وتار

تەنها سنوردارکردنی بازرگانیی بەس نییە

3/12/2020 4:21:00 PM 150 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

دوێنێ (11)ی ئازار لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا کۆبوەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد، کە یەکێکیان سنوردارکردنی کاری بازرگانی و هاوردەکردنە لە هەرسێ دەروازەی (باشماخ ــ پەروێزخان ــ حاجی ئۆمەران ).

دیارە جگە لەم دەروازە فەرمیانە دەیان رێگەی لاوەکی و تولەڕێی ترهەن کە بەئاسانی هاتوچۆی پێدادەکرێت لەنیوان هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران، تەنانەت کاڵاوشمەکی بەشێوازی قاچاغ لێوە هاوردەی هەرێم دەکرێت .

لەئێستادا ئێران بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنای بەشێوازێکی چڕوپڕ و بەرفراوان تێدابڵاوبوەتەوە، تەنانەت خەریکە بەتەواوی لەکۆنتڕۆڵکردن دەردەچێت .

بۆیە پێویستە بەزویی بیر لەداخستنی تەواوەتی و وەستانی جموجۆڵی بازرگانی و هاتوچۆ لەو سێ دەروازەوە بدرێت لانی کەمی تا (یەک)ی نیسان و دواتر و دوای چاودێریکردنی بارودۆخەکە بڕیاربدرێتەوە لەسەر سنوردارکردنی بازرگانی تێیاندا .

هەروەها بەردەوام هەڵمەتی رشاندنی دژەڤایرۆسی کۆرۆنا لەو شار و ناوچانەی کە ئەو سێ دەروازەی لێوە نزیکە کە بریتین لە پێنجوێن، کەلار و حاجی ئۆمەران و چۆمان .

چونکە ئەگەر رێوشوێنەکان هەر بەم شێوازە بن لەو دەروازە و ناوچانەی کە ئاماژەیان بۆکراوە بەدڵنیاییەوە ئەگەری تەشەنەسەندن و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە نزیکە و دواتر ناتوانرێت زاڵ ببین بەسەریدا و لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت .

بۆیە وێڕای سوپاسی زۆر بۆ ئەو لیژنانەی لەو ناوچانە دروستکراون لە ئیدارەی شارەکان و تەندروستی و هێزەئەمنیەکان بۆ روبەڕوبونەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە، بەڵام چارەسەری یەکەم و کۆتایش لەئێستادا بۆبەرگرتنی زیاتر داخستنی تەواوەتی و وەستاندنی هەمو جموجوڵێکی بازرگانی و هاتوچۆکردنە لەو سێ دەروازە فەرمیەی کە هاوسنوری رۆژهەڵاتە (کۆماری ئیسلامی ئێران)ـە و توندکردنی دەروازە لاوەکیەکانیشە لەلایەن برایانی پۆلیسی پاسەوانی سنور و هێزە ئەمنیەکانی تری ناوچەکان تا کاتێکی نادیار.
دەکرێت سود لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل وەربگیرێت دوای داخستنی ئەو دەروازانە بەشێوەیەکی کاتی .

راستە بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان هەرێمێکی تەواو بەکاربەر و نابەرهەمهێنینە و داخستنی سنور کاریگەری زۆر دەکاتە سەرجموجوڵی بازاڕ، بەڵام بۆئەم قۆناغەولەم کاتەدا پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان و رێگیریکردن لەبڵاوبونەوەی پەتاکە ئەرکی هەرە لەپێشینەی هەمو دەزگا و لیژنە پەیوەندیدارەکان و کۆی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە .

ماوەتەوە بوترێت پێویستە لەپێناو پاراستنی ژیانی هەر تاکێکی ئەم نیشتمانە هەمو ڕێوشوێنێکی پێویست، وتەنانەت ناچاریش بگیرێتەبەر، چونکە تەنها چەکێکی بەهێز کە لەدەستماندابێت بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم پەتایە و هەرپەتایەکی تر خۆپارێزی و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستیەکانە کە لەلایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەکانەوە دەردەچێت .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement