وتار

مۆدێلێكی‮ ‬نموونەیی

12/15/2019 6:42:00 PM 39 جار خوێندراوەتەوە
سەلام عەبدوڵڵا

ئەمە دوایین بۆچوون و هەڵسەنگاندنی زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكایە بە دیموكراتەكان و كۆمارییەكانەوە لەسەر هەرێمی كوردستان. ئەمەش بەهۆی ئەو راستییانەی كە خرانەڕوو، هەر بۆیەش هەموو كۆكبوون لەسەر ئەوەی كە هەرێمی كوردستانی عێراق مۆدێلێكی بەهێزە بۆ دیموكراسی و پێكەوە ژیان و ئاسایش و ئاوەدانی.
ئەمەش لەو ڕووەوە دێت كە هەرێمی كوردستان لەناوچەیەكدایە كە تژییە لە توندوتیژی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و ناسەقامگیری و پشێوی و ئاژاوە و شەڕی تایەفەگەری، كە ئەم ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستەی كردۆتە زۆنگاوێك بۆ پەرەسەندنی رەوتە توندڕەوەكان، بەرادەیەك كە بۆتە مۆڵگەیەكی لەبار بۆ پەروەردەكردنی تیرۆریستان كە ئێستا لەدەیان گروپی توند ئاژوو، لەژێر سێبەری ئاڵای جۆراوجۆر و ناوی جیاوازدا، خۆیان دەنوێنن و دەیانەوێت ئەم وڵاتانە چەندین سەدە بەرەو پاشەوە ببەن و شەوەزەنگی سەدەكانی نێوەڕاست بگێڕنەوەو باڵی تاریكی و توندڕەوی بەسەر تەواوی ناوچەكەدا زاڵ بكەن و میتۆدی ژیان ببەنەوە بۆ چاخی بەردین.
ئەم هەڵسەنگاندنە ئەرێنییە، دەقاو دەق، بەپێچەوانەی ناحەزانی ناوخۆی خۆمانە، كە بەداخەوە هەمیشە بەچاوێكی نێگەتیڤەوە، سەیری ئەم ئەزموونەی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەردەم لە هەوڵی بێ بایەخكردنی ئەم هەرێمەن، بەڕادەیەك كە مرۆڤ سەری سوڕدەمێنێ لەو بۆچوونە چەوتانەیان.
فەرموون ئەوە وڵاتێكی گەورەی وەكو ئەمەریكا، چۆن بە ئەرێنیەوە دەڕوانێتە راستییە بەرچاوەكان و چۆن ئەم ناحەزانەش هەردەم سەنگەری دوژمنكارانەیان لە هەرێم گرتووە و زۆر لە شۆڤێنییەكان و هەموو ئەوانەی چاویان بەرایی بەم هەرێمە نایەت، هەمیشە ئەوانیش بۆ دژایەتی هەرێم و دەستكەوتەكانی ئامادەو لەسەر خەتن.
ئەوە نەبوو هەندێك لاقرتێیان بەهەرێم دەكردو خوازیاری سیستەمێكی عێراق ئاسابوون بۆ هەرێم؟! ئەو سیستەمەی كە خۆپیشاندەران و ناڕەزایان دەیانەوێت سەرەونگونی بكەن، چونكە بێ دادی و گەندەڵی و بێ رێزی بەمرۆڤ و مرۆڤایەتی گەیشتۆتە ئاستێك كە كەس پێی هەزم ناكرێ، هەر بۆیەش عێراق ئێستا بەیەكێك لەگەندەڵترین وڵاتانی دنیا هەژمار دەكرێت. بۆیە ئێستا ئیدی هەقە دانیشتوانی هەرێم بەچاوی رێزەوە لەم گۆشە ئارام و سەقامگیرو ژینگە لەبارەی پێكەوەژیانە بەرز بنرخێنن و شانازی پێوە بكەن.
هەر ئەمەشە وای لەكۆنگرێس و ئەندامانی كردووە كە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و بەرپرسانی دۆسیەی عێراق بكەن كە ئەو تایبەتمەندییانەی هەرێم بەگرنگییەوە رەچاو بكەن و دژی هەر هەڕەشە و پیلانێك بن كە رووبەڕووی ئەم ئەزموونە سەركەوتووە بكرێت و هەڵوێستی دەستەبەجێ و توندیان بەرامبەری هەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن