394وتار

گۆڕانکاریی چۆن دێتەئاراوە؟

7/23/2022 1:04:00 PM
ڕۆزا حەمە ساڵح

گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی چەمکێکە پەیوەندی بە زانستی کۆمەڵناسییەوە هەیە، کە لە دێرزەمانەوە ڕۆڵ و كاریگە‌ریی بە‌رچاوی لە‌ مێژووی مرۆڤایە‌تیدا ھە‌بووە‌‌.

ئە‌م زانستە‌ گرنگی بە تێگەیشتن لە‌ هزری تاك و ڕادە‌ی زانینی كۆمەڵایەتی دەدات و لەسەر ئەو بنەمایەش شیكردنەوە بۆ كولتوور و دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكان دەكات و  دەبێتە بنە‌ما و ڕێچكەیەك بۆ دامەزراندنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و درووستبوونی قۆناغە‌كانی گۆڕانکاریی لە ناو کۆمەڵگادا. ئە‌مە‌ش  بەهۆی كاریگەریی كۆمەڵێك هۆکار دەبێت،‌ کە وابەستەیە بە ئایدیا و ئایدۆلۆژیا و بیروبۆچوونی مرۆڤەوە، كە دە‌كرێت هەریەك نەخش و ڕەنگدانەوەی خۆی لەسەر تاکەکانی ناو کۆمەڵگەدا درووستبكات. 

‎گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ناو کۆمەڵگەدا هەر دەبێت بێتەئاراوە، ئەمە‌ش دە‌كرێت بە شێنەیی و بە پرۆسەیەکی هیواش و بە پێی کات، یان رادیکاڵانە‌ بێت. کۆمەڵناسان لە لێکدانەوەی ئەم گۆڕانکارییە‌ و زانینی هۆکار و ئەنجامەکانی ڕاوبۆچوونی جیاوازیان هەیە. لێرەوە تیۆرییە‌ کۆمەڵناسییە‌ جۆراوجۆرەکان سەرهەڵدەدەن.هەندێک لە زانایان دەڵێن تەکنەلۆجیا بنەمای هەموو گۆڕانکارییەکە لە ناو پەیوەندییە‌ کۆمەڵایەتییەکاندا و هەندێکی دیکەش دەڵێن ناتەبایی نێوان چینی  بەرهەمهێن  و چینی مشەخۆرە، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیش وابەستەی دەکەن بە  فاكته‌رە‌ ئایدیۆلۆژییە‌كانەوە، یان ئایینییە‌كان، كە‌ دە‌كرێت ‌ببێته بەهۆی گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی له‌ ڕۆڵ و پێگه‌ی تاكی ناو کۆمەڵگەدا.

ڕەهەندەکانی گۆڕانکارییش لە هەر کۆمەڵگەیەکدا لە ئەستۆی نوخبەدایە، ئەویش ئەو کەسایەتییە بلیمەتانە دەگرێتەوە،  کە توانای ئەوەیان هەیە کاریگەریی یان وەرچەرخان لە سەر عەقڵ و زیهنییەتی  تاک درووستبکەن. ‎دەکرێت هۆکارەکانی  گۆڕانکاری بەهۆی هۆکارە دەروونییەکانی ناو کەسایەتی مرۆڤەوە سە‌رھە‌ڵبدات، بەو پێیەی هەڵسوکەوتی مرۆڤ لەسەر بنەمای پاڵنەرێکی دیاریکراو دامەزراوە، ئەگەر بێتو ئەم پاڵنەرە گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەوا لە ئەنجامدا گۆڕانکاری لە دابونەریت لەگەڵ خۆی دەهێنیتەئاراوە.

هەموو کۆمەڵگەیە‌ك بە تێپەڕبوونی کات و زەمەن ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی دەبێتەوە، هیچ کۆمەڵگەیەک بۆ هەمیشە لە دۆخێکی چەقبەستوو و نەگۆڕدا نامێنێتەوە. مرۆڤ لە ئێستادا  بە بەراورد بە سەردەمانی ڕابردوو عەقڵ و هزری لە پێشترە و دەتوانێت ژیرانە لێکدانەوە بۆ  دۆخەکان بکات. ئیدی چ لە ڕووی سیاسییەوە بێت، یاخود ئایینی و کولتووریەوە بێت. دەتوانم بڵێم گە‌شبینم بە‌وە‌ی لە‌ ناو كۆمە‌ڵگەی کوردیدا گۆڕانكارییە‌‌كان هەستیپێدەکرێت و ڕۆژ لە‌ دوای ڕۆژ  تا ڕادەیەکی باش تاكی كورد گۆرانكاریی بە‌سە‌ر عە‌قڵ و ھزریدا دێت و قۆناغی پێش خۆی بەجێدەهێڵێت و کار لەسەر ئەوەش دەکات کە ھزری خۆی دە‌ربازبکات لە‌و واقیعەی، کە ساڵەهایە بەسەریدا سەپاوە و ھۆكار بووە‌ بۆ ئە‌و دۆخە خراپەی ژیانی تێدا گوزە‌راندووە‌.

ھە‌ندێك دیاردە و بابەت هەن مرۆڤانێک  ناتوانن  بۆ هەتاهەتایی لە ناخیاندا بە نهێنی بیهێڵنەوە و ڕووە ڕاستەقینە‌كە‌ی خۆیان ئاشكرا نە‌كەن، كە‌ ئە‌و ڕەفتار و هەڵسوکەوتانە‌یان لە‌ واقیعدا لە‌گە‌ڵ پرەنسیپ و ئایدیاكە‌یاندا ناگونجێت و ھاوتە‌ریب نییە‌‌. کاتێک ئە‌و جۆرە‌ مرۆڤانە‌  بەو شێوازە نامۆیە دەردەکەون، ئەوا دەنگدانەوەی زۆری لێدەکەوێتەوە و دەبنە باسوخواسی ناو کۆمەڵگە، ئیدی لەم سەردەمەدا واقیعی ژیان وا پێویست دەکات، کە چیدی  ئەو ڕەفتارانە قبوڵنەکرێن و سنوور بۆ ئەو جۆرە كە‌سانە‌ دابنرێت. بەم شێوە‌یە‌  گۆرانکارییەکان بە‌دە‌ردە‌كە‌ون. نموونەش بۆ ئەم باسەمان؛ ماوەیەکە کەسانێکی دیاری ناو كۆمە‌ڵگەکەمان دەبینین، کە خۆیان بە فریادڕە‌سی ئە‌م میللە‌تە‌ زانیوە و لە ڕابردوودا بە هەزارەها خەڵک گوێی بۆ گرتوون و شوێنكە‌وتە‌یان بوون. ڕۆژ لە‌ دوای ڕۆژ  ڕەفتار و ڕووی ڕاستە‌قینە‌یان ئاشكرا دە‌بێت و بە تێپەربوونی کاتیش دەکرێت ئەو  پێگەیان لە ناو کۆمەڵگەدا لاواز ببێت و پەراوێزبخرێن و هیچ ڕێزێک لە بوونیان نەگیرێت. ئەمەش وایان لێدەکات وردە وردە لە گۆڕەپانەکەدا  پاشەکشە بکەن، ئیدی ئەمە بۆ کەسێکی باوەڕدار بێت یان بێباوەڕ، یاخود سیاسییە‌ك بێت، ئە‌وا ‌ بە‌ زە‌قی درکی  پێدە‌كرێت، کەواتە ئەمانە هەموو گۆڕانکاریین ھاتوونە‌تە‌ئاراوە‌ و هیوابەخشە بۆ ژیان و داهاتوویەکی باش.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن