599وتار

لەناو ماڵەکاندا چ باسە؟

4/16/2020 12:49:00 PM
تەرزە جاف

لە کاتێکدا مرۆڤەکان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کونجی ماڵیان گرتووە، کەرەنتینەکردنی هاووڵاتیان لەناو ماڵەکانیاندا بەشێکە لە پلانی نیشتمانی زۆرێک لە وڵاتەکان، ئەمەش وایکردوە قەرەباڵغی و جموجۆڵ بگاتە کەمترین ئاستی خۆی لە جیهاندا و تاوانەکان بە گشتی ڕوو لە کەمی بکەن، کەچی لەگەڵ ئەوەی پێویستە ماڵ پەناگە و شوێنی پشوو بێت بۆ ئەندامانی خێزان، كەچی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان بە پێچەوانەوە، بۆتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی!

لە کاتێکدا هاووڵاتیان خۆیان خزاندۆتە ناو ماڵەکان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام خێزانەکان لە ناو ماڵەکاندا ڕووبەڕووی قەیرانی تر دەبنەوە، وەک ترس و دڵەڕاوکێی لەدەستدانی کار و بەسەربردنی هەموو کاتەکانیش لە نێوان ئەندامانی خێزاندا، ڕێژەی توندوتیژی خێزانی لە جیهاندا بەرزکردۆتەوە تا گەیشتۆتە ئەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی تەندروستی جیهانی هاواریان لێ هەستێت و بە فەرمی داوا بکەن "ئاشتی لەناو ماڵەکاندا بەرقەرار بکرێت".

ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە بانگەوازێکدا داوای کرد: "ڕێکاری بە پەلە وەربگیرێت بۆ چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی ترسناکی رێژەی توندوتیژیی خێزانی لە دژی ژنان و کچان، کە دوا بە دوای کاریگەریەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتووە" هەر لە بانگەوازە ڤیدیۆییەکەیدا وتی: "بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچان، زیاترین شوێن، کە سەرچاوەی توندوتیژیە بۆیان ماڵە، کە دەبوایە پەناگەی ئارام بێت، بۆیەش من بانگەوازێکی نوێ ئاراستەی جیهان دەکەم بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی لەناو ماڵەکاندا" .

لە بانگەوازەکەیدا، گۆتێرێس داوای لە حکومەتەکان کرد کە  "ڕێگرتن لە توندوتیژی بەرامبەر ژنان و چارەسەرکردنی ئەو زیانانەی لەم توندوتیژیەوە سەرچاوە دەگرێت، لە پێشینەی پلانە نیشتمانییەکانیان بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید 19 و داوایشی لە دەسەڵاتی دادوەری کرد، بەردەوام بێت لە دادگاییکردنی ئەو کەسانەی توندوتیژی دەنوێنن".

دوا بە دوای بانگەوازی نەتەوە یەکگرتوەکان، سەرۆکی سەنتەری دادپەروەری نێودەوڵەتی (عەقیلە رادا کریشنان) توندوتیژیی دژ بە ژنانی وەک یەکێک  لە ئاسەوارە سەرەکیەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەسفکرد و ئاماژەی بەوە کرد کە "بەگشتی کەمتەرخەمی هەیە لە دابینکردنی مافی ژن و مرۆڤ لە ناو ڕێکارەکانی ڕووبەڕوبونەوەی کۆرۆنا"دا.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش (تیدرۆس ئیدهانۆم گبریسۆس) هەر لەم بارەیەوە ئاگاداری دا لەوەی: "ژنان و منداڵەکانیان لە کاتێکدا کە ئەندامانی خێزان، کاتی زیاتر لە نزیکی یەکتر بەسەر دەبەن، خێزان  فشاری زیاتری لەسەرە وەک زیانی ئابووری و ئەگەری لەدەستدانی کار، ژنەکان لەم هەلومەرجەدا، کەمتر پەیوەندیان بە خێزان و هاوڕێکانیانەوە هەیە، کە لە توندوتیژی دەیانپارێزن و لە پەیوەندییە خراپەکانیشدا زۆربەی جار ژنان و منداڵەکانیان  ڕووبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە".

داتاکانی مانگی سێی 2020 لە وڵاتە جیاوازەکانەوە، ژمارەی ترسناک نیشاندەدەن لە زیادبوونی سکاڵاکان لەو هێڵە گەرمانەی بۆ ئەو مەبەستە لە کاردان.

فەرەنسا بە فەرمی ڕایگەیاند، هەرچەندە رێژەی تاوان بە شيوەیەکی گشتی لە وڵاتەکەدا، لە مانگی سێی 2020 دابەزیووە، بەڵام لە هەمانکاتدا سکاڵاکانی توندوتیژی خێزانی کە لە زۆربەی لە هێڵە گەرمەکانەوە وەردەگیرێن، گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار.

تەنها لە یەک هەفتەدا، ژمارەی سکاڵاکانی هێڵی گەرمی ئەو وڵاتە، بە ڕێژەی 30% بەرزبۆتەوە و ئەمەش وای کردوە، دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە زنجیرەیەک ڕێنمایی و ڕێکاری بەپەلە ڕابگەیەنن بۆ یارمەتیدانی ژنان لە گەیاندنی دەنگیان لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و پێویستیان بۆ داڵدەدان.

پێدەچێت راپۆرتەکانی وڵاتانی وەک بەریتانیا و فەرەنسا و لە وڵاتە عەرەبیەکانیش وەک تونس و میسر و کوێت لە ناوەڕاست و کۆتایی مانگی سێی 2020 دڵخۆشکەر نەبووبن، بۆیە نەتەوە یەکگرتوەکان بە فەرمی هاتە سەر خەت.

بۆ نمونە: بەریتانیا هەڵمەتێکی ڕاگەیاند بۆ دیاریکردنی قوربانییەکان و یارمەتیدانیان و تەنها لە 24 کاتژمێردا سکاڵاکان لەچاو پێشتر 24% زیادیان کردبوو.

لە لوبنانیش داتاکان ئاماژە بەوە دەدەن، سکاڵاکان لە ڕێگای هێڵی گەرمەوە لە مانگی سێدا بە ڕێژەی 180% زیادی کردووە لە چاو دوو مانگی پێشتردا.

سەیرەکە لە وەدایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە شێوەیەک کە وێنەی نییە، هاواریان لێ بەرز بۆتەوە، بێگومان بە ئاسانی دەستکەوتنی داتا و سیستەمی ورد و بەردەستبوونی زانیاری لەو وڵاتانە، هۆکارێکن بۆ زووتر دەرکەوتنی ئەم دیاردانە.

هێشتا لە کوردستان ئامارەکانی ئەم چەند مانگە دیار نین، کە بە هۆی کۆرۆناوە خەڵک خزاونەتە ناو ماڵەکان و چاوەڕێ دەبین بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ئەو ژمارانە ڕابگەیەنێت، کە تاقە سەرچاوەیەک كە لەبەردەستیەتی هێڵی گەرمە و تا ئێستا بەردەستە.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، لە پلانی حکومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا پشکی شێری بەرکەوتووە و بەردەوام لە ڕیزی پێشەوەی پلانەکە دایە، پێویستە ڕۆڵی خۆی لەوەشدا ببینێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبێت بە مەترسیەکی گەورەتر بۆ سەر کەسانێک کە لەگەڵ ئەو کەسانە کەرەنتین کراون و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بووە.

ئەگەرچی تا ئێستا لە کوردستان هیچ  دەنگ و سەنگێک نییە، بەڵام وەک هەمیشە بەرزنەبوونەوەی دەنگی سکاڵاکەر نیشانەیەک نییە بۆ نەبوونی سکاڵا، بە تایبەت لە بارودۆخێکی وەک ئێستا، کە خەمی گەورەی ‌حکومەت و هاووڵاتی ڕێگرتنە لە  تەشەنەکردنی کۆرۆنا.

لە هەرێمەکەی خۆشماندا، تا ئێستا (ئەوەندەی من ئاگام لێیە)  تاقە دەنگێک لەسەر ئەو بابەتە بەرز بووبێتەوە، ڕێکخراوی (ئێمە)یە، کەبە سوپاسەوە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بۆ ‌‌حکومەتی هەرێم ئاماژەیان بە مەترسییەکان کردووە، بە پشتبەستن بەو پەیوەندیانەی وەکو ڕێکخراو هەیانە، لەگەڵ ژنانێک کە ڕووبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن