ئەنجومەنی باڵای میدیا؛ رێکخستن یا کۆت و بەندکردن؟
12/15/2019 3:05:00 PM
ئاسۆس هەردی
ماوەیەکە جارێکی
تر بابەتی (بەناو!) "رێکخستنەوەی میدیای کوردستان" و "کۆتایی هێنان
بە فەوزای میدیای کوردی" سەریهەڵداوەتەوە. گوایە گەیشتن بەم ئامانجەش لە رێگەی
دامەزراندنی (ئەنجومەنی باڵای میدیا)وە دەبێت کە جگە لەوەی پڕۆژە یاسایەکی بۆ پێشنیارکراوە،
کۆڕ و کۆنفرانسیشی بۆ دەگیرێ و پڕوپاگەندەیەکی بەرفراوانی بۆ دەکرێ.
دور نییە هەندێک
لەوانەی پشتیوانی لەم بۆچونە دەکەن، دڵسۆزی میدیای کوردی و ئازادیی بیروڕادەربڕین
بن و بەهیوا بن لەم رێگەیەوە خزمەتێکی بکەن، بەڵام گومانیشم لەوە نییە هەندێک لایەن
و خەڵکێکی زۆریش لەگەڵیان، مەبەستیانە کۆت و بەندکردن و بەرتەسک کردنەوەی ئازادیی
رادەربڕین بکەنە یاسا و "شەرعییەت!"ی پێبدەن.
پێش ئەوەی قسە لەسەر
پرۆژە پێشنیارکراوەکە بکەین، با لە خۆمان بپرسین: ئایا لەسایەی ئەم سیستمە سیاسییەی
هەرێمدا ئەنجومەنێکی باڵا، کە وەک لە پرۆژە یاساکەدا پێشنیارکراوە، لەلایەن پەرلەمانەوە
دادەمەزرێت و دەسەڵاتی پێدەدرێت، دەتوانێ زامنی ئازادیی رۆژنامەگەری بێت لە
کوردستاندا؟.
پێموایە گەڕانەوەیەکی
خێرا بۆ ئەزمونی چەند ساڵی رابردومان لەگەڵ دەستە و ئەنجومەنەکاندا، بە "نەخێر"
وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە.
لە هەمو دنیادا
دەسەڵاتی (دامەزراندن) و (متمانەدان) بە دەستە و ئەنجومەنە باڵاکان دەدرێت بە پەرلەمان
بۆ ئەوەی لەژێر هەیمەنەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەرباز بکرێن و سەربەخۆییان هەبێت لە
بڕیارداندا، بەڵام لە کوردستاندا خودی پەرلەمان لەژێر هەیمەنەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان
و دەسەڵاتی جێبەجێکرندایە، بۆیە گومان لەوەدا نییە هەر دەستە و ئەنجومەنێک لە پەرلەمانەوە
دروست بکرێت، بەهەمان سیستمی بەش بەشێنە لەنێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا بەشدەکرێت،
دەبێتە پاشکۆی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هیچ هیوایەک بە سەربەخۆیی بڕیارەکانی نییە.
رەنگە هەر لەبەر ئەوەیش بێت لە پرۆژە یاساکەدا دەسەڵاتی (راگرتن) و تەنانەت
(وەرگرتنەوەی مۆڵەت!) دراوە بە ئەنجومەنی باڵای میدیا. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە یاسای
رێکخستنی کاری رۆژنامەوانیدا سزا بەسەر دەزگا رۆژنامەوانییەکاندا ناسەپێنرێت، بەڵکو
بەسەر کەسەکاندا.
پاشان ئەو بەڕێزانە
مەبەستیان چیە لە "رێکخستنەوەی ئەو فەوزایەی لە میدیای کوردیدا هەیە"؟!
کێ ئەو فەوزایەی دروست کردوە؟.
هەمومان دەزانین
پتر لە (90٪)ی کەناڵەکانی راگەیاندن لە کوردستاندا (نوسراو، بینراو، بیستراو، ئەلکترۆنی)،
یا راستەوخۆ سەر بە بەرپرس و حیزبە دەسەڵادارەکانن، یاخود یا لە "سێبەر"ی
ئەواندا و بە پارە و بەپێی سیاسەتی ئەوان کار دەکەن. جگە لە رۆژنامە و کەناڵە گەورە
و دیارەکان، رۆژانە ماڵپەڕی "بێ دایک و باوک"ی نوێ، لاپەڕەی سۆشیال میدیای
نەناسراو کە بە ئاشکرا دیارە سەر بە کام حیزب و کام لایەنی سیاسین، لە رێگەی ریکلامی
زۆروزەوندی سۆشیال میدیاوە خۆیان نمایش دەکەن.
کارو کاسبیی ئەمانە
بریتییە لە: هێرش کردنە سەر نەیارەکان بەزمانێکی زۆر ناشرین، هەڵبەستنی هەواڵ، چەواشکردنی
رایگشتی، تەنانەت هەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن، حیزب هەیە لەشکرێک جنێوفرۆشی دامەزراندوە
کە مانگانە موچەیان دەداتێ، تەنها و تەنها ئەرکیان ئەوەیە هێرش بکەنە سەر نەیارەکان
و دەنگە ئازادەکان بە زمانێک کە مرۆڤ بێزی لێدەکاتەوە. هەر ئەوانەش سەرچاوەی سەرەکیی
ئەو پاشاگەردانییەن کە ئەو بەڕێزانە باسی دەکەن.
بۆیە ئەگەر بەڕاستی
ئامانجی ئەو بەڕێزانە ئەوەیە کۆتایی بەم پاشاگەردانییەی میدیا و سۆشیال میدیای
کوردستان بێنن، با بڕۆن گوشار بخەنە سەر حیزبەکانی خۆیان و پێیان بڵێن بەرۆکی میدیا
بەردەن و ئەم کارە بۆ رۆژنامەنوسەکان جێبێڵن. کە ئەمەیان پێ ناکرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە،
جگە لە بەرتەسک کردنەوەی ئەو پەراوێزە بچوکەی ئازادیی بیروڕادەربڕین کە ئەمڕۆ لە هەمو
کاتێک زیاتر لەژێر هەڕەشەدایە، بە هیچ ئەنجامێک ناگات. ئەگەر مەبەستیشیانە فەرمانگە
و دامەزراوەیەکی نوێ دامەزرێنن بۆ بەخشینی پۆست و پلەو پایە و موچەی بەرز بە چەند
کەسێک، ئەوا رێگەی تر گەلێک زۆرن، تکایە با بە ناوی میدیا و ئازادی رۆژنامەگەرییەوە
نەیکەن.