711وتار

دکتۆری بێ دەواو دەرمان!

11/8/2019 9:18:00 PM
سەروەر سالار

ناردنی پزیشک بۆ نێوەندە پزیشکییەکان، وەکو یاسای خزمەتی سەربازی لێهاتووە، واتە گرنگ نییە ئایا چوونەکەت چەند سوودبەخش دەبێ بۆ نێوەندەکە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە یاسایەک هەیە دەڵێ دەبێ بچی، جا ئامادەسازی کرابێ بۆ ئەو پسپۆڕییەی تۆ یاخود نا.

بۆ نموونە من وەکو پزیشکێکی بواری دەستنیشان و چارەسەری نەخۆشییەکانی جومگەو رۆماتیزم بۆ چەند ساڵ دەنێردرێمە نێوەندێكی تەندروستی کە نە پشکنینی پێویست دابینکراوە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی ئەو بوارە، نە دەرمانیش هەیە لە حاڵەتی دەستنیشانی موعجیزەئاسای بەشێک لە حاڵەتەکاندا!

گرنگ ئەوەیە بوترێ ئەوەندە پزیشکی پسپۆڕمان بۆ ئەو شوێنە ناردووە، بێئەوەی کەرەستەکان لەبەردەست بن، دروست وەک ئەوەی کۆمەڵێک سەرباز بنێری بۆ نێوەندێکی سەربازی، بێ ئەوەی دووربین و کەرەستەی چاودێری، هەروەها بێ ئەوەی چەکیان بۆ دابین بکەی!

جگە لەوە لەو نێوەندەدا، هیچ فیلتەرێکی زانستی نییە بۆ ئاراستەکردنی نەخۆشەکان بەرەو پسپۆڕێکی تایبەت، بەڵکو نەخۆش خۆی دێتە ناو نەخۆشخانەو بڕیاردەدات چەند دانە پسپۆڕ ببینێ!

بۆ نەخۆش زۆر ئاستەمە بڕیاربدات کامە پسپۆڕ پەیوەندی بە حاڵەتەکەی ئەو هەیە، بۆ نمونە تەنیا ئازاری قاچ بێئەوەی کەسەکە ئێسکی شکابێ رەنگە پەیوەندی بە یەکێک لەمانەوە هەبێ: شکاوی، رۆماتیزم، مێشک و دەمار، نەشتەرگەری لوولەکانی خوێن و هی دیکەش.

کاتێک نەخۆش بە ئارەزووی خۆی روودەکاتە پسپۆڕێک، قەرەباڵخییەکی ناپێویست دروستدەبێ و لەو نێوەندەدا ئەو نەخۆشەش کە بەڕاستی پێویستی بەم پسپۆڕە بوو وندەبێ، چونکە کاتێک تۆ ٥٠ نەخۆشی ناپەیوەندیدار سەرقاڵت دەکەن بە گرفتەکانی خۆیانەوە، بوارت نابێ وەکو پێویست بەدەم ٥ نەخۆشەوە بیت کە بەڕاستی پێویستیان بە قووڵبوونەوە هەیە بۆ دەستنیشان و چارەسەریان!

ڕێگەی راست ئەوەیە لە مەڵبەندە تەندروستییە لۆکاڵییەکانەوە نەخۆش رەوانەی پپسپۆڕان بکرێن لەلایەن پزیشکانی گشتییەوە، دیارە زۆربەی حاڵەتەکان هەر لەلایەن پزیشکی گشتی دەستنیشان و چارەسەر دەکرێن و پێویست بە رەوانەکردن بۆلای پسپۆڕ ناکات.

چاککردنی ئەم شتانە ئاسان نییەو ئیرادەی بڕیاردانی دەوێ لەلایەن هەموو پەیوەندیدارانەوەو دەبێ هەمووان وەکو هەفتەی رابردووی بۆریس جۆنسن لای خۆیانەوە بڵێن: ئێمەین حیزبی تەندروستی! واتە حیزبی راستەقینەی خەمخۆری تەندروستی.

من خۆم شاهیدی ئەوەم کاتێک وەزارەت ویستوویەتی سیستمی فیلتەری کەیسەکان دابنێ بەو جۆرەی وتم، کاتێک هاوڵاتییەک سەربەخۆ دێت و دەیەوێ بە دڵی خۆی کامە پزیشکە هەڵدەبژێرێ ببینێ و رێگەی نەدراوە، خێرا رۆژنامەوانێک هاتووەو هەڵڵایەکی گەورەی ناوەتەوەو گوایە ئەم هاوڵاتییە لەبەر بیروڕای جیاواز ناکرێتە ناوەوە بۆ نەخۆشخانەو پزیشکەکان ئامادە نین چارەسەری بکەن!

یان وتوویانە پزیشک ئەم نەخۆشەی لە نەخۆشخانەی حکومی بینیوە، کەچی داوای لێکردووە پشکنینەکان لە دەرەوەی نەخۆشخانە بکات و دەرمانەکانیش لە دەرمانخانەی دەرەوە بکڕێت، زۆرکات پزیشکیان بە شەریک و خاوەن پشک لە تاقیگەو دەرمانخانەکە ناوبردووە، بێئەوەی بزانن بۆ ئەو پسپۆڕییەی پزیشکەکەی تێدایە، لە یەکە تەندروستییەکەدا تەنیا ژوورەکەو پزیشکەکە هەن و ئەوەی کەرەستەی دەستنیشان و چارەسەری ئەو بوارە بێت لەوێدا نییە!

دیارە لەو نێوەندەدا هەندێکجار پزیشکی بێویژدان، یان پرسگەی بێ ئەتەکێتی نەخۆشخانەش هۆکاری گرفتەکەن، بەڵام هۆشمەندی و هەبوونی زانیاریی متممانەپێکراوی دەوێ بزانی ئەو حاڵەتەی تۆ لەبارەیەوە دەدوێی بەڕاستی کامەیانە.

بەمشێوە مامەڵەیەی ئێستای لایەنە جیاوازەکان، ئەوەی هەیە تەنیا پینەو پەڕۆیە، حکومەت تەنیا بێدەنگی هاوڵاتی و قسەبڕینی میدیاو ئۆپۆزسیۆنی دەوێ، میدیاو ئۆپۆزسیۆنیش تەنیا مەبەستیان دۆزینەوەی خاڵى تووڕەیی هاوڵاتییەو لەو نێوەندەدا ئەوەی وندەبێ گرفتە راستەقینەکانی کەرتەکەیە.

بۆیە دەبێ میدیاکاران و بەرپرسان و پەیوەندیدارو لایەنە سیاسییەکان لە هەستیاری دۆخی تەندروستی تێبگەن و بەر لە باسکردنی گرفتەکانی، بۆچوون و زانیاریی لە کەسانی ناو کەرتەکە وەربگرن، تاوەکو نەبنە بەشێک لە خراپترکردنی کەرتەکە!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن