وتار

گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریكا

11/18/2019 10:55:00 PM 65 جار خوێندراوەتەوە
فەرید ئەسەسەرد

شتێكی نامۆ لە پەیوەندییەكانی نێوان كوردی سوریا ‌و ئەمریكادا هەیە كە كەس لێی تێ ناگا. لە گۆڕانێكی دراماتیكیدا ‌و بەشێوەیەكی پێشبینی نەكراو، كوردی سوریا پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریكا دەست پێ كردەوە ‌و ئەوەیان لە بیری خۆیان بردەوە كە ئەمریكا گڵۆپی سەوزی بۆ توركیا بۆ هێرشكردنە سەر ناوچەكانیان هەڵكردووە ‌و لە هەستیارترین كاتدا دەستبەرداریان بووە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە كەموكوڕییەك لە میتۆدی بیركردنەوەی كوردی سوریا ‌و سیستمی بڕیارەكانیاندا هەیە.

لە دوایین چاوپێكەوتنی ئیلهام ئەحمەد سەرۆكی دەستەی راپەڕاندنی ئەنجومەنی سوریای دیموكراتدا هەست بە سەرلێشێواوییەك لە بیركردنەوەی سەركردەكانی ئەنجومەنەكەدا دەكرێ كە وایان لێ دەكا بڕیاری چەوت بدەن. لە چاوپێكەوتنەكەدا ئیلهام ئەحمەد هیچ هەڵوێستێكی بەرامبەر بە كشانەوەی كتوپڕی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی فورات نیشان نەداوە و لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی مانەوەی ئەمریكییەكان لە باكووری سوریا، هەر ئەوەندەی وتووە كە ئەمریكییەكان «بۆ بەربەرەكانێ كردنی داعش ‌و هەروەها بۆ ئەوە ماونەتەوە تا چاڵە نەوتەكان بپارێزن». سەبارەت بە سیاسەتی ئەمریكاش، دانی بەوەدا ناوە كە «ئەمریكییەكان بەرچاو روون نین لەسەر هیچ را و ستراتیجێك نەگیرساونەتەوە»، هەروەك بە ئاشكراش وتویەتی كە ئەو نازانێ هەتا كەی ئەمریكییەكان لە ناوچەكە دەمێننەوە.

لە سەرتاپای چاوپێكەوتنەكەدا وەڵامێكی دروستی هیچ پرسیارێكی نەداوەتەوە ‌و نەشیزانیوە چی لە ناوچەكە ‌و لە ئایندەدا دەگوزەرێ. ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لەم قۆناغەی ئێستادا لە سەرلێشێواوییەكی رەهادا دەژی ‌و لێی رانابینرێ بتوانێ هیچ بڕیارێكی دروست بدات.

گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانییەكی شكستخواردوو خۆی لە خۆیدا هەڵەیەكی گەورەیە. شتێكی ئاشكرایە كە هەمووان دەزانن سیاسەتی ئەمریكا لە سوریا سیاسەتێكی سەقامگیر نییە ‌و ئەمریكییەكان، بە پێچەوانەی روسەكان ‌و سورییەكان ‌و ئێرانییەكان ‌و توركەكانەوە، هیچ بەرچاوڕوونییەكیان نییە ‌و بەپێی ستراتیجێكی تۆكمە هەڵناسوڕێن. لەم هاوكێشەیەدا دەردەكەوێ كە لە جەنجاڵەكەدا تەنها كوردی سوریا ‌و ئەمریكییەكان بەبێ هیچ پلانێكی روون كار دەكەن. ئەمریكا بەوەی كە هێزێكی گەورەیە، دەتوانێ قەرەبووی نەبوونی بەرچاوڕوونی بكاتەوە، بەڵام هێزێكی بچووكی وەك ئەنجومەنی سوریای دیموكرات نەبوونی بەرچاوڕوونی دەشێ بە كارەسات كۆتایی بێت.

ئەمریكییەكان لە لێدوانە فەرمییەكاندا رایدەگەیەنن كە لە بەرنامەیاندایە داهاتی چاڵە نەوتەكانی سوریا بۆ كورد بێ بۆ ئەوەی ناوچەكانی خۆیانی پێ بەڕێوە بەرن ‌و پێداویستییەكانی پێ دابین بكەن. لە راستیدا ئەمە بیرۆكە هەموار كراوەكەیە، چونكە سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ لە بەراییدا وتبووی داهاتی نەوتەكە بۆ ئەمریكا دەبێ ‌و داوای لە كۆمپانیاكانی نەوتی ئەمریكا كردبوو بچن بۆ سوریا ‌و وەبەرهێنان لە نەوتەكەیدا بكەن. بەڵام پاش ئەوەی ئەم لێدوانە لە هەموو جیهان هەرای نایەوە ‌و ئەمریكای پێ شەرمەزار بوو، ئەمریكییەكان قسەكانیان گۆڕی ‌و لە یەكەم لێدوانی جیاوازدا جاناتان هۆفمان وتەبێژی پەنتاگۆن (وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا) رایگەیاند كە داهاتی نەوتەكە بۆ ئەمریكا نابێ، بەڵكو بۆ هێزەكانی سوریای دیموكراتە ‌و دەدرێتە كورد.

تەنانەت ئەم پرۆژەیەش لە پرۆژەیەكی خەیاڵی دەچێ، چونكە ئەو نەوتە تا نەفرۆشرێ، هیچ داهاتی نابێ، لەم هەلومەرجەی ئێستاشدا، رەنگە تاكە كڕیار، توركیا بێ، كە ئەویش لە هەلومەرجێكدا كە لە دۆخی شەڕدایە لەگەڵ كوردی سوریا، پارە بە نەوتێك نادا كە ببێ بە مایەی دەستەبەركردنی داهات بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات، جگە لەوەی كە روس ‌و سورییەكان لە توانایاندایە هەموو پرۆسەیەكی كڕین ‌و فرۆشتنی نەوتەكە تێك بدەن.

بۆیە هەرچییەك بێت مەرامەكان، تێوەگلانی كورد لە مەسەلەی نەوتدا خزمەت بە مەسەلە سیاسییەكەیان ناكا، گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێك كە مانەوەی لە سوریا كاتییە ‌و بەبێ هیچ پلانێكی دیاریكراو هەڵسوكەوت دەكا، زیان بە بەرژەوەندییەكانی كورد دەگەیەنێت ‌و گەرەنتیی هیچ شتێك ناكات. مەسەلەی كورد لە سوریا مەسەلەی نەوت نییە. لە هەلومەرجی ئاڵۆزی سوریا، دەستگرتن بە سەر چاڵە نەوتەكاندا باڵادەستی بۆ هیچ لایەنێك دابین ناكا.

ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە هاوپەیمانیی دووەم جاری لەگەڵ ئەمریكا، هیچ روونكردنەوەیەكی سەبارەت بە گەرەنتییەكانی بەردەوامبوونی هاوپەیمانییەكە نەداوە. تا ئێستاش قازانجەكانی ئەو هاوپەیمانییە روون نەبوونەتەوە، بە رەچاوكردنی ئەوەی کە دەشێ زیانەكەی لە قازانجەكەی زۆرتر بێ. لایەنی بەهێزی هاوپەیمانییەكە، ئەمریكایە نەك كورد. لە هەلومەرجێكدا كە تێیدا سیاسەتی ئەمریكا لە سوریا لەگەڵ هەریەك لە روسیا، سوریا، ئێران ‌و توركیا لە تەنگژەدایە، پەراوێزی مانۆڕی ستراتیجی بۆ كورد بە رادەیەك تەنگەبەر دەبێ كە ئەستەمە كورد بتوانێ هیچ دەستپێشخەرییەك بكات. تا ئەم دۆخە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێ، پەراوێزی مانۆڕ بۆ كورد هەر تەنگەبەرتر ‌و تەنگەبەرتر دەبێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن