەمەوێ نیشانی بدەم، چۆن ئەم گۆڕانکاریە هاتە کایەوە؟ هەوێنەکەی چی بوو؟ ئایا ئەمریکا دەتوانێ نەهێڵێ ڕوو بدات؟
ئایا کوردستان، لە کوێی ئەم گۆڕانکاریە دایە؟ ڕۆڵەی کورد و دەسەڵاتەکەی، چی بکەن باشە؟ کاتی خۆی: لە ٥٠٠ ساڵی ڕابردوەوە تا ئەمڕۆ، دنیا ژمارەیەک ئیمپراتۆر و سوپەرپاوەری گەورەی، یەک بەدوا یەکی، بەخۆیەوە بینیوە؛ عوسمانی ١٢٩٩-١٩٢٢, پڕوشیا ١٧٠١ - ١٩١٨، هۆڵەندا ١٥٩٥ - ١٧٩٥, بەریتانیا ( لە ناوەڕاستی سەدەی شانزە٫ تا ناوەڕاستی سەدەی بیست) و ئەمریکا ( ١٨١٥ تا ئەمڕۆ). توێژینەوە دەری خستوە کە، لە پلیکانەی سەرکەوتنی ووڵاتان و بوون بە زلهێز, پێنج پلەی سەرەکیی، بەدی دەکرێت. هەمو زلهێزەکان، بەم پلیکانەیەدا و بە هەمان ڕیزبەند، سەرکەوتون.
بە هەمان ڕیزبەندیش، شۆڕ دەبنەوە. بۆیە، وەک یاسایەکی لێهاتوە. ئەمانەی خوارەوەن: ١. پەروەردە و فێرکردن ٢. داهێنان ٣. بەرهەمهێنان ٤. قەوارە لە بازاڕی جهان دا ٥. توانای سەربازی هەر وڵاتێکی ئاسایی، ئەگەر پلەی یەکەم - پەروەردە و فێرکردن - ، ببڕێ، ئەوا دەبێ بە ڕێخۆشکەر بۆ هەر چوار پلەکانی تر، یەک بە دوای یەک: پەروەردەکردنی نەوەیەکی، هوشیار بە باشترین فێرکردن، نەوەی داهێنانەری لێ دەکەوێتەوە. داهێنان، بەرهەمی کاڵای لێ دەکەوێتەوە.
کاڵا پێویستیی بە بازاڕە - واتە ئابوری - ئابوری گەورەش پێویستیی بە هێزی سەربازیە. ڕیزبەستنی ئەم پێنج فاکتەرە، هێندە زانستی و ڕاستە، دەتوانین وەک بنچینەی پێوەری پێشکەوتویی، هەر وڵات و کۆمەڵگایەک بەکاری بهێنین، لەم ڕێگەیەوە, بزانین ئایا و کەی، وڵاتێک دەبێ بە سوپەرپاوەر. ئەمریکا چۆن بو بە زلهێز؟؛ ئەمریکا - لە ٤/٧/١٧٧٦ - سەربەخۆیی لە بەریتانیا بەدەست هێنا. پڕۆسەیەکی پەروەردە و فیرکردنی دوور و درێژی گرتە بەر؛ ( هەر گوندێک ڕوبەرەکەی لە یەک میل دوجاوە بەرەو سەر بێت، دەبێ لانی کەم خوێندنگەیەکی تێدا بکرێتەوە). ئەمە گوتەی (جۆن ئادامس) ە ، - سەرۆکی ئەمریکا لە ١٧٨٥. لە ساڵی١٨٧٠، ئەمریکا، پلەی خاوەن بەرزترین ڕێژەی خوێندەواریی لە جهادا، بە دەست هێنا. سەرەتا، قەوارەی ئابوریەکەی بچوک بوو، تەنها ٪٣٠ ئەوەی بەریتانیا بوو، کە زلهێزی دنیای ئەوسا بوو.
ساڵی ١٨٩٠، ئەمریکا، بۆ یەکەمجار، گەیشت بە پلەی گەورەترین بەرهەمێنی کاڵا، لە دنیا. ٪٨٠ی کاڵای بازاڕی جیهان ، لە ئەمریکا دروست دەکرا - وەک ئێستای چین -. پێشی بە کاڵای بەریتانیا گرتەوە. بەڵام هێشتا، هێزە سەربازییەکەی ئەمریکا بچوک بوو. - تەنها ٣٠،٠٠٠ سەرباز-، پێنج قات لە هی بەریتانیا کەمتر بوو. ئەمریکا، وڵاتێک بوو، دەریالوشێک لە باقی دنیاوە دوور بوو. هەڕەشەی سەربازیی, لەسەر نەبوو. هێشتا، هیچ شوێنێکیشی لەدەرەوەی سنوورەکانی خۆی، داگیر نەکردبوو. بۆیە پێویستیی بە هێزی سەربازیی گەورە نەبوو. وەک (چین)ی ئەمڕۆ، زۆرترین کاڵای بە نزمترین نرخ دەخستە بازاڕەوە. بەوە،قەوارەی ئەمریکا لە بازاڕی جیهان، و بەرژەوەندیی بازرگانی و ئابووریی، لە دنیا ، زیاد بوو. بۆ هێشتنەوەی بازاڕ و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی، پێویستی بە گەورەکردنی هێزە سەربازییەکەی پەیدا بوو.
لە سەرەتای سەدەی بیست، دەستی کرد بە دامەزراندنی بنکەی سەربازیی هەمیشەیی، لە جیگای جیا جیا، بە جۆرێک کە ئێستا، ٧٥٠ بنکەی سەربازیی هەمیشەیی، لە ٨٠ وڵات دا هەیە. وەک دەبینین، ئەم گەشتەی ئەمریکا، لە وڵاتێکی ژێردەستەی دواکەوتوی دوورەدەستەوە بۆ سوپەرپاوەر، زیاد لە ١٠٠ ساڵی خایاندوە. وا دەبێ بە ١٠٠ ساڵیش سوپەرپاوەرە. بەڵام سوپەرپاوەری، تاسەر، بۆ کەس نەبوە. لەو ماوەیەدا، وڵات و میللەتانی تریش بە پلیکانەکەدا هەنگاویان ناوە. خەریک بوون و ئەنجامی هەبوە. یەکێ لەمانە، وڵاتی چینە. چین لە کوێی پلیکانەکەدایە؟ لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمۆنست لە ساڵی ١٩٤٩، چین وڵاتێکی داڕوخاو بوو.
ڕێژەی هەژاری ٪٨٧،٥ بوو. تەنانەت، دوای سەرکەوتنیش، دەیان ملیۆن هاووڵاتی لە برسا مردن. (ماوتسی دۆنگ), بە پڕۆسەیەکی دوور و درێژ و زەحمەت، پەروەردە و فێرکردنی پەرەپێدا. ناوی نا ( شۆرشی ڕۆشەنبیری). لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ٢٠، سەرۆک ( دێنگ چاوبینگ)، ژمارەیەک ڕیفۆڕمی ئابووریی، دوور لە پرینسیپە کۆمۆنستیەکەی پێشوو، پیادە کرد. لە ٢٠١١، چین وەک ئەندام لە ڕێکخراوی ئاڵوگۆڕی جیهانی، WTO وەرگیرا. بەوە دەستی کرایەوە. توانی، کاڵای هەرزانی خۆی، بە بازاڕە دوور و نزیکەکانی دنیا، بگەیەنێ. لە ٢٠٠٩، ڕێژەی بەرهەمی چین بۆ بازاڕی جهان، بوو بە گەورەترین لە جیهاندا.
لەو کاتەوە قەوارەی بازرگانیەکەی لە جیهاندا، یەکەمە. چەند ساڵێکە، چین، لە ژمارەیەک داهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ. وەک: هۆشیاریی دەستکرد Artificial Intelligence، تێلی کۆمیونیکەیشن، تەکنەلۆژیای زانیاری، لە پلەی یەکەمدایە. چین، زۆربەی کانەکانی کانزا هەرە پێویستەکانی بەرهەمی تەکنەلۆژیای لە دنیا کریوە. وەک دەبینین، وڵاتی چین، نزیکەی ١٠٠ ساڵە، بە هەمان پلیکانەدا سەردەکەوێت. لە پێنج پلەکە، چواری بڕیوە. هەمان ئەو فاکتەرانەی، ئەمریکایان کرد بە سوپەرپاوە، لەمیشا بە ئەنجام گەیشتوون. ماوەتەوە پلەی هێزی سەربازی. لەوە دەچێت ئەمەشی بڕیبێت. بەپێی دەزگای Market Research Future, قەوارەی هێزی دەریایی چین، لە دەریای باشوری چین، دوو هێندەی ئەوەی ئەمریکایە. ئێستا ئەم باڵادەستە.
یەکەمی پێشبڕکێ، چۆن دیاری دەکرێت؟ ئەمڕۆ، ( حوسێن بۆڵت)، خێراترین ڕاکەری جیهانە. چونکە، ١٠٠ مەتری بە ٩،٥٨ چرکە بڕیوە. یەکەمە چونکە، کەس تا ئێستا لەو خێرا تر، ڕاینەکردوە. ئەگەر ڕاکەرێکی تر، بە یەک چرکە، زووتر ١٠٠ مەترەکەی ببڕێ، با حوسێن بشتوانێ بە درێژایی تەمەنی خۆی، بەو خێراییە ڕابکا، ئەو دەبێ بە یەکەم. سوپەرپاوەریەکەی ئەمریکاش، هەر بەم شێوەیەیە. با ١٠٠ ساڵ بێت یەکەمی بێ ڕکابەر بوبێت. با ئەمریکا لە پوکانەوەش دا نەبێت، کە وڵاتێک پەیدا بوو، خوێندەوار تر، بەرهەمهێن تر، داهێنەرتر، ئەو پێشی پێ دەگرێتەوە.
پرسیارە گرنگەکە
ئەمەیە:
ئایا ئەمریکا دەتوانێ
ڕێژەی توانای پێنج پلەکەی پەرە پێ بدا؟ یا
هیچ نەبێ لە پوکانەوە بیانپارێزێ؟
وەڵامی ئەم پرسیارە،
بێ گەڕانەوە بۆ بەڵگە و زانیاری، وەک فاڵگرتنەوە وایە. بۆ ئەوەی توشی فاڵگرتنەوە نەبین،
با جارێکی تر ئەمریکا، بە هەمان پێنج پلەی پلیکانەکە، بە پێوەری ئەمڕۆ هەڵسەنگێنینەوە:
پەروەردە و فێرکردن:
بە پێی پێوەری ڕیزبەندیی بیرکاری و زانست، لە خوێندنگە ناوەندیەکان، لە سەر ئاستی
جیهان، ئەمریکا،. لە دوای چین و ڕوسیا، پلەی سێهەمە. بە پێی سەرژمێری، لە ساڵی
٢٠١٥ وە، ژمارەی داهێنانەکانی چین، لەوەی ئەمریکا، زیاترە. قەوارەی هەناردەی بازاڕی
چین زیاترە. ساڵی ٢٠٢١ ئابووری ئەمریکا ( GDP تێکڕای بەرهەمی خۆجێیی)، بەڕێژەی ٢،٣٪ نزم بوەتەوە، بەڵام، هی چین
٢،٣٪ بەرز بوەتەوە . شارەزایان پێیان وایە،
ئابووریی چین، ئێستا لە هی ئەمریکا، گەورەترە. ئەگەر وردتری بکەینەوە، بەرهەمهێنان،
ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هیتر.. ژمارەکان پێشڕەوی چین نیشان دەدەن. سەرچاوەکانی کۆتایی
ئەم باسە، وردەکاریی ئەم ژمارانەی تێدایە.
بڵندیی چین، ئەمڕۆ
بوە بە واقعێک، ئەمریکا چیتر ناتوانێ پشتگوێی بخات. دەبێ مامەڵەی لەگەڵ دا بکات، چ بە شەڕ، چ بە
ئاشتی.
ئێستا، ناوەڕاستی
،٢٠٢٣ کە ئەم دێڕانەی تیا دەنوسرێ، ئەمریکا، دژ بە چین، لەم بەرانە دا، ، لە گەرمەی
شەڕێکی سەخت دایە: تەکنەلۆژیا؛ ئەمریکا، لە دادگای نێودەوڵەتی، سەدان کەیسی لە دژی
چین، بە تۆمەتی دزینی داهێنانی تەکنەلۆژیا، تۆمارکردوە،. جەنگی ئابووری؛ لە ڕێگەی
بەرز کردنەوەی باج لەسەر هاوردەکردنی کاڵای چین بۆ ناو ئەمریکا. جەنگی دراو؛ لە ڕێگەی
فەڕزکردنی دۆلار لە هەر ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی و بانکی. جەنگی ڕاگەیاندن، مافی مرۆڤ
و زۆری تر. تەنها ماوە بگاتە شەڕی دەستەویەخەی سەربازی. ئەویش دوور نیە.
نەگبەتیی سوپەرپاوەر
بوون، بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ:
بیرمەندی گەورەی
سەردەمی عەباسی، (ئیبن خەلدون ١٣٣٢ - ١٤٠٦)، سەرهەڵدان و نەمانی زلهێز، ئاوا دەچوێنێ,
دەڵێ: بیهێنە بەرچاوت، شارێک هەیە، خەڵکەکەی خەرکی کار و کاسبین، پیشەوەرن،
بازرگانن یا جوتیارن. کێشەکانیان لە ڕێگەی دادگا و ڕیشسپیان چارەسەر دەکەن. ژیانێکی
دوور لە توند و تیژی، بەسەر دەبەن. لەولایانەوە، تیرەیەکی ڕەوەند -هەمەج- یان لێ پەیدادەبێ.
ژیانیان بە کۆچەری و لەسەر پشتی وڵاخ، بەسەر دەبەن. بە چەتەگەری بژێوی پەیدادەکەن.
بە شمشێر کێشەکانی نێوانیان چارەسەر دەکەن. چاو دەبڕنە ئەو شارە. پەلاماری دەدەن.
بێگومان، مەعلومە کە هەمەجەکە سەردەکەوێ، چونکە شەڕکەری چاکترن. دەچنە سەر موڵک و
ماڵی شارنشینەکان. ئیتر، ئەمان دەبن بە شاری. خاو دەبنەوە. دەبن بە کاسبکار و پیشەوەر،
- ورگیان زل دەبێ -. سوارچاکییان بیر دەچێتەوە. ئینجا تیرەیەکی هەمەجی تر بۆ ئەوانیش
پەیدا دەبێ و چەرخەکە جارێکی تر، دەسوڕێتەوە.
بۆ وەرچەرخانی
زلهێزیی ئم سەردەمەشمان، دەتوانیت، ئاوا بیهێنیتە بەرچاوت: تۆ، بە هەوڵ و کۆشش بە,
هەورازی ژیان دا سەر دەکەوی، پاش ڕەنج و ئارەقەیەکی زۆر، دەگەیتە لوتکە. لەوێ چی دەکەی؟
دەحەسێیتەوە. خاو دەبیتەوە و بڕیار دەدەی ئیتر لەزەت لە سەرکەوتنەکەت وەربگری. کاتێ
تۆ لە لوتکە خەریکی خۆشیی ژیانیت، کەسانێک کە هێشتا، لە دامێنی هەورازەکەن، بڕیاریان
داوە شەوورۆژ لێکدەن تا بە لوتکە بگەن. زۆری پێ ناچێ، لە دەورت، کەسانی تر پەیدا دەبن. ئیتر، لوتکە،
چیتر، بە تەنها هی تۆ نیە. ئەگەر نەکەویتە خۆت و واز لە تەمبەڵی نەهێنی، ڕەنگە ئەوان
بەرەو لوتکەی بەرز تر بڕۆن. تۆش، بەرەو لێژی شۆڕ دەبیتەوە.
بە پێی لێکۆڵینەوەی
شارەزایان، سێ دیاردە هەن، ئەگەر لە هەر زلهێزێکدا دەرکەوتن، ئاقاری داڕمان مسۆگەرە.
کە ئەمانەن:
١. کێشەی ئابووری و دراو
٢. کێشەی ناوخۆ
٣. سەرهەڵدانی هێزی بەدیل
١. کێشەی ئابووری و دراو
لە ٢٠٢٣ خەزێنەی
ئەمریکا، بڕی ٣١.٥ ترلیۆن دۆلار قەرزار بوو. بۆ ئەوەی ئەم کورتهێنانە، لە دەست دەرنەچێ،
ئەمریکا چی دەکات؟ کارە ئاسانەکە. چاپکردنی دۆلار -بە بێ هیچ پشتیوانەیەک - ، تەنها
لە ساڵی ٢٠٢٠، ئەمریکا بایی ٣ ترلیۆن دۆلار کاغەزی سپیی کردوە بە دۆلار!. کە زیاترە
لەو پارەیەی، ئەمریکا، بە درێژایی تەمەنی خۆی، چاپی کردوە. ڕژانی ئەم پارە زۆرە بێ
زیادکردنی بەرهەم ، کێشەی هەڵاوسانی لەگەڵ خۆی هێناوە. هەڵاوسانیش، دابەزینی نرخی
دراوى بەدوادا دێت، یا بە کوردیی پەتی (گرانی). بە پێی ڕاپۆرتی (کۆشکی سپی) ، هەڵاوسان
٪٩,١ ە، شارەزایان دەڵێن بەرزترە.
دۆلار، دراوێکی
ئایندە تەماویە. بۆ هەر دۆلارێک کە ئەمریکا لە کاغەزی سپی دروستی دەکات، هاووڵاتیەکی
جیهان، دەبێ بە ئیش و بەرهەمی کاڵا، بە دەستی بهێنێ. هەتا ئەمریکا زیاتر ئەم کارە
بکات، ناڕەزایی وڵاتانی دنیا، لەدەست دۆلار، زیاد دەکات. تا دەگاتە ئەو ڕۆژەی ئیتر،
وڵاتان، چیتر، بە دۆلار مامەڵە ناکەن. دۆلار دەتەپێ. ئەمە، کوشندەترین گورزە لە
ئابوریی ئەمریکا و هەڵناسێتەوە.
ژمارەیەک وڵات، بەم دواییە، جورئەتیان کردوە، ڕایبگەیەنن کە، خەریکی دانانی ڕێوشوێنی ئەوەن کە
لەمەودوا بە دۆلار مامەڵە نەکەن. ئەوانیش: (چین، ڕوسیا، ئێران، بەڕازیل و ئەفریقای
باشور) ژمارەیەک وڵاتی تریش، ڕیزیان بەستوە.. ئەمە گورزە هەرە کوشندەکەیە کە لە
ئابووری ئەمریکا بدرێت. ئەمریکا، بەبێ شەڕێکی گەورە، واز لە زاڵیی دۆلار ناهێنێ.
٢. کێشەی ناوخۆ. یەکێ لە هۆکارە سەرەکیەکانی
کێشەی ناوخۆ، جیاوازیی ئاستی ژیانی هەژار و دەوڵەمەندە. بە هۆی فاکتەرەکەی یەکەمەوە
دروست دەبێ. ئەم جیاوازیە، ئەمڕۆ، لە ناو کۆمەڵگای ئەمریکا، زۆر زەقە. ئەمە وای
کردوە، حزبە چەپ و ڕاستڕەوەکان، زۆر لێک دوور بن. لە هەرکامیان، ئەوانە ببن بە دەمڕاست، کە دەمارگیر و توند ڕەون. دۆناڵد ترەمپ
لە بەرەی ڕاستڕەوەکان. لە جیاتی زمانی سوڵح و پێکەوەژیان، بەرامبەرەکەی بە (خائن بە
گەل و نیشتمان)، ناو دەبات. ترەمپ بوە بە پێشڕەوی بەشخوراوە دەمارگرتوە ڕاستڕەوەکان.
لە دژی ئەم، بایدن، بوە بە پێشڕەوی بەشخوراوە دەمارگیرە چەپەکان. هێڵەکانی بەرەی شەڕی
هەڵبژاردنەکانی ئایندەی ئەمریکا لە ٢٠٢٤، وا نیشان دەدەن کە، ئاژاوەیەکی گەورە، بەڕێوەیە.
بۆی هەیە وڵاتەکە بخاتە ناو کێشەی ناوخۆیی سەختەوە.
٣.سەرهەڵدانی هێزی بەدیل
بەدەر لەوەی، ئایا ئەمریکا لە کێشە دایە یان نا،
(چین) لە بوژانەوەیەکی مسۆگەر دایە. ڕاستیەک کە دەبێ بیزانین، ئەمەیە؛ چین پێویستیی
بەوە نیە، ئەمریکا بتەپێ، تا ئەم ببێ بە زلهێز - وەک یەکەمیەکەی حوسێن بۆڵت وایە
-. بەڵام ئەگەر لەگەڵ هەڵکشانی ئەم، ئەمریکا لە داکشاندا بێت، ڕێگای گەیشتن بە
(زلهێ ی بێ ڕکابەر) یۆ چین، کورت دەبێتەوە. ئەم ڕاستیە، وا دەکات، ئەوەی چین، پێی
وابوو سبەی پێی دەکرێ، ئەمڕۆ بیکات. وەک، چالاک کردنی ڕۆڵی خۆی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی؛
ئاشتکردنەوەی ئێران و سعودیە. نێوەندگیریی ڕوسیا و ئۆکرانیا. توندکردنی هەڕەشەکانی
گرتنەوەی (تایوان), دانانی بنکەی سەربازیی لە ( دەریای باشوری چین). چین بوە بە
سوپەرپاوەرێکی تازەپێگەیشتوی، پڕ لە خەون و پلانی جهانگیر. ئێستا دەڵێ، (جگە لە
ئاشتی و بوژانەوەی ئابووریی لە دنیا، هیچ پلانێکی ترمان نیە)، ئەمە قسەی هەمو زلهێزە
تازەپێگەیشتوەکانە. هەموو هەر وایان وت. ئەمیش بەم زوانە، دەبێ هێزێکی سەربازیی زەبەلاح،
بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی، بە دنیادا بڵاوبکاتەوە. و دنیایەکی نوێ دەست پێ دەکات.