لە تەعریبی بەعسەوە بۆ تەشەیوعی حەشد
3/9/2020 7:37:00 PM
ئاکۆ حەمە کەریم
لەدوای ریفراندۆم
و رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، کەرکوک کەوتە دۆخێکی هەستیار و ناڕوونەوە و ئێستاش کە
حەشدی شەعبی لە ئەرزی واقیعدا باڵادەستن بە هەمووو گروپە جیاوازەکانییەوە (حەشدی کەرکوک
لیوای 56، حەشدی تورکمان، تەحریری حەویجە، بەدر، ئەهلی هەق...) کەرکوک لەبەردەم هەڕەشەی
ئەمنی و تەشەیوع و گۆڕانی دیمۆگرافی و تاڵانکردندایە.
ئەگەر بەعس بەدرێژایی
٣٠ ساڵەی دەسەڵاتی، سیاسەتی تەعریبی جێبەجێکرد لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی
دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەوا ئێستا گروپە جیاوازەکانی حەشدی شەعبی دەیانەوێ بە سێ
ساڵ ئەو کارە بکەن بە ستایل و شێوازی جیاواز.
جێی نیگەرانییە
بەهۆی کێشەی بودجە و نەوتەوە، کەرکوک ئێستا بەشێک نییە لە دانوستانەکانی نێوان هەرێمی
کوردستان و عێراق و تا رادەیەکی زۆر پشتگوێخراوە. وادیارە کێشەی خاک ئەولەویەت نییە
بۆ کورد بەڵکو ئەولەویەت بۆ بودجە و مانەوەی کیانی هەرێمە. بەتایبەتیش دوای لاوازبوونی پێگەی هەرێم لە عێراقدا.
لەئەنجامی هەژموونی شیعە و تێکچوونی بنەماکانی تەوافوق و شەراکەت و ململانێ و دوو
بەرەکی ناوخۆی خودی کوردەوە.
هەموو ئەمانە
کەرکوکی خستووەتە بەردەم هەڕەشەی حەشدی شەعبیەوە کە بەهێواشی شارەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە
و رۆڵ و کاریگەری گەورەی هەیە لە بڕیارە کارگێڕیی و داراییەکاندا. یەکێک لە دیارترین
مەترسییەکان بریتییە لە گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکوک کە بەچەند رێگەیەک پیادەی دەکەن.
سێ هەنگاوی مەترسیدار
یەکەم: هێنانی
خەڵک بەناوی حەشدی شەعبیەوە لەناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ ناو شاری کەرکوک و نیشتەجێکردنیان
لە شارەکەدا.
دووەم: پێدانی
زەوی بە چەکدارانی عەرەب و تورکمانی ناو حەشد، دواتر بە نایاسایی بۆشیان تاپۆ دەکرێ.
بۆ ئەمە حەشدی شەعبی دەسەڵاتی خۆی لە فەرمانگە حکومییەکاندا بەکاردەهێنێ.
سێیەم: هاوڵاتی
کورد بێزار و پەراوێز دەخرێ و دامەزراوەکانی حکومەت بەدەم داواکارییەکانیانەوە
ناچن بۆ ئەوەی ناچاربن شارەکە جێ بهێڵن. بەرچاوترین نموونەش پەراوێزخستنی خوێندنی
کوردییە لە کەرکوک.
مەترسییەکی تر
ئەوەیە کە نەوت و سامان و پڕۆژەکانی شارەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە و کراوەتە سەرچاوەیەکی
بەهێزی پارەپەیداکردن بۆ گروپە جیاوازەکانی حەشد.
لە کێڵگەکانی
نەوتی کەرکوک و دەوروبەری بەتایبەت لە جەمبور و قادرکەرەم، بۆرییەکان كونكراون و بە
تانكەر نەوتەکەی دەگوازنەوە و دەیفرۆشن. بۆ ئەمەش حەشدی شەعبی بیرە نەوتەکانیان لەناوخۆیاندا
دابەشکردووەو هەندێجار بەشێوەی تەناوب و ناوبەناو بیرەکان کۆنتڕۆڵ دەکەن.
ئەم دزین و تاڵانکردنە،
مەترسییەکەی هەر ئەوە نییە کە گەندڵییە و بووەتە هۆی داوەشاندنی حکومەت، بەڵکو ئەم
گروپانە بەهێزتر دەکات و خەڵکیان زیاتر لە دەور کۆدەکاتەوە. دواتر هانی گروپە چەکدارەکانی
تر دەدات روو بکەنە کەرکوک و بیکەنە پێگەیەکی بەهێزی خۆیان، ئەوجا شەڕ بکەن لەسەر
مانەوەو بەردەوامیدان بەم دۆخە.
لەڕوی ئەمنییەوە،
حەشدی شەعبی مەترسییە بۆ سەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی
کەرکوک، ئەم هێزە لە بنەمادا میلیشایەکی مەزهەبییە و بە فتوایەکی مەرجەعی باڵای شیعە
دروستبووە، كۆپیكردنی ئەزموونی هێزی دیكەیە لە نموونەی: سوپای قودس و حزبوڵڵای لوبنان.
حەشدی شەعبی بڕیار
و فەرمان لە سوپا و حکومەتەوە وەرناگرێ، بەپیێ بەرژەوەندی مەرجەع و حزب و سەرکردەکانیان
دەجوڵێنەوە، دوور نییە بۆ پەلاماردانی پێکهاتەکانی تر بەکاربهێنرێ. ئەم گروپە چەکدارانە
لە هەندێک شوێندا خۆیان رۆڵی دادگا و پۆلیسیش دەبینین و چیان بوێت دەیکەن. کێیان
بووێت دەستگیری دەکەن بە تایبەت لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک.
کورد چی بکات؟
پێویستە کورد
لەپاڵ بودجەدا، لە بەغدا خەمی سەرەکی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانیشی هەبێ و هەموو
فشارێک بکەن بۆ رێگرتن لەو دۆخە نالەبارەی سەپێنراوە بەسەر کەرکوکدا. سیاسەتێکی نیشتمانیی
و یەکگرتووی هەبێ کە دووربێ لەناکۆکی حزبیی، چونکە مەترسییەکان جدین و رەنگە هێواش
هێواش کەرکوک لە دەست بدەین.