10وتار

لەبەرژەوەندی کوردە بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ئێران؟

3/7/2026 1:25:00 PM
د.فاروق عەبدول

 لەسەرەتای راگەیاندنی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل- ئێران، ناوی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە بابەتی گەرمی میدیا جیهانیەکان کە ئایا ئەم هێزانە دەبنە بەشێک لەجەنگەکە یان هەر بەتەماشاکار دەمێنەوە، هەڵبەتە پەیوەندییە تەلەفونیەکەی ترەمپ بە بەشێک لەسەرکردایەتی کوردەوە لەباشورو رۆژهەڵاتی کورستان بابەتەکەی زیاتر گەرمتکردەوە، لای ئەمریکیەکان و ئیسرائیل هێزە کوردییەکان رێکخراوترین گروپی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری ئێرانن و زیاتر لەوەش لەدیدگای ترەمپەوە کوردەکان “شەڕکەرێکی ئازان”، بۆیە زیاتر لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تری ئێران چاوەکان لەسەر هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتن، هەروەها خودی ئەم هێزانەش لەم ماوەیەدا هەم چالاکیان لەرووی گوتارەوە زیاتر بوە هەم جۆرێک لە هاوئاهەنگیان دەستپێکردوە، بەڵام هێشتا پرسی بڕیاردان بۆ بوون بە بەشێک لە جەنگەکە بەهەڵواسراوی ماوەتەوەو هیچ لایەکیان پشتڕاستیان نەکردۆتەوە کە بەکردەیی جەنگی زەمینیان دەستپێکردبێت. هەڵبەت کاردانەوەی ئێرانیش بۆ ئەم پرسە هەستیارە هەتا ئیستا سەلمێنەری ئەوەیە کە هێزە کوردییەکان جموجۆڵیان لە ئاستی مەترسیدا نییە، خۆ ئەگەر ببنە بەشێک لەجەنگ بێگومان کاردانەوەی ئێران جۆرێکی تر دەبێت، بۆیە ئەم پرسە یەکێکە لەئاڵۆزترین و قورسترین بژاردە کە رووبەرووی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆتەوە لەماوەی ٧٠ ساڵی رابردوودا بەتایبەت لەدوای کۆماری مهابات کە بە بەراورد بەهێزە کوردییەکانی دیکە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان کەمترین چالاکی و جموجۆڵ و کاریگەریان هەبوە لەسەر رژێمی ئیسلامی ئێران و تەنانەت رژێمی رووخاوی شای ئێران، ئیستا ئەم دۆخە بۆ کورد لە رۆژهەڵات هەم دەرفەتە و هەمیش تەحەدییەکی گەورەیە کە ئایا دەتوانن خۆیان یەکلایی بکەنەوە، بڕیاری دروست کامەیە؟  بێلایەنی یان بەشداری؟ بێگومان بڕیارەکە هەرکامیان بێت بۆخۆی هەم دەرفەت و هەم مەترسی هاوبەشی هەیە کە دەکرێت بەشێوەیەکی بابەتیانە بخڕێنەڕوو…   

*دەرفەتەکان..

ـدەرچوونی هێزە کوردییەکان لەو چەقبەستوە سیاسی و سەربازییەی کە لانی کەم لە دوای شوڕشی ئیسلامی ئێرانیەوە گیرۆدەی بوون و تا دەهات ئەندام و لایەنگرانیان لێیان هەڵدەوەرین و دەبوونە پەناهەندە لە وڵاتانی خۆرئاوا.

ـلاوازکردنی حکومەتی ناوەندی، لە ڕووی مێژووییەوە سەلمێنراوە کە هەمیشە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد سودی لە لاوازی حکومەتە ناوەندییەکان وەرگرتوە (وەک ئەوەی لە عێراق لە دوای ساڵی ١٩٩١ و  رۆژئاوای کوردستان لەدوای ٢٠١١) روویدا کە بوەهۆی بەهێزکردنی پرسی خودموختاری یان هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی یان هەر فۆڕمێکی دیکە. بۆیە هەرجۆرە لاوازییەک لە حکومەتی ناوەندی تاران یان هەر پایتەختێکی تر لەبەرژەوەندی کوردە.

ـپاڵپشتی نێودەوڵەتی: ئەو دۆخەی ئیستا بۆ هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروست بوە، دۆخێکی ناوازەیە لەرووی بەشداریکردن لە هاوپەیمانێتییەک کە بەهێزترینە لەسەر ئاستی جیهانی (ئەمریکاو ئیسرائیل)، و دەتوانێت گەرەنتی ناساندنی زیاتری سیاسی و پاڵپشتی سەربازی و پاراستنی درێژخایەنی نێودەوڵەتی بۆ کورد دەستەبەربکات هاوشێوەی هەرێمی کوردستان ئەگەر پێشوەختە فۆرمێک لە هاوبەشی و هاوئاهەنگی هەبێت.

ـبۆ کوردستانی ئێران و بۆ پارتە کوردەییەکانیش، یەکلایبوونەوەی جەنگ بەکەوتنی ڕژێم دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ کۆتاییهێنان بە دەیان ساڵەی سەرکوت و دامەزراندنی قەوارەیەکی دیموکراسی لە چوارچێوەی ئێراندا کە لانی کەم بەشێک لە مافەکانی کورد دەستبەر دەکات..

*مەترسی و هەڕەشەکان

 ـ قووڵایی جوگرافی: کوردو بەتایبەت هەرێمی کورستان لە ناوچەرگەی رووداوەکاندایەو نزیکترین ئامانجی جەنگە؛ هەر شەڕێکی درێژخایەن، ئەگەری هەیە شارەکانی (وەک هەولێر، سلێمانی، یان مەهاباد ، سنە) ببنە ئامانجی ڕاستەوخۆی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران.

ـ خیانەت و دەستبەرداربوون:  دۆخێکی دەرونی زاڵ هەیە، هەمیشە خۆرئاوا بەپشتکردنە کورد تۆمەتبار دەکرێت و ترس هەیە کە هێزە کوردییەکان بەکاربهێنرێت و بکرێنە سوتەمەنی جەنگ، هەر کاتێک ئەوان ئەرکەکەیان تەواو بوو دەستبەرداریان بن و بەتەنیا جێبهڵرێن،( ڕێککەوتنی جەزائیر لە ساڵی 1975 و رووداوەکانی ئەمداوییەی رۆژئاوای کوردستان و پرسی ریفراندۆم) لەنزیکترین ئەو رووداوانەن کە کورد زۆرجار بەبێ ئومێدییەوە لە خۆرئاوای روانیوە.   

ـ هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج،  بەئامانجگرتنەکە دوولایەنە هەم سەربازی و هەم ئابووری ، سەربازی پەیوەندی بە تۆمەتبارکردنی ئێرانەوەیە کە هەر جموجۆڵێکی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان،  هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسەو ئەگەری دروستبوونی کێشەی ئەمنی قوڵی هەیە بۆ هەرێم کە تواناو ئیمکانیەتی سەربازی هەرێم بۆ بەرپەرچدانەوە بەبەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر زۆر سنوردارە، هەروەها لەڕووی ئابورییەوەیشە هەرێم بەتەواوی پشتی بە دەورووبەرو بەتایبەتی بازرگانی لەگەڵ ئێران بەستووە، داخستنی سنوور یان تێکدانی ژێرخانی ئابووری کارەساتی ئابووری لێدەکەوێتەوەو خودی هەرێم لە ٢٠١٤  لە دۆخێکی دارایی وئابوری خراپ و ناجێگیردایە.

ـململانێی ناوخۆیی و ناسەقامگیری: ئەم دۆخە ئەگەری هەیە هەڵوێستی کورد دابەش بکات لەنێوان بێلایەنی (مانەوەو دوورکەوتنەوە لە هەڕەشەی لەناوچوون) و ئەو هێزانەی بەدوای ڕووبەڕووبوونەوەدا دەگەڕێن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ناسەقامگیری ناوخۆیی و تکچوونی پەیوەندی هێزە کوردییەکان و دواجار مەترسی بەریەککەوتنیان.

بەهەرحاڵ، ئەم دۆخەی ئیستا هاتۆتەپێشەوە، دۆخی جەنگە، لەجەنگییشدا هەموو ئەگەرەکان کراوەن، دەرفەتەکان چەندە زۆربن، مەترسیەکان بچوک ناکەنەوە، پێچەوانەکەشی راستە، ئەوەیە هەیە دەستنیشانکردنی بژاردەی دروستە کە بتوانێت پارسەنگی دەرفەتەکان بداتەوە یان لانی کەم هاوسەنگ بێت، تابتوانیت کوردو دۆزە رەواکەی لە مەترسی زیاتر بپارێزێت کەبەردەوام لەژێر مەترسیدایە..
——————————-
وێنەکە: دیمەنی کۆمەڵێک پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستانە لە کاتی مەشقکردنیان لە ناوچەیەکی سنووری. لە دەنگی کوردی ئەمریکا وەرگیراوە


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن