323وتار

شەڕى خزمەتکردن لەپەرلەمانەوە بۆ حکومەت

2/18/2019 8:54:00 PM
هێمن حەسەن

بڕیارەکەى گۆڕان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت و بەشداریکردنیشى لە کۆبوونەوەى پەرلەمان  بڕیارێکى راست و دروست بوو،هەرچەندە یەکێتى لەبەیاننامەى ئەنجومەنى سەرکردایەتیدا کۆدێکى هەڕەشەى بۆ گۆڕان تێدابوو بەشێک لە هەڵوسراوانى گۆڕانیش ئەو هەڕەشەیان بەهەند وەرگرتبوو، بەڵام دواجار گۆڕان بڕیارى خۆیدا و بێ ئەوەى گوێ بداتە هەڕەشەکەى یەکێتى و ئەو دەنگەى لەناوخۆى گۆڕان کە داواى دواخستنى بڕیارى جڤاتى نیشتیمانیان دەکرد.


لەراستیدا ئەزموونى چوار ساڵى رابردووى کارى پەرلەمانى دەریخست ئیتر لەپەرلەمانەوە هیچ کارێکى ئەوتۆو راستەقینە بۆ چاکسازى ناکرێت، بەڵام دەتوانرێت لە حکومەتدا هەم ئەرکى خزمەتکردنى خەڵک جێبەجێ بکات و هەم بە ئەندازەو پێگەى خۆى رۆڵى هەبێت لە چاکسازیکردن لە دامەزاوەکانى حکومەتدا ئەگەر بە رێژەیەیەکى کەمیش بێت.

ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان هیچ قەدرو قیمەتێکی بۆ نەهێڵراوەتەوەو ناتوانێت پەرلەمانێکى راستەقینە بێت و گۆڕانکارى جدى بکات، ئەم پەرلەمانە دەبێتە شوێنى موزایەدەو نەڕە نەڕەو قسەى بێ کەڵک، بۆیە ئێستا خەباتى خزمەتکردنى خەڵک لەپەرلەمانەوە گواستراوەتەوە بۆ حکومەت و دامەزارەکانى دیکەى هەرێم، وەک چۆن پەرلەمانى تورکیا بێ کاریگەر کراوەو بڕیارى سیاسى و خزمەتکردنى خەڵک لەدەستى سەرۆک کۆمارو حکومەتدا کۆکراوەتەوە، لەهەرێمى کوردستانیشدا ئیتر پەرلەمان چیتر شوێنى خزمەتکردنى خەڵک نییە کە خۆى لەبنەڕەتدا دەبوو پەرلەمان شوێنى خزمەتکردنى خەڵک بێت.


لەم گۆشەنیگایەشەوە بەشدارى گۆڕان لە حکومەت کارێکى راست و لە شوێنى خۆى بوو، گۆڕان یان دەبوو ببێتە باشترین ئۆپۆزسیۆن کە بەبڕواى من قورس بوو وەک جاران ئۆپۆزسیۆنێکى بەهێز بێت، چونکە ئێستا ئۆپۆزسیۆنى ساختە پەیدا بووەو سوارى شەپۆلەکە دەبێت، یان ئەوەتا بەشدارى حکومەت بکات، چونکە چوار ساڵى رابردوو دەریخست گۆڕان ئەوەندەى لەرێگەى پارێزگارو قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەو بەڕێوەبەرە گشتییەکانەوە خزمەتى خەڵکى کردوە ئەوەندە لەپەرلەمان نەیتوانى یان نەیانهێشت کار بکات.


سەرەڕاى هەموو ئەمانەش حکومەت لەسەر هیچ لایەنێکى ئەم وڵاتە تاپۆ نییە تا لایەنى تر نەتوانێت بەشدارى تێدا بکات، نە هیچ لایەنێکیش بڕیاریداوە تا هەتایە هەر ئۆپۆزسیۆن بێت، کەس دەنگى بە گۆڕان نەداوە هەڵسوڕاو و سەرکردەکانى لە مەکۆکاندا خەریکى چا خواردنەوەو قسەى خۆش بن، خەڵک دەنگى بە گۆڕان نەداوە لە فەیسبوک و پشتى مایکەکانەوە خەریکى چەلەحانێ بێت لەگەڵ هەرزەکارو فەیسبوکچییەکان، خەڵک دەنگى داوە بە گۆڕان داوە تا ببێتە بیرو بازوویان لە سیستەمى سیاسی و حکومڕانیدا.


ئێستا گۆڕان بۆ چوار ساڵى داهاتوو بڕیارى راستەقینەى خۆیداوە بۆ ئەوەش دەبێت لەو چوار ساڵەدا بیسەلمێنێت ئەهلى حکومڕانى و خزمەتکردنى خەڵکە،هەرچەندە گومانم نییە پارتى و یەکێتى رێگە بە چاکسازى راستەقینە نادەن،بەڵام بایى ئەوەندە دەرفەتى چاکسازى و خزمەتکردن هەیە کە جێگاى رەزامەندى دەنگدەرەکانى بێت، گۆڕان لانى کەم رێگر بێت لەگەندەڵى و قۆرخکارى لەناو حکومەتدا گەورەترین کاریان کردوە،چونکە نەهێشتنى گەندەڵى و چاکسازیکردن پڕۆسەیەکى دورودرێژو هێواشە کاتى دەوێت بەرنامە چاکسازییەکەى گۆڕان جێبەجێ دەکرێت.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن