12 کوردستان

ئەمڕۆ بارانبارین کۆتایی دێت و پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە

01:51 - 13/04/2026

زەمەن - هەواڵ

 

 ئەمڕۆ تا کاتەکانی ئێوارە ئەگەری تاوە باران و هەورە بروسکە لەکات و شوێنی جیاجیادا دەبێت لەگەڵ بارینی بەفر.

 کەشناسی شارەزا ئاراس جەبار بە «زەمەن»ی راگەیاند لە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەوە، بەگشتی کاریگەری ناجێگیری کەش و بارانبارین لەسەر تەواوی ناوچەکانمان کۆتایی پێدێت، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو شەپۆل و حاڵەتە ناجێگیرانە بەردەوامیان هەبوو، کە بارانی زۆر باش باری و لەتەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە رێژەی بارانبارین تا ئەم کاتەی ساڵ لەسەروو رێژەیەکی نۆرماڵ تۆمارکراوە و ئەمەش لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو کەم وێنەبووە.

بە وتەی ئەو کەشناسە کوردە، لە سبەینێ سێشەممەوە، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆک و کەش و هەوا بەگشتی جێگیر دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ سێ تا چوار پلە بەرزدەبنەوە، بۆ رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بەتایبەت رۆژی هەینی لەئەنجامی هاتنی بارستە هەوایەکی گەرم لە باکووری ئەفریقاوە لەسەرجەم ناوچەکانمان پلەکانی گەرما بۆ سەروو تێکرایەکان بەرزدەبنەوە و لەبەشێکی ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک ئەگەر هەیە بەرزترین پلەی گەرمی لە رۆژی هەینیدا بۆ 30 پلەی سەدی بەرزببێتەوە و لەسەنتەری پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجەش بۆ 25 پلە یان زیاتر بەرزببێتەوە، بەدرێژایی ئەو ماوەیەش کەش و هەوا جێگیر دەبێت و ئەگەری بارانبارین نابێت و ئاسمانی ناوچەکەش بە زۆری ساماڵ دەبێت.

باسی لەوەشکرد: هەفتەی داهاتوو لە رۆژی شەممەوە، پێشبینی دەکرێت جارێکی دیکە نزمەپاڵەپەستۆکان لە دەریای ناوەراست و دەریای سوورەوە چالاکبنەوە بە ئاراستەی ناوچەکانمان بەم شێوەیەش ناجێگیری لە کەش و بەرگەهەوای ناوچەکانمان دروست دەبێتەوە و هەورە بروسکە و تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ دەستپێدەکاتەوە، ئەگەر هەیە تا کۆتاییەکانی ئەم مانگە ئەو حاڵەتە ناجێگیریە لەبەرگەهەوای ناوچەکەدا درێژە و بەردەوامی ببێت و رۆژانە لەکات و شوێنی جیاوازدا باران ببارێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن