483وتار

براوەشبن هەر دۆڕاون!!!

2/13/2022 9:04:00 AM
هاوکار عزەت میکە



پارتی و یەکێتی لە دوو مانگی ڕابردودا لە گەرێکی نوێی ململانێ و دەستبادانی یەکتردابوون، ململانێیەک کە هەر یەکەیان دەیویست ببێتە براوەی گەمەکە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت لەم گەمەیەدا هیچ کەس براوە نابێت، بۆچی؟

سی ساڵی ڕەبەقە پارتی و یەکێتی بە هاوبەشی و هەندێک جاریش بە بەشداری پێکردنی هێزەکانی تر، فەرمانڕەوایی ئەم هەرێمە بچوکە دەکەن، هەرێمێک کە لەژێر هەڕەشە و مەترسی لەناوچوندا بوە و لە هەندێک قۆناغدا مەترسیەکان تا ئەوپەڕی توندی هەڵکشاون و هەڕەشەی جدی لەسەر خودی قەوارە و سەروەری و خاکی هەرێمیش هەبوە.


ئێستاو لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی نوێدا،جارێکی تر یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوبونی نێو ماڵی کوردی کرایەوە بە قوربانی پۆست و بەدەستهێنانی ئیمتیازە کەسی و حزبیەکان و ئەوەی باس نەکرێت یەکڕیزی نێوماڵی کوردە.

هەردوو حزبی فەرمانڕەوای هەرێم و هەردوو جەمسەری ململانێکە زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی ئەو دۆخەن و نەتەوەی کوردیش لە عێراق زیاد لەوان باجی ئەو ناکۆکی و ناجۆریە دەدات کە ئەوان پیشانی تەواوی عێراقیان داوە.

لەم خولەی ململانێکاندا پارتی و یەکێتی بە جوڵەكانیان پرسیاری جدیان لەسەر خۆیان دروست كردوە، پرسیارگەلێك نەپارتییەكان و نەیەكێتی وەڵامیان پێ نییە تا بەخەڵك و جەماوەر بڵێن یەكریزی كورد كە ئەركی ئەوان بوو دەستی پێوەبگرن دەكەوێتە كوێی ئەم هاوكێشەیەوە، كە ئەوان دابەشی سەر دوو بەرەی جیاوازی ناو مەیدانەكە بوون.

 پارتی نەدەبوو لەدوای ئەو هەموو ساڵە لەخواستی بون بە مەرجەعیەتی كوردەوە، لەخۆگەورەكردن تا ئاستی ئەوەی رۆڵی نێوەند گیری پێكهاتە و لایەنەكانی تری عێراق بێت، رێككەوتنێكی ستراتیژی لەگەڵ سەدریەكان و سوننە ئیمزا بكات، بەڵام هاوتا و شەریكە دێرینەكەی لەهەرێم بەجێ بهێلێت کە یەکێتیە.

پارتی و خودی بارزانی بەردەوام باسیان لەوە کردوە کە خواستی ئەوان پێکەوە بوون و یەکڕیزیە و مەبەستیانە بە تەواوی تواناوە کار لەسەر یەکڕیزی و یەکگوتاری هێزە کوردیەکانی باشور بکەن و زۆر کات ئەو خواستەیان وا باسکراوە کە پەلی هاوێشتبێت بۆ پارچەکانی تری کوردستانی گەورەش.

پارتی بۆ شتێكی بچووك بەهەڵەی سیاسی شتێكی گەورەتری لەدەستدا، بۆ بەدەستهێنانی پۆستێک لە بەغداد، کە هەر خودی بارزانی و بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی حزبەکەی وایان باسدەکرد هیچ گرنگیەکی ئەو تۆی نییە بۆ کورد، دەستکەوتێکی گەوەرەتریان لەدەستاوە کە ڕەنگە ئێستا هەست بە لەدەستدانی نەکرێت و داهاتو ئەوە بسەلمێنێت.

 ئیستا بۆ لایەنە عێراقییەكان دەركەوتوە رێژەی كورسییەكان ناتوانێت لەكوردستان لایەنێك بكاتە خاوەن دەسەڵاتی رەها، ئەم دابەشكارییەی چەند دەیەیەكە لەكوردستان هەیە مەرج نییە هەمیشە کاری پێبکرێت، دەبوو پارتی خۆی نەخاتە چوارگۆشەیەکی لەو جۆرەوە كە"مام و برازا" بەرامبەر یەك بوەستنەوە، پاشخانی سیاسی پارتی دەوڵەمەندە، خواستە سیاسیەکانی پارتیش هەموان دەیبینن گەرەکیەتی ببێتە زۆرینەی پەرلەمانی کوردستان و وەک هێزی یەکەمی کوردستان لە عێراقدا گەمەی سیاسی بکات، بۆ بەدەستهێنانی ئەمە نەدەبوو پارتی ئەو ڕێیە بگرێت کە ئێستا گرتویەتی، بۆبە مەرجەع بوونی سەرۆکی پارتی رێگەی تر زۆر بوو، بۆ ئەوەی هێزەکانی تر بەدەر لە سەرۆکی حزب تەماشای بارزانی بکەن تاکتیکی تر هەبوون، بەڵام ئەوەی سەیرە نەتوانرا سود لەو ڕێگاو تاکتیکانە وەربگیرێت، جا لە هەڵەی سیاسییەوە بوبێت یان بە ئەنقەست ئەوەیان دیار نییە، ئەوەی دیارە ئەنجامەکەیە کە وا دەرنەچوە.

پارتی وەک حزبێکی مێژوو دێرین و خاوەنی نفوز و پاشخانی سیاسی ناکرێت هێندە کورت بین بوبێت کە لەماوەی دوو خولی پەرلەمانیدا ئەو گۆرانکاریە گەورەیە بە خۆوە بینێت کە پێشتر لەسەر هێڵی جیابونەوە لە عێراق و ئێستاش لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق شەڕ بکات، سەیرە پارتی داوای لە یەکێتی کردبێت هەموو پۆستەکانی بەغداد بدات بە یەکێتی و تەنها پۆستی سەرۆککۆماری بوێت!.

یەکێتیش وەک جەمسەرێکی تری هاوکێشە و ململانێکە ئەگەر چی  هێندەی پارتیش نەبێت بەڵام پشکێکی ئەو ململانێ و ناکۆکیانەی لە ئەستۆیە، بە دۆخێکی ناوخۆیی شڵەژاوەوە چوەتە ململانێیەکەوە خەریکە دڵی مام لە برازا دەتۆرێنێت، دەتوانرا بە جۆرێکی تر و بە ڕێگەیەکی جیاواز لەوەی ئێستا مامەڵە لەگەڵ ئەو خواستەی پارتی بکات بۆ ئەو فراوانخوازیەی کە دەستیپێکردوە، مەرج نییە بە لەدەستدانی پۆستەکان بێت!.

چەند خاڵێکی رێککەوتنی پارتی و سەدریەکان دزەیان پێکراوەو ئەگەر ئەو بەند و خاڵانە راستبن ئەوا پارتی نەک بابەتی مەرجەع بونی بارزانی و یەکەم بونی حزبەکەی، بەڵکو دۆزی کوردیشی بیرچۆتەوە بۆ تەنها پۆستێک"کە تەمەنا دەکەم ئەو رێکەوتنە وا نەبێت".

ئێستا یەکێتی و پارتی " بە تایبەت پارتی"، کەوتونەتە قۆناغ و هەڵوێستێکەوە کە هەرکامیان یاریەکە بباتەوە و ببێتە براوەی پۆستەکان، سەرەنجام هەر دۆڕاوە و ناتوانێت ئاهەنگی بردنەوە سزابکات، ئەگەر چی پۆست و دەستکەوتی حزبی دەبەنەوە بەڵام لەوە گرنگتریان لەدەستداوە کە مەرجەعبوون و یەکڕیزی و تەبایی نێو هێزەکان و ئومێدی هاوڵاتیانە بە بونی کورد لە ناوەندی بڕیاری عێراق و تێروانینی هێزە عێراقیەکانە بۆ یەکگرتویی نێوماڵی کوردی و بەهێزیی کورد بەرامبەر خۆیان، کە ئێستا کۆتایی هاتوە و هەرکەسەو بۆ خۆی خەریکی چنینەوەی دەستکەوتەکانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن