349وتار

نەوشیروان مستەفا چی بە ئاشتى هەورامى وت؟

12/6/2020 9:19:00 PM
هێمن حەسەن


لەدواى قسەکانى رێباز حەملان راوێژکارى ئابورى سەرۆکى حکومەت و وەزیرى پێشووى دارایی حکومەتى هەرێم لە کەناڵى رووداو سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکانى حکومەتى هەرێم و تێڕوانینى نەوشیروان مستەفا سەبارەت بەو گرێبەستانەو گرێبەستى ٥٠ ساڵی روونکردنەوەکانى ئاشتى هەورامى لەو بارەیەوە چیرۆک و خوێندنەوەى جۆراو جۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە راستیدا من هیچ زانیاریەکم نییە سەبارەت بەوەى کاک نەوشیروان لەکۆبوونەوە سێ سەعاتیەکەى چی بە ئاشتى هەورامى وتووە، بەڵام لێرەدا منیش دەمەوێت باس لە دیدارێکی خۆمان بکەم لەگەڵ ئاشتى هەورامى کە تیایدا روونکردنەوەو شیکردنەوەى زۆرى مەلەفى نەوت و گرێبەستە نەوتیەکانی بۆ ئێمە شیکردەوەو باسیشى لەقسەکانى نەوشیراون مستەفا کرد لەسەر ئەو گرێبەستانە.

رێککەوتى 13-8-2012 لەسەر داواى ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتیەکان لەگەڵ کاک (کەمال رەئوف) سەرنوسەرى ئەو کاتەى رۆژنامەى هاوڵاتی سەردانى وەزارەتى سامانە سروشتییەکانمان کرد،  ئێمەش وەک بەشێک لە ستافی رۆژنامەکە لە هەولێرو سلێمانى بەشدار بووین، مەبەستى بانگهێشتەکەى ئاشتى هەورامى پێموایە هەر ئەوە بوو کە هەڵایەکى گەورە لە میدیای ئەهلیەوە لەسەر ئاشتى هەورامى و وەزارەتەکەى و گرێبەستە نەوتیانەى کردویەتى دروست ببوو دەیویست بە روونکردنەوەى وردەکارییەکان میدیای ئەهلی و بەتایبەت رۆژنامەى هاوڵاتى ئەهوەن بکاتەوە و بۆیان روون بکاتەوە کە ئەو چی کردوە، هەورامى راشکاوانە باسى لەوە کرد کە ئەوەى ئەو کردویەتى ئینجازێکى گەورەیە بۆ هەرێمى کوردستانی عێراق وەک خۆى وتى" من شتێکم کردوە نەوەکانى داهاتوو شانازى بە کوردستان و بە نەوت و بە منیشەوە دەکەن".

هەر سەرەتا ئاشتى هەورامى پێیوتین نامەوێت ئەم دانیشتنەمان ریکۆرد بکرێت و حەز دەکەم دەستتان بخەنە سەر مێزەکە بۆ ئەوەى دڵنیا بم کە ئەم قسانەم تۆمار ناکرێت، چونکە بۆ بڵاوکردەوە نییە، دواتر وەزیرى سامانە سروشتییەکان کتێبێکى گەورەو نەخشەیەکى پان و بەرینى بۆ خستینە سەر مێزەکە، کەوتە باس و شیکردنەوەی بلۆکە نەوتییەکانى هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیایانەى لە بلۆکە نەوتیەکاندا کار دەکەن، هەروەها گرێبەستە نەوتییەکان و ئەوەى لە داهاتوودا بە تەمایە بیکات، ئاشتى هەورامى زیاد لە کاتژمێرێک زۆرینەى وردەکارییەکانى پڕۆسەى نەوتى لەسەر نەخشەکە و کتێبەکە بۆمانى باسکرد.

ئاشتى هەورامى باسى لەوە کرد، کە چەند رۆژێک بەر لە دیدارەکەى ئێمە چووەتە لاى نەوشیروان مستەفاو تەواوى وردەکاریی گرێبەستە نەوتییەکان و پڕۆسەى دەرهێنان و فرۆشتنى نەوتى بۆ نەوشیروان مستەفا باسکردوە، ئەوەى لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە ئاشتى هەورامى هەر خۆشى وەڵامى نەوشیروان مستەفاى بە ئێمە وت کە کاک نەوشیروان وتوویەتى " من لەو وردەکاریانە نازانم کە تۆ چیت کردوەو گرێبەستەکان چەند چۆنن و قازانج یان زیان بە میللەتەکەمان دەگەیەنن، دەکرێت لە کاتێکى تردا هاوڕێکانمان لە ژووری ئابورى و پەرلەمانى کوردستان قازانج و زیانەکان روون بکەنەوە، بەڵام ئەوەى لای ئێمەو خەڵک گرنگە داهاتی نەوت کە تا ئێستا رۆشنى تیا نییە و حەجمى ئەو داهاتە زانراو نییە".

لێرەدا کاک کەمال رەئوف باسى لەوە کرد" کاک ئاشتى رەنگە ئەم وردەکاریانەى تۆ ئێستا باسى دەکەی، ئەمە بە نسبەت هاوڵاتییەوە زۆر گرنگ نەبێت، بەڵام ئەوەى ناڕۆشنە داهاتى نەوتە، شیرینى نەوتە کە کە دیار نیە چۆن سەرفکراوەو چی لێهاتووە".
وەڵامى ئاشتى هەورامى ئەوە بوو" من بە کاک نەوشیروانم وت و بەئێوەشى دەڵێم، کە من وەک وەزیرى سامانە سروشتییەکان تەنیا لە وەبەرهێنانى نەوت کار دەکەم و ئیدارەى ئەو مەلەفە دەکەم، واتە من تەنیا پارە بۆ حکومەتى هەرێم پەیدا دەکەم، جۆرو چۆنیەتى خەرجکردنى ئەو داهاتە نازانم و ئاگاداری نیم، سەری مانگ حکومەتى هەرێم داواى پارەی نەوت لەمن دەکات، منیش دەلێم فەرموو، ئیدى ئەو پارەیە چی لێدێت و چۆن سەرف دەکرێت و کێ دەیبات و کێ هەڵیدەگرێت بەهیچ شێوەیەک ئاگادارى نیم".

ئاشتى هەورامى ئاماژەى بە قەناعەتکردن و نەکردنى نەوشیروان مستەفا کرد کە چەند قەناعەتى بەروونکردنەوەکانى ئەو بووە، وتى" کاک نەوشیروان زۆر ئەهمیەتى بەروونکردنەوەکان نەدا، دیار بوو کە شارەزایی لە گرێبەست و وردەکارییەکانى نەبوو، بەلام من پێم وت ئەمەى بۆتانم باسکرد هەموو مەلەفى نەوت بوو کە حکومەتى هەرێم کردویەتى لەوە زیاتر هیچ شتێکى شاراوەو ژێر پەردەى تێدا نییە".

ئاشتى هەورامى باسى لەپلانەکانى داهاتوو کرد کە بۆ نەوشیروان مستەفای باسکردو بۆ ئێمەشى باسکرد کە بەتەمای چییە و وتى"من هاتووم وەبەرهێنان لەنەوتى کوردستان بکەم، گەورەترین کۆمپانیاکانى دونیام هێناوەتە کوردستان و لەقازانجى حکومەتى هەرێم گرێبەستەکانم کردوە، ئێمە لەکۆتایی ساڵى ٢٠١٤ دەتوانین مانگانە ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشین، ئەگەر هەرێم ئیستقرار بێت، تا کۆتایی ٢٠١٩ دەتوانین مانگانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشین".

کاک کەمال رەئوف پرسیارى ئەوەى کرد کە لەم گرێبەستانەى ئێستا تۆ باستکرد کۆمپانیا بیانییەکان قازانجێکى زۆرتر دەکەن لە حکومەتى هەرێم ئەمە مەترسى ئەوەى نییە لە داهاتوودا حکومەتی هەرێم بخاتە ژێر قەرزێکى قورسەوە؟
ئاشتى هەورامى وتى" ئێمە قازانجمان لە ٢٢% داوەتە کۆمپانیا بیانییەکان لەو رێژەیەش دیسان لە دوو شوێن ئەرکمان خستووەتە سەر کۆمپانیاکانى نەوت کە بەکۆی گشتى کۆمپانیاکان نزیکەى لە ١٠% بۆ ١٣% قازانجیان بۆ دەمێنێتەوە، بۆیە هیچ مەترسییەک لەسەر حکومەت و ئەو گرێبەستانە نییە، هەرگیز حکومەت ناچێتە ژێر بارى قەرزەوە بە پێچەوانەوە رەنگە کۆمپانیاکان قەرزداری حکومەتى هەرێم بن".
ئەوەى ئێستا هەموومان دەیبینن ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم کەوتووەتە ژێر بارى قەرزێکى زۆری کۆمپانیاکانى نەوتەوەو مانگانە بەشێک لەو داهاتەى کە حکومەتى هەرێم لە نەوت دەستى دەکەوێت دەدرێتەوە بە قەرزى کۆمپانیاکانى نەوت بەو جۆرەى کە مەسرور بارزانى لە دانیشتنى پەرلەمانی کوردستاندا باسی کرد.
ئەم دیدارە وردەکارى و قسەو باسى زۆرتری هەیە، بەڵام لەم کاتەدا ئەوەى کە پێم گرنگ و شایانی باس بوو تەنیا ئەم قسانە بوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن