قەیرانی کۆرۆنا و حوکمەتی خۆجێیی سلێمانی
3/21/2020 5:22:00 PM
مەحمود ڕەزا
چەن رۆژێکە هەڵمەتێکی
بێویژدانانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوکا، لە دژی حوکمەتی خۆجێیی سلێمانی دەستی
پێ کردوە، بە مەرامی سوكکردنی ئەو رێکارانەی دەزگاکانی پارێزگای سلێمانی، بۆ روبەڕوبونەوەی
ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەماوەی رابردوا گرتویانەتە بەر.
بەشبەحاڵی خۆم
هیچ زانیارییەکم نیە ئەم هەڵمەتە:
کێی لەپشتە؟
بۆچی لەم کاتەیا؟
وبۆ سود و قازانجی کێ و چ لایەک خراوەتە رێ؟
رەنگە خەڵکێکی
زۆر بزانن کە من بەردەوام رەخنەگر بوم لە سیستمی حوکمڕانیی هەرێم و هەتا ئێستا رەئیەکانم
لەسەر ئەم حوکمەتەش وەکو خۆیانن. رەخنەی زۆریشم لە حوکمەتی خۆجێیی سلێمانی هەبوە،
بەڵام لەوەتی قەیرانی کۆرۆنا سەری هەڵداوە، حوکمەتی خۆجێیی سلێمانی، بە پارێزگار
و ئەنجومەنی پارێزگا و قایمقام و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی: تەندروستی، ئاسایش،
پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، شارەوانی... لەگەڵ ژمارەیەک لە دەوڵەمەنەکانی شار، نەک بە تەنیا
لەسەر ئاستی هەرێم، بەڵکو لەسەر ئاستی دنیا،ش، باشترین رۆڵیان بینیوە.
تێکڕای ئەو بڕیارانەی
دەرکراون و ئەو رێکارانەی گیراونەتە بەر، لە هەوەڵڕۆژی هەڵمەتەکەوە تا ئێستا، هەمویان
دوربینییان پێوە دیار بون و تا رادەیەکی دڵخۆشکەر باشیش موتابەعە و جێبەجێ
کراون.
حوکمەتی خۆجێیی
سلێمانی بەردەوام چەن رۆژێک لەپێش حوکمەتی هەرێمەوە بوە لە بڕیار و رێکارەکانیا. بڕیارەکانی
حوکمەتی هەرێم شتێکی نوێیان تیا نە بوە لە سلێمانی وەر نە گیرابێ.
حوکمەتی هەرێم
و حوکمەتە خۆجێیییەکانی تری هەرێم:
داخستنی مزگەوتەکان
و کڵێسا و پەرستاگان؛
داخستنی مۆڵەکان
و ناوبازاڕ و شوێنە قەڵەباڵخەکان؛
دروستکردنی
تاقیگەی تایبەت بە فەحسی کۆرۆنا؛
داخستنی سنور
و فڕۆکەخانە؛
قەدەغەکردنی
هاتوچۆی ناوشار؛
قەدەغەکردنی
هاتوچۆی نێوان شارەکان؛
دەسپێشخەری بۆ
دروستکردنی خەستەخانە لەلایەن خێرۆمەندانەوە؛
دەسپێشخەری بۆ
کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ هەژاران...
هەمو ئەوانەیان
لە حوکمەتی خۆجێیی سلێمانی وەر گرتوە.
.
تاکە شتێ کە جێگەی
رەخنە بێ، ئەوەیە کە داواکاری گشتیی سلێمانی تا ئێستا پێوەی دیار نیە، لە ئاستی قەیرانەکا
بێ.
راستە داواکاریی
گشتی چەن کەیسێکی جوڵاندوە، بەڵام هەم بە ژمارە کەمن هەم ریکلامی پێویستیان بۆ نە
کراوە.
داواکاری گشتی
ئەتوانێ بە گوێرەی مادەکانی ٣٦٨ و ٣٦٩ی قانونی سزادانی عیراقیی ژمارە ١١١ی ساڵی
١٩٦٨، سەرپێچیکەرانی رێنمایییەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی
سلێمانی بدا بە دادگا و قورسترین سزایان بۆ ببڕێتەوە کە زیندانیکردنی تاوانبارە بۆ
ماوەی ٣ ساڵ.
پەتای کۆرۆنا
پەتایەک نیە بە سوک بگیرێ و کەمتەرخەمیی لەگەڵ بکرێ. ئەم پەتایە بوە بە هەڕەشە لەسەر
ئاشتی و ئاسایشی جیهان و هەتا ئێستا هەزارانی کوشتوە و سەدانهەزاری گرتوە و، زیانی
هەزاران ملیار دۆلاری بە ئابوریی جیهان گەیانوە و کارکردی لەسەر ئابوری و بژێویی
خەڵکی کوردستانیش تا بێ زیاتر ئەبێ.
لەبەر ئەوە
توندکردنی رێکاری قانونی پێویستە بۆ ئەوەی زوتر سنور بۆ ئەو کەسە سەرکێش و چەموشانە
دانرێ کە پابەندی رێنمایییەکان نابن. بە ئامانجی ئەوەی رۆژێ زوتر بەربەست بۆ تەشەنەسەندی
پەتاکە دا نرێ و زیانە ئابوری و ژیانییەکانی خەڵکی هەرێم کەمتر بکرێنەوە.
هەرکەس و لایەنێ
بەقەدەر مسقاڵەزەڕڕەیەک ویژدان و هەستی نیشتمانی هەبێ، ئەبێ لەباتی بڵاوکردنەوەی
پرۆپاگەندەی بێ بناغە و وروژاندن و هاندانی خەڵک بۆ پێشێلکردنی رێنمایییە تەندروستییەکان،
دەسخۆشی لە تەواوی داوودەزگاکانی حوکمەتی خۆجێیی سلێمانی بکا بۆ هەمو هەڵوێستەکانی
و بڕیارەکانی و رێکارەکانی. لەسەرو هەمو ئەوانەشەوە بۆ ئەو گیانی لەخۆبوردن و شەونخونییەی
کارمەندەکانی دەزگا و فەرمانگە جیاوازەکان لە ماوەی مانگ و نیوی رابردوا نواندویانن.
درود و سڵاو بۆ
تەواوی ئەوانەی مانگ و نیوێک زیاترە گیانی خۆیانیان خستۆتە خەتەرەوە بۆ ئەوەی گیانی
ئێمە بپارێزن.