کتێبخانەى زەمەن
09:15 - 07/08/2019
مــن و شـــارەکـەم
رۆمانی “من و شارەکەم” کتێبێک گێڕانەوەی یادەوەریی نووسەرو ئەندازیارو چالاکوانێکی سیاسیی، لە سەرەتای شەستەکانەوە دەستپێدەکات، تا ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو. زمان لەم کتێبەدا، تێکەڵەیەکە لە خەیاڵ و تەکنیکی تایبەت کە خوێنەر کەمەندکێش دەکات بە وردیی بەدوای ڕووداوەکانی نێو کتێبەکە بڕوات. من و شارەکەم، بە زمانێکی پاراو، هەندێجار غەمگین، هەندێجار پڕ لە تەنزو پێکەنین، زۆرجاریش جدیی و قووڵ شۆڕدەبێتەوە بۆ ناو ڕوداوەکان.
عومەر حاجی عینایەت، لە دووتوێی 418 لاپەڕەی قەبارە گەورەدا، دنیاو فەنتازییەکی گەورەی خولقاندووە، کە زۆرجار لە بری کارەکتەری سەرەکیی، کارەکتەری ترو مرۆڤە سادەو ساکارەکانی شارەکەی ڕووداوەکان دەگێڕنەوە. بەجۆرێ لە نێوان تایبەتمەندیی شارێکی دیاریکراوی نێو ڕوداوەکانیی کتێبەکە، دەیان شاری تر، ڕووداوەکان چیرۆکی سەیرو پڕ لە نهێنیی ڕۆژگار دەگێڕنەوە. ئەوەی زۆر گرنگ و پڕ بایەخیشە، خوێنەر هەست بە راستگۆییەکی تەواو دەکات، کە لەپشت گێڕانەوەکاندا ئامادەیی هەیە.
من و شارەکەم، لەم ڕۆژانەدا لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی چاپکرا. لەماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا زۆربەی ژمارەکانی فرۆشران، کتێبەکەش لەلایەن کۆمپانیای (بلاڤ پەیک)ەوە لە دوو مەراسیمی جیادا لە سلێمانی خرایەڕوو.
لە پێشەکی کتێبەکەدا، کامەران سوبحان، بۆ نووسەر دەنووسێت: (من و شارەکەم -بەشی یەکەم. چیرۆکی گێڕانەوەی منداڵێکە لە قۆناغی سەرەتاییەوە بۆ سەردەمی لاویی و تا دەگاتە قۆناغی زانکۆ، لە سەرەتای شەستەکانەوە دەستپێدەکات، بۆ کۆتایی حەفتاکان. ئەم ساڵانە ساڵی کوڵان و بورکانی ڕووداوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ناوچەیە بوو. لە زۆر لایەنی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و پەروەردەیی، نزیک دەبێتەوەو ئەو ڕۆژگارە بۆ خوێنەر دەگێڕێتەوە. بە زمانێکی وەسفیی تێکەڵاو لە خەیاڵ و راستیی. ڕەنگە هەندێ شتی تێدا بێ، بە دڵی زۆر کەس نەبێ، یان بە بەراورد بە ڕووداوە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ژینگەییەکانی ئێستا جیاواز بێت.
ئیتیکی رۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان
ئەمە ناونیشانی کتێبێکی “کارزان محەمەد”ە سەبارەت بە رەوتی رۆژنامەگەریی کوردیی و ئاستی پاراستن و پەیڕەوکردنی ئاکارو ڕەوشتی کۆمەڵایەتیی و یاسایی. کە لە بنەڕەتدا، ئەم کتێبە توێژینەوەیەکی نووسەرە، کە تێزی دکتۆراکەیەتی کە لە ساڵی ٢٠١٧ لە کۆلیژی بەڕێوەبردنی زانکۆی تاران بەسەرپەرشتی پڕۆفیسۆر د. باقر ساروخانیی پێشکەشی کردووە.
گرنگترین تەوەری کتێبەکە (مێژووی ئیتیک، پەیوەندی ئیتیک و زانستەکانی تر، سەرهەڵدانی ئیتیک لە بواری ڕۆژنامەگەریدا، بایەخی ئیتیک، ڕێزگرتن لە ژیانی تایبەت، ڕێزگرتن لە ئاین و نەتەوەو ئاینزا و بەهاکانی تری کۆمەڵگە. دەیان ناونیشان و سەردێڕی تری گرنگی توێژینەوەکە.)