582وتار

وتارەکەى بارزانى و چەند سەرنجێک

11/6/2022 6:13:00 PM
هێمن حەسەن

ئەوەى زۆرێکمان چاوەڕێی بووین لە وتاری کاک مەسعوددا نەبوو، زۆرێکمان لە یەکەم رۆژی کۆنگرەوە بە تاسەوە چاوەڕێی وتاری بارزانى بووین لە کۆتایی هاتنى کارەکانى کۆنگرە، بەڵام وەک هەموو وتارەکانی دیکە لاواز و بێ ئەنجام بوو.

هەموان چاوەڕێی ئەوە بوون بارزانى، باس لە لاپەڕەیەکى نوێ، پەیوەندییەکى نوێ ، سیاسەتێکى نوێ، کرانەوەیەکى نوێ، دەستپێشخەریەکى نوێ، پەیامێکى نوێ، رابگەیەنێت کە کێشەکانى ئەمرۆی کوردستان بخاتە سەر رێگای چارەسەر، پەیامێک بێت دۆخی ئاڵۆزو شڵەژاوی کوردستان ئەهوەن بکاتەوە.

پەیامێک کە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هاوبەشەکانى لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەسەروو هەموویانەوە یەکێتى و پەکەکە بگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکى هاوبەشی راستەقینەو دۆستایەتى، پەیوەندییەک کە وەک نێچرڤان بارزانى وتى" جاران لایەنەکان لە پارتى دڵنیا بوون، پێویستە لەدوای کۆنگرە پارتى ئەو دڵنیاییە نوێ بکاتەوە"، ئەمە سەرنجڕاکێشترین قسەو رستەى ناو وتارو پەیامەکانى کۆنگرە بوون.

چی هەردوو وتارەکەى بارزانى و چی وتارەکەی مەسرور بارزانى، خاڵی بوون لە نییەتێکى پاک بۆ هەڵدانەوەى لاپەڕەیەکى نوێ بەرووی  لایەنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا، خاڵی بوو لە ئارامکردنەوەو زیندووکردنەوەى دۆستایەتى، خاڵی بوو لەنیەتى دەستدرێژکردن بۆ برایەتى و دۆستایەتى لەگەڵ هەموو لایەنەکان، خاڵی بوو لە ئاشتبوونەوە لەگەڵ خەڵکی کوردستان و پارچەکانی دیکەى کوردستانیش.

من نازانم ئایا بارزانى بە مەبەست نەیویست پەیامێکی نوێی هەبێت کە تیایدا پارتى لاپەڕەیەکى نوێ هەڵبداتەوەو ئاشتى و ئاشتبوونەوە رابگەیەنێت یان بیری چوو یاخود پێیوابوو پێویست نییە و دۆخەکە وەکو پێشوو بمێنێتەوە.

خراپترین رستەى ناو وتارەکەى بارزانى ئەوە بوو کە وتى" هەندێ لایەن ژووری ئۆپەراسیۆنیان بۆ لەتکردنى پارتى پێکهێناوە" ئەم جۆرە لە دروستکردنى دوژمن و بە دووژمنزانینی ئەوانی دیکەو پێتوابێ هەموو کورد بۆ لەناوبردنى پارتى دانیشتووەو لە بۆسەدایە شتێکى راست نییە، ئەمە پەیوەندییەکانى پارتى لەگەڵ لایەنەکان دەباتە ئاستێکى خراپتر لە بێمتمانەیی.

هەرچی بێت هەمووان بەهیوای ئەوەین کە پارتى لاپەڕەیەکى نوێ لە پەیوەندی و سیاسەتکردن و ئیدارەدانی ئەم وڵاتە هەڵبداتەوە، بەهیواین کە لەدوای کۆنگرە سەردەمێکى نوێ لە سیاسەت لە کوردستان دەست پێ بکات کە بەخێر بۆ پارتى و بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکى کوردستانیش بشکێتەوە تا وڵات دوور بێت لە وەیشوومەو نا سەقامگیری.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن