بەپەلە.. سلێمانی لیستی مووچەی نارد
01:07 - 14/06/2026
زەمەن - هەواڵ
یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری بایۆمەتری سلێمانی ڕایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی (مانگی 6) مووچەخۆرانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان بە سیستەمی پەیڕۆڵ بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لیستەکە لەلایەن گەنجینەکانی سلێمانییەوە پەسەند کراوە و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کراوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی ڕێکارە کۆتاییەکان.
بەپێی بەدواداچوونە میدیاییەکان، بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا و دوای تەواوبوونی وردبینی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، لیستی مووچەی مانگی حوزەیران هاوشان لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار (مانگی 5) ڕەوانەی بەغدا بکرێت. هاوكات، لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە پرۆسەی وردبینی بۆ ئەو لیستانە دەستپێدەکات کە دەگەنە وەزارەت، و پێویستە تاوەکو ڕۆژی دووشەممە سەرجەم لیستەکان بە تەواوی یەکلا بکرێنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ئاشکرای کردووە کە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی زیاتر لە 60% کەمبووەتەوە، بەو هۆیەشەوە حکومەتی هەرێم لە توانایدا نییە مانگانە بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی ڕەوانەی بەغدا بکات. ئەو بەرپرسە جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەگەر حکومەتی فیدراڵیی بەغدا مانگانە ئەو 120 ملیار دینارە لە تەمویلی مووچەی هەرێم ببڕێت، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیران و مانگەکانی داهاتوودا ڕووبەڕووی کورتهێنانی دارایی دەبێتەوە.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری داوە پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتەکان ڕێکبخاتەوە و بەشێک لە خەرجییە ناپێویستەکان کەم بکاتەوە. هاوکات بڕیار وایە شاندێکی دارایی هەرێم سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەی داهاتی نانەوتیی مانگی حوزەیران و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارەیەی کە بەغدا مانگانە لە مووچەی دەبڕێت.