وتار

بیرۆکەی بەهەرێمکردنی سلێمانی، لەناو دووکەڵی سنەوبەرە سووتاوەکانیدا..!

9/19/2020 6:51:00 PM 101 جار خوێندراوەتەوە
فەرهاد مەلاحەسەن

ماوەیەکە بیرۆکەی بەهەرێمکردنی شاری سلێمانی قسەوباسی جیاجیای لەسەر دەکرێ ، بەڵام تا ئێستا ڕاووبۆچونێکی یەکانگیری دروست نەکردووە، کە بووترێ ئەم بەهەرێمکردنە لەبەرژەوەندی گشتی خەڵکی شار و تەواوی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا دایە، هێندەی بیرۆکەکە بەبیرۆکەیەکی تاکڕەوی حزبیانە باسدەکرێ و دوارۆژێکی ڕوون بۆ بەرژەوەندی گشتی لەو بیرۆکەیە نابینرێ.
کە شارێک دەیەوێ ببێتە هەرێم، پێویستە بەشێک لە پێناسەکانی بەهێزبوونی کایە جیاوازەکانی ژیانی خەڵکەکەی لەهەگبەدا ئامادە کردبێ و بتوانێ بەوپەڕی متمانەو هێزییەوە لەگەڵ ناوەندی بڕیار، گفتوگۆ و قسەی لەسەربکات، بەڵام وەک دەبینرێ سلێمانی لەوپەڕی خاڵی لاوازی ژیانکردنی خەڵکەکەیدایە و ماوەی چەندین ساڵە کەوتۆتە نێو بەرداشی مامەڵە حزبییە ناڕەواکان و هەر ئەو مامەڵەکردنانەش بەو دەردەی ئەمڕۆی بردووە، دواتر ئەوانەی داڕێژەری بیرۆکەکەن (ئەگەر بەمەبەستی خزمەتکردنیش دایانڕشتبێت..) بەڵام لەواقیعدا دەبێ بزانن کە ئەو بیرۆکەیە  درێژەپێدەری ئەو بیرۆکەو هەوڵانەیە کە هەمیشە بۆ پەرتوبڵاوکردن و دوورخستنەوەی کورد لەیەکتری بەدرێژایی مێژوو کاری لەسەر کراوە..!
ئەوانەی خاوەنی بیرۆکەی (بەهەرێمکردنی سلێمانی)ن، بێگومان دەبێ سلێمانیان زۆر خۆشبوێ و لەخەمی ژیانی خەڵکەکەیدا بن، مادام دەیانەوێ سلێمانی نیمچە سەربەخۆ تا سنووری تەواو سەربەخۆیی هەبێ، دەبێ بەکردەوە خزمەتکاری  خەڵکەکەی بن... بەڵام بەداخەوە ئێستا پێچەوانەی ئەمانە دەبینرێ ، هیچ لە دەسەڵاتەکان و حزبەکان سلێمانیان خۆشناوێ،  چونکە لەگەرمەی قسەوباسی بیرۆکەی بەهەرێمکردن،  سەدان دارسنەوبەری ڕێگای تاسڵوجە ڕاپەڕین بەئاشکرا دەسوتێنرێن  بۆئەوەی بکرێتە پڕۆژەیەکی بازرگانی، دڵنیام خاوەن بیرۆکەی بەهەرێمکردنی سلێمانی بەباشی دووکەڵی ئەو دارسنەوبەرانە دەبینن و دەزانن ئەوەی دەکرێ هەڕڕاجکردنی سڵێمانی و کوشتنی ژینگەو خنکاندنی ئەو شارەیە..!  کەواتە بیرۆکەی بەهەرێمکردن و هەڕڕاجکردنی ئەو شارە لەیەک کاتدا وەڵامدەری یەکترین و پێچەوانەی یەکتریشن، بۆیە باشترە خەڵکەکەی هیچ کامێک لەو دووانە قەبوڵ نەکەن، چونکە ئەگەر بەر لە بەهەرێمکردنی، بەشێکی ژینگەی ئەو شارە بەو شێوەیە بسوتێنرێ، ئەوا لەدوای بەهەرێمکردن، شار  بەرەو  خنکانێکی تەواو دەڕوا..!!
ڕوونتر بڵێم،  ناکرێ ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی بگاتە ئەو ئاستەی هێڵە سوورەکان بۆ زیاتر پەرتوبڵاوکردنی کورد و  پارچەکردنی خاکی کوردستان ببەزێنرێ،  ناکرێ ململانێکانیان  دیوێکی دیکە لە فۆڕمی نەیارانی سەد ساڵ لەمەوبەر لەخۆبگرێ و وەک میراتگری ئەوان مامەڵە بکەن ، چونکە ئەوان  بەرپرسیاری یەکەم و کۆتای ئەو دۆخەن کە قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیەتی .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement