لێگەڕێن با دادگا بڕیار بدات
5/11/2021 1:37:00 PM
سەلام عەبدوڵڵا
دەستێوەردان ئەوە نییە مۆڵەت بدرێ بە دادگا و
دادوەر بڕیاری سەربەخۆی بدات و بەپێی خاڵە یاساییەکان و لەبەر سێبەری یاسا بڕیارەکانی
خۆی بدات.
دادوەر کاتێک دەتوانێت بڕیار بدات کە چوارچێوە
و شێوەیەکی تاوانەکەی لا دیار و ئاشکرا بێت و بەپێی بەڵگەکانی بەردەست بڕیار دەدات،
بۆیە بۆ تانە لەو جۆرە بڕیارانە تەنیا دەبێ لەڕێی کەسانی شارەزا و پسپۆڕی یاسایییەوە
بێت و ئەو دەقە یاسایییانە بەپێی یاسا رەت بکرێنەوە یان رەخنەیان لێبگیرێ.
ئەوە کاری هەموو کەسێک نییە کە دەست بەرێت بۆ
ئەو کارانەی کە پسپۆڕی دەوێت و کاری هەموو کەسێک نییە هەتا ئەگەر ئەو کەسە ئەندامی
سەرکردایەتیی حزبێک یان سەرکردەیەکی سیاسیش بێت. لەراستیدا قسەکردنی کەسانی سیاسی
و سەرەک فراکسیۆن و ئەندامی سەرکردایەتی لە مەڕ مەسەلەی دادگا و یاساکان ئەوە خۆی
خودی دەستێوەردانە لە دادگا و یاسا.
ئەوانەی سزادراون لە دادگایەکی ئاشکرا و بە
ئامادەبوونی نوێنەری وڵاتان و UN و رۆژنامەنووسان دادگایی کراون و پارێزەری خۆشیان
ئامادەی دادگا بووە و داکۆکیی یاسایی خۆی کردووە.
دادگای بەرایی بڕیاری خۆی داوە بە زیندانیکردنی
تۆمەتباران بە شەش ساڵ و پاشان رێچکەی ئوسولیی خۆی وەرگرتووە و لەدادگای پێداچوونەوەشدا
ئەو سزایانە پشتڕاست کراونەتەوە و دانیان پێدا نراوە.
بۆیە کێشەکە لەڕووی یاسایییەوە کۆتایی هاتووە،
بەڵام دەستێوەردان ئەوەیە خەڵکانی ناپسپۆڕ و نەشارەزا و بۆ مەبەستی ئاژاوە و سواڵیی
دەنگ تانە لە بڕیاری دادگا بدەن و وەک ناشرینکردنی هەرێم و دەزگا دەستوورییەکانی بەرانبەر
جیهان بەکاری بهێنن، کە لەراستیدا ئەمە دەستێوەردانە نەک بڕیاری دادگا.
گەر ئەوانەی بانگەشەی سەربەخۆییی دادگا و یاسا
لە هەرێم دەکەن، دەبێ ئەوان خۆیان دەست لە چەواشەکاریی و ورووژاندنی خەڵک و لەکەدارکردنی
هەرێم و دادگاکانی هەڵبگرن و چیدی جەماوەر بە لاڕێدا نەبەن و واز لە دادگا بهێنن
با بڕیاری خۆی بەپێی یاسا بدات.
لەکۆتاییدا دەڵێین:
ئەو پێنج کەسە لەسەر فەرمانی دادگای لێکۆڵینەوەی
دهۆک و بەپێی مادەی (156) لەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە (21بۆ ساڵی2001) دەستگیر
کرابوون.
ئەم یاسایەش لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەموار
کراوە و جێبەجێ دەکرێت و هەر بەم یاسایەش حوکم دراون.