ئەوەی ڕوودەدات هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە
12/9/2020 10:20:00 AM
ئاسۆس هەردی
لەهیچ شوێنێکی دنیادا سەرکوتکردن نەیتوانیوە کۆتایی بەناڕەزایەتییەکان بهێنێت، لەڕاستیدا سەرکوتکردن ئەگەر بەحساب "سەرکەوتوو"یش بێت، تەنها دوو ئەنجامی لێدەکەوێتەوە.
یەکەم، شاردنەوەی ناڕەزایەتییەکان بەزەبری هێز بۆ ماوەیەکی کاتی کە بێگومان زۆر نابات لەهەر دەرفەتێکدا کە بێتەپێشەوە بەشێوەیەکی بەرفراوانتر دەردەکەونەوە، چونکە سەرچاوەکانی ناڕەزایەتییەکان وشک نەکراونو هۆکارەکان وەک خۆیان ماون.
دوەم، هەموو سەرکوتکردنێکی ناڕەزایی ئاشتییانەو مەدەنییانە تۆوی توندوتیژی دەچێنێ، تۆوێک کە ئەمڕۆ بێ یا سبەی لەنزیکترین دەرفەتدا چەکەرە دەکاتو لەسەر شانۆی سیاسەت دەبێتە ئەکتەری سەرەکی، چونکە کاتێک خەڵک نائومێد دەبن لەوەی خۆپیشاندانی مەدەنییانەو ئاشتیخوازانە کاریگەرییان هەبێ، ئیدی دەگەنە ئەو قەناعەتەی جگە لەپەلامارو زەبری هێزو ڕاپەڕین هیچ ڕێگاچارەیەک بۆ گۆڕانکاریو چارەسەرکردنی قەیرانەکان نەماوەتەوە، هەر ئەمەش یەکێکە لەهۆکارە سەرەکییەکانی ئەو توندوتیژیو پەلاماردانەی لەزۆربەی خۆپیشاندانەکانی کوردستاندا دەیانبینینو پێشترو لەسەروبەندی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتدا لەنوسینێکدا بەناوی "مەترسییەکانی نائومێدی" باسم کردوە.
بۆیە پەلاماردانی خۆپیشاندەران، دەستگیرکردنیان، داخستنی ئێن ئاڕ تیو چەتر یا هەر میدیایەکی تر، هیچ شتێک چارەسەرناکات، بەتایبەت لەسەردەمێکدا کە سۆشیال میدیاو (هاوڵاتیی ڕۆژنامەنوس) بونەتە ئەکتەرو فاکتەرێکی کاریگەر لەسەر ڕای گشتییو فەزای سیاسی لەجیهاندا، ئەمجۆرە ڕەفتارانە، ڕەنگە لەنزیک مەودادا بەخەونو سەرابێکی کاتی دڵی هەندێک دەسەڵاتدار خۆش بکەن، بەڵام بێگومان لەدور مەودادا بەسەریاندا دەشکێتەوەو توشی شۆکی گەورەیان دەکات، وەک لەنمونەی تونسی بنعەلیو بەشاری ئەسەددا بینیمان.
تاکە ڕێگەی ڕاست بۆ خاوکردنەوەو کۆتاییهێنان بەئاڵۆزییو گرژییەکان چارەسەرکردنی کێشەکانو گوێگرتنە لەداواکارییەکان، نەک پەلاماردانو سەرکوتکردن، ئەمەی دواییان ئەنجامەکەی تەنهاو تەنها ڕشتنی خوێنی زیاترو وێرانکردنی کوردستان دەبێت، بێگومان لەو ئەگەرە پڕ لەکارەساتەشدا کەس پارێزراو نابێت، بەتایبەت ئەو دەسەڵاتدارە خۆشخەیاڵانەی دڵیان بەچەکەکانی دەستیانو پارەکانی گیرفانیان خۆشەو وا دەزانن دەتوانن بۆ هەمیشە خۆیان لەتوڕەییو ڕقی خەڵک بپارێزن.