گۆڕان لە یادی ئەنفالدا: كورد مایەوە ستەمكارەكانیش لە ژێر زەوین
09:56 - 14/04/2026
زەمەن – هەواڵ
دەقی
راگەیەنراوی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یادی تاوانی ئەنفالی گەلی كوردستان:
ئەنفال کولانەوەی
برینی نەتەوەی کوردو شوناسی تێکۆشانی نەتەوەیەکە لەپێناوی ئازادیدا
سەدەی بیستەم یەکێک
لە ناهەموارترین سەدەکان بوو بۆ نەتەوەی کورد، سەرەڕای ئەوەی دوژمنەکانی بەهێز
بوون و پەنایان بۆ دڕندانەترین شێواز و چەکەکانی جەنگ برد، نەیانتوانی رێگربن لە تێکۆشانی
کورد بۆ بەدەستهێانی مافەکانی.
ئەنفال و جینۆساید
بەرامبەر بە گەلی کورد، لوتکەی ئەو دڕندەییە بوو کە ئامانج لێی لەناوبردنی نەتەوەیەک
بوو، کورد مایەوە و ژێر زەوی پڕە لە گۆڕی ئەو ستەمکار و دیکتاتۆرانەی کە خەیاڵی لەناوبردن
و ملکەچکردنی کورد بۆ دەرگاکانی دۆزەخی بردن، هەر بۆیە پێویستە دوژمنەکانی کورد
وانە لەو دیکتاتۆرانە وەربگرن.
لە ئێستادا رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست و جیهان بە یەکێک لە مەترسیدارترین ساتەکانیدا تێپەڕدەبێت، ئاگری جەنگ و
ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری ناوچەکە و جیهانی گرتووەتەوە، پاش ئەو ماوەیە لە جەنگ
دەرکەوت کەس براوە نیە و وەک هەمیشە هاونیشتیمانی ئاسایی قوربانی گەورەی جەنگن، لەو
سەروبەندەدا چەندین جار بەبێ هۆکار و بیانوو هێرش کرایە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوانەی
ئەم نەتەوەیە دەکەنە ئامانج سەرئەنجام چارەنووس رەش دەبن وەک دیکتاتۆرەکانی
رابردوو، لە کاتێکدا سەری رێز بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین، بە پێویستیشی دەزانین
پشتیوانی لە کەسوکاریان بکرێ.
ساڵیادی ئەنفال
بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوەکان تاکو لە ژیاندابن برینێکە ساڕێژ نابێت، چونکە پاش ئەو
هەموو ساڵە چاوەڕێی روفاتی کەسوکاریان دەکەن، بۆیە گرنگە دروشم و بەڵێنەکان ببن بە
کردار و لە قسەو گوفتار دەربچن، چونکە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە ئەمانیش هاوشێوەی زۆرینەی
چین و توێژەکانی ئەم نیشتیمانە وەکو پێویست
خزمەت نەکراون.
بزوتنەوەی گۆڕان
گردی زەرگەتە
۱٤ی ٤ی ۲٠۲٦