وتار

یاسا و دۆخی دادگاکان لەزاری شارەزایانی بوارەکەخۆیانەوە؛

2/18/2021 3:08:00 PM 126 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا


تەنها چەند لێدوانێکی بەرپرسان و پسپۆڕانی بواری یاساو دادگاکان بەسن کە بەنمونە بیهێنینەوە بیری هەموان، کەچۆن وچەندە بەڕوون و ڕاشکاوی پێناسەی دادگا، و یاساو سەروەربونی یاسا دەکەن لە هەرێمی کوردستاندا ، لە نمونەی ئەو لێدوانانەش :

ـــ فاروق جەمیل وەزیری دادی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدیدارێکیدا لەتەلەفزیۆنی (KNN) لەبەرواری ( 19-12-2016) دەڵێت (شتێک نیە بەناوی سەروەربوونی یاسا ، و ئەوانەی باسی سەروەری یاسادەکەن خودی خۆیان یاسا پێشێل دەکەن، وکەسێک نیە لێپێچینەوەیان لەگەڵدابکات).

ـــ خاتوو ناز نوری دادوەرو سەرۆکی پێشوتری داواکاری گشتی سلێمانی لەدیدارێکیدا لەگەڵ گۆڤاری (ژن مەگەزن) لەمانگی (11 ی ساڵی 2016) دەڵێ (ئەوەی بینیم یاسا نوسراوێکە بەرژەوەندی خاوەن پارەودەسەڵات دەپارێزێت لەسەر حسابی خەڵکی هەژار ، کە لەمانگی (7 ی ساڵی 2014)کە لە دادگا هاتمەدەرەوە کتێبخانەیەکی گەورەم هەبوو کەپڕبوو لەکتێبی یاسایی ، پاسەوان وکارگوزارەکان لێیان پرسیم چی لەکتێبەکان بکەین ؟ منیش پێم وتن دەتوانن هەموی بسوتێنن چونکە بڕوام بەهیچ شتێک نەماوە، دوای (27) ساڵ لەپیشەی پارێزەری بۆم دەرکەوت کە یاسا لەوڵاتی من تەنها ناوەو درۆیە)

ـــ ڕزگارمحەمەد ئەمین ئەودادوەرەی تاوانبار سەدام حسێنی سەرۆکی پێشوی عێراقی دادگایی کرد،و ئەندامی ئێستای دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستانە لەنوێترین لێدوانیدا بۆدەنگی ئەمریکا دەڵێت ( نزیکەی 40 ساڵ دەبێت لەدەزگای دادوەریدا کاردەکەم ، لەئێستاخراپتر باری دادوەریم نەبینیوە لەعێراق بەگشتی ولەهەرێمی کوردستان بەتایبەتی )

ـــ لەتیف مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی پێشوی نوێنەرانی عێراق ویەکێک لەدادوەرە دیاروبەئەزموونەکان لەنوێترین لێدوانیدا لە (17-2-2021) بۆبەشی ئینگلیزی دەنگی ئەمریکا دەڵێت ( لەمڕۆوە شتێک نەما بەناوی دادگاوە ، دادگا سەربڕدرا،و بوو بە درێژکراوەی لق ومەڵبەند )

ئەم وتەولێدوانانە کەهی کەسانێکن مەیدانیەن ساڵانێکی زۆر لەبوارەکەدا کاریانکردوەدەبینین ودەبیستین بەسە بۆئەوەی هەموان ئەوڕاستیە بزانین کە حاڵی دادگاکان وەک هەموو کایەکانی تر کەحوکمڕانی خۆماڵی ودەسەڵاتی کوردی لەماوەی سی ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەیان بردوەو دەیبەن لەحاڵی سێکتەروکایەکانی ترخراپتر نەبێت باشترنیەو ئەوەش کارەساتە گەر بەدیقەتەوە لێی بڕوانرێت   ، چۆن لەم سێکتەرە گرنگەدا بەتەواوەتی دەستی حیزب زۆر زاڵەو لێرە زیاتر ڕۆچۆتە هەموو جومگەکانەوە .

ڕاستە لە نێودادگاو دامەزراوەکانی پەیوەندیدار دادوەرو خەڵکانی خەمخۆرودڵسۆز بەیاساوحوکمی ڕەشید بونیان هەبوەوهەیە بەڵام جگەپەراوێزخستنی ئەوجۆرە کەسانە هەر گوێشیان لێنەگیراوەو زۆرجاریش کۆسپ وتەگەرەشیان بۆدروستکردوون یاخودبەجۆرێک لەجۆرەکان سزادراون ،یاخود بەشێکیان بەهۆی دەستوەردانی حیزبەوە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە  .

بۆیە کاتیەتی هەوڵەکان گشتگیرترو چڕوپڕتر بکرێنەوە لەپێناو دوورخستنەوەی دەست و هەیمەنەی حیزب وکەسەکان بەسەر دەزگاودامەزراوەکان بەگشتی ،ودادوەری ودادگاکان بەتایبەتی ، وە جیاکردنەوەی تەواوەتی دەسەڵاتەکانی یاسایی ، جێبەجێکردن و دادوەری کەلەئێستادا جۆرێک لەتێکەڵ وپێکەڵی بەڕوونی پێوەیان دیارە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement