855وتار

گەنج و پاشەکشەی بیری ناسیۆنالیزمی کوردی

5/22/2020 12:17:00 PM
ئەرکان عەبدوڵا



یەکێک لەو چەمکانەی کە مشتومڕی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە چەمکی ناسیۆنالیزمە کە مێژوویەکی دور و درێژی هەیە، بەشێک لە شرۆڤەکارانی بواری سیاسی مێژووی ناسیۆنالیزم دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕێنسانس کە چەندین نووسەر و ئەدیب و ڕوناکبیر ڕۆڵی خۆیان بە گەرخست لە پەرەپێدانی هەستی نەتەوایەتی لە بیر و ئەندێشەی هاونیشتیمانیاندا، وە لەسەرەتای سەدەی نۆزدەیەم و دوابەدوای کۆنگرەی ڤیەنا لەساڵی (١٨١٥ز) پرۆژەی نەتەوایەتی وەک بزوتنەوەیەکی حەقخوازی سیاسی لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی نەتەوەیەک لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی سیاسیدا دەرکەوت، بەمەش هەستی ئاینی و ناوچەیی و هۆزایەتی و تیرەگەرییەکان لە ئەوروپادا بۆ هەستی نەتەوایەتی گۆڕا. لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی ڕۆڵیان لە دەرکەوتنی ئەو بزوتنەوەیەدا هەبوو شۆڕشی فەرەنسی و شۆڕشی پیشەسازی بوو کە گۆڕانکاریەکی گەورەبوو لە مێژوودا و کاری لەسەر دەرکەوتنی هەستی نەتەوایەتی کرد و زەمینەی دەرکەوتنی چەندین بزوتنەوەی نەتەوایەتی ڕەخساند. هەروەها لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت نەخشەی سیاسی و جوگرافیای دنیا گۆڕانکاری بەسەردا هاتوو شەپۆلێکی تری دروستبوونی دەوڵەت هاتە ئاراوە.

بیری ناسیۆنالیزم هۆکاری ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی زۆرێک لە نەتەوەکانی جیهان بوو لەڕێگەی هۆشیارکردنەوەی ئەندامانی نەتەوە، وە لە ژێر ئەم چەمکەدا برەو بەچەکەرەکردنی هەستی نەتەوایەتی درا وە ئەندامانی نەتەوە لە پێناو دامەرزاندنی دەوڵەتی نەتەوایەتیدا خەبات و قوربانیەکانیان چڕکردوە بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی ئازاد و یەکسان وە لەسەرەتای دەرکەوتنی بیری ناسیۆنالیزم گرنگییەکی زۆر درا بە پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و دەوڵەت، کە بە شێوەیەک وێنادەکرا ئامانجی سەرەکی بیری ناسیۆنالیزم دروستکردنی دەوڵەتە، ئەم دیدگایە کاریگەری هەبوو لەسەر دیاریکردنی شوناسی نەتەوەیی لەڕێگەی دروستبوونی دەوڵەتەوە. هەرچەندە بیری ناسیۆنالیزم گۆڕانی بەسەردا دێت و بە شێوەی جیاواز لێکدانەوە و شرۆڤەی بۆ دەکرێت بە پێی دۆخی کۆمەڵایەتی و زمان و جیۆپۆلتیک، بەشێوەیەک ئەنتۆنی سمیث باس لە دوو جۆری ناسیۆنالیزم دەکات کە ئیتنۆ ناسیۆنالیزم لەسەر بنەمای زمان و خوێن و پرسی نەتەوەیی شرۆڤەی دەکات وە دیمۆس ناسیۆنالیزم کە بە واتایی ناسیۆنالیزمی گەل دێت وە لە چوارچێوەی  ناسیۆنالیزمی سیاسیدا شرۆڤەی بۆ دەکات. ئەم دوو دیدگایە بەڕۆشنی پراکتیزەدەبێت بەسەر ناسیۆنالیزمی فەرەنسی و ئەڵمانیدا. بەشێوەیەک ناسیۆنالیزمی ئەڵمانیا وەکو ناسیۆنالیزمی ئیتنیک پێناسە دەکرێت چونکە لەسەر فاکتەری خوێن و زمان و کلتور دامەزراوە، لەسەرەتادا ئەڵمانیایەکی یەکگرتوو بوونی نەبوو بەڵکو بەسەر چەند هەرێمێکی پاشایەتیدا دابەشبوو، ڕۆشنبیران ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لەسەر پروسەی نەتەوە سازی ئەڵمانیا لەڕێگەی پرۆژەی کلتوریەوە کە زمان و کلتوری ئەڵمانیایی یەکگرتووی دیاریکردبوو دەتوانین بڵێین پێش ئەوەی دەوڵەتی ئەڵمانی دروستبێت ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی دروستبوو بوو. بەڵام بە پێچەوانەوە لە فرەنسا پێش دروستبوونی ناسیۆنالیزمی فرەنسی دەوڵەتێک هەبوو بەناوی فرەنسا دواتر پرۆژەی ناسیۆنالیزمی سیاسی سەری هەڵدا، بیرۆکەی ناسیۆن هەموو ئەوخەڵکانەی دەگرتەوە کە لە فرەنسا دەژیان بەجیاوازی دین و کلتور و زمان.

ناسیۆنالیزمی کوردی هەر لەمێژەوە خاوەنی چەندین ئامانج و ستراتیژیەتی نەتەوەیی تایبەت بە خۆی بووە و هەوڵی زۆری لە پێناو بەدەستهێنانی داوە و مرۆڤی کورد خاوەنی سنوری جوگرافی و زمان و مێژووی تایبەت بەخۆیەتی بەمەش لەنەتەوەکانی تری دەوروبەری جیایی دەکاتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ئێمەی کورد ناسیۆنالیزمێکی پڕکێشە و گرفتمان هەیە وە بەشێک لەکێشەکانمان پەیوەستە بە نەبوونی دەوڵەت و دابەشبوونی کوردستان وە لەلایەکی دیکەوە نزمی ئاستی تێگەیشتن لە مەعریفەی نەتەوەیی، ناسیۆنالیزمی کوردی نەیتوانیوە لە هەندێ ڕوەوە ناوەڕۆکی سروشتی خۆی پەیدابکات و ئەرکەکانی بەجوانی ڕاپەڕێنێ کە گەیشتنە بەسەربەخۆیی، ئەم هەستی سەربەخۆیە پێویستی بە گەشەکردنە لەبیر و هزری تاک بەتاکی ئەم نەتەوەدا ئەگەر ئەم گشەکردنە پەرەیپێنەدرێت بە چەندین ئاقاری جیاوازدا مەترسیدارە وە بە تایبەتی لەدوای ڕاپەڕین و لەسەردەمی حکومڕانی دەسەڵاتی کوردیدا نەک هەر پەرەیپێنەدرا بەڵکو پاشەکشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و مۆنۆپۆڵکردنی تەواوی سێکتەرەکانی ژیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی وە یەکدی قبوڵنەکردن و دروستبوونی ململانێ و شەڕی ناوخۆ و براکوژی و پەلکێشکردنی هێزی بێگانە، لەسایەیی حکومڕانی ئەمانەدا لەڕێگەی سنوری دەستکردەوە خاکەکەیان دابەشکردین بۆ دوو پارچە و دواتریش دوو گروپی دژ بەیەک و تاکو ئێستاش شوێنەواری ئەم دوو پارچەبوونە هەر درێژەیی هەیە لە فۆرم و چوارچێوەی نوێدا. پێویستە هەموومان ئەو ڕاستیە مێژووی و ئەخلاقیە بزانین کە بە درێژایی چەندین ساڵ لەژێر دروشم و بیانووی حکومەتەکەمان ساوایە و ئەزموونەکەمان پێویستی بەکاتی زیاترە، گەنجەکانی ئێمە دەچەوسێنرێنەوە و بێ کار و بێ دەنگ دەکرێن لە بەرامبەر ماف و خەون و داواکارییەکانیاندا. هەروەها بەهۆی گەندەڵی ئیداری و سیاسی و بەکارهێنانی زەبر و تۆقاندن و گرتن، زۆر بوون ئەو گەنجانەی بەدڵشکاوی و ناچاری سەری خۆیان هەڵگرت و لەسەر سنوور و لەنێو شەپۆلی بێڕەحمی دەریاکاندا چارەنووسی خۆیاندا بەدەستی قەدەر و بەوهیوایەیی کە وڵات و خاکێکی دوور لە زێدی باوباپیریان ببێتە نزرگەیان. لێرەدا دەتوانین بڵێین ستەم و زوڵم لەم کلتور و وڵاتەی ئێمەدا پەلی بەشێکی زۆری خەڵکی ڕاکێشاوە بۆ دورکەوتنەوە لەخۆشەویستی خاک و نیشتمان وە بەشێکی هەرەزۆری پاشەکشەی ناسیۆنالیزمی کوردی گرێدراوی ئەو دۆخەیە کە توێژی گەنج قوربانی سەرەکیەتی.






سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن