1626 کەلتور

بۆچى دەنووسین؟

12:06 - 19/09/2019

(15)

لەگەڵ شیعری نوێدا، چەمکی”هونەر ئاوێنەی واقیع”ە، هاڕە دەکات. تەنها لەم دەسپێکەوە شیعری نوێ لەدایکدەبێ. بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی ئێمە، هەمیشە واقیع لەسەر کۆمەڵگەی ئێمە بارستایی هەبووە، شیعریش وەکو نووسراوی دیکە، هەوڵی داوە بە زمان دەسکاری ئەم واقیعە بکات، قسەی لەسەر بکات، پێناسەی بکات، وەسفی بکات و دواجار جۆرە هاودەمییەکی لەگەڵ دروست بکات. گۆران دێت هەم وەسفی واقیع دەکات، هەم دەیدوێنێ، هەم بەکاریدەهێنێ. لەنێوان “غەزەل” و “وەسفی سروشت” و بە “ئەنستریومان-کردن”ی زمان کۆتایی بە پڕۆژە شیعرییەکەی دەهێنێ.
بە درێژایی شەست و حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوو، نموونەی زۆر دەگمەنی لێ بترازێ، لەسەر هەمان پێگە، بە هەمان دیدگا و تەنانەت بە هەمان تێگەیشتن لە زمان و واقیع، شیعری کوردییمان نووسیوەتەوە. “هونەر ئاوێنە واقیع”ە درووشمە هەرە باڵاکەی بووە، واتە مرۆڤ لە رێگەی هونەرەوە دەتوانێ خۆی و کەموکوڕییەکانی و جوانی و ناشرینییەکانی و خەبات و چالاکی و پرسەکانی خۆی ببینێ. تا دوایی بێت، ئیش لەسەر ئەم کەموکوڕییانە بکات، بەڵکو بتوانێ دەسکاری واقیعەکەی بکات. بەشێکی ئەم تێگەیشتنە هاوردەی دەرەوەی سنووری ئێمە بووە و پەیوەست بووە بەو تیۆرییانەی کە سەیری زمان و واقیعیان کردووە. بەڵام ئەوەی بە رووداو بینیمان، نووسین نەیتوانی دەسکاری واقیع بکا، دیدگای کۆمەڵگە تووشی گۆڕان و وەرچەرخانی مێژوویی بکات، چونکە هۆشیاریی لەسەر سنوورێکی دیارییکراو کرۆشک دەدات. ئاڵووێری نێوان واقیع و زمان بە نەزۆکی دەمینێتەوە.
شیعر نە واقیع دەگۆڕێ، نە ئیشی ئەوە. کاتێک ئەم ئەرکە دەکات بە ئەرکی خۆی، ئاڕاستەی جیاواز لەمەڕ ئامانجی شیعرەوە دروست دەبێ. دواجاریش بابەت دروست دەبێ. جا ئەم بابەتانە نیشتیمانی بن یا لەبارەی فەمینیسمەوە بنووسرێن یا پەروەردەی منداڵ و قوتابی بخەنە ئەستۆی خۆیان، جیاوازییان نییە. هەموو بابەتێک شیعر دەشێوێنێ، با بابەتی هاوچەرخ و هەنووکەییش بێ، با بابەتی مرۆڤدۆستانە و خەمی جیهانیشی لەکۆڵ هەڵگرتبێ. رەنگە دواجار هەر بابەتیش بێ ببێتە هۆی مەرگی شێواز!
شێواز و دەنگی شاعیر یەک شتن، پێکڕا سەرهەڵدەدەن، پێکرا دێنە بوون. ئەگەر شیعر درێژکراوەی جەستەبێ، هەڵبەتە شێواز دەبێتە نەبرەی شاعیر، خۆیەتیی شاعیر دەسنیشان دەکات، وەک پەنجەمۆر نەخشە و سنووری شاعیر دیاریی دەکات. هزر و فەزای شاعیر لەنێو ئەو نەبرەیەدایە، نەک لەناو پەیامەکانی، ریشاڵەکانی لە ناو ماهییەتی دەقدا ون دەبن، دەتوێنەوە و دەبن بە یەک. لەم سەروبەندەدا، شیعر دەبێتەوە بە زمانی یەکەم، زمانی سەرەتایی کە بوون و گەردوون تێکدەئاڵێنێ، یەکێتیی ونبوو دەدۆزێتەوە، بێ ناو و بێ ناونیشان دەدۆزێتەوە، بێ زمان دەهێنێتە سەر شانۆی بوون، هەودا نادیارەکانی بوون بەسەردەکاتەوە و نەگوتراو دەڵێتەوە.
پەیام شیعر لەناو دەبات. چونکە پەیام شیلەی بابەتە، چۆڕاوگەی واقیعە، کورتکردنەوەی دەقە بۆ بچووکترین ماددە. چونکە هەردەمێک توانیمان پەیام لە دەقی شیعریی جودا بکەینەوە، ئەودەم دەبێتە مەرگی راستەقینەی دەقی شیعریی. ئەنجەتی بوونێتی خۆی لەدەست دەدا، وەکو وشە- خاشاک دەبن بە بار بەسەر خودی پەیامەکەوە. ئەودەم سەرجەم ئەو چنینانەی کە پەیامیان پێ رازاندراوەتەوە، دەبن بە پاشماوەیەکی بێکەڵک، دەبن بە دێکۆر، دەبن بە زیادەڕەویی.
ئایا ئەمە بە مانای نیهیلیسم دێ؟ ئایا شیعر عەدەمییەتێکی رووتە؟ پەلاسیۆ، بیناساز و هونەرمەندێکی بەناوبانگی ئیسپانییە، لەمەڕ هونەرەوە رستەیەکی زۆر ورد و رێکی هەیە کە دەڵێت: “هونەر وەک راکێشانی تێل/ سیمێک وایە، درێژ بکرێتەوە تا ئەو رادەیەی کە ئیدی هونەرمەند هەست دەکات دەبێ راکێشانەکە راگرێ، چونکە لەمە زیاتر سیمەکە دەپچڕێ.” ئەم هاوسەنگییە زۆر مەبەستە، جۆرە ئەکرۆپاتییەکی دانسقەیە، هاوسەنگییەکی بێوێنەیە لە دنیایەکی ناهاوسەنگ، دۆزینەوەی پنتێکە لەناو جووڵەیەکی هەمیشەییدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن