45 کوردستان

چارەنووسی مووچەی مانگی 8ـی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسدەکرێت

01:48 - 07/10/2025

زەمەن _ هەواڵ

 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و چاوەڕوان دەکرێت پرسی ناردنی مووچەی مانگەکانی 8 و 9ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات، بەگوێرەی زانیارییەکان، هەرچەندە بابەتی مووچەی هەرێم لە کارنامەی فەرمیی کۆبوونەوەکەدا نییە، بەڵام بڕیارە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا باس لەم پرسە گرنگە بکرێت.

سەرچاوەیەک ئاشکرایکردووە، "وەزیرە کوردەکان پێشنیاز دەکەن لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا پرسی مووچەی مانگەکانی 8 و 9 زیاد بکرێت" و پێشبینی دەکرێت محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیار لەسەر ناردنی مووچەکە بدات.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا سەرەتا بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی 8 دەدرێت و دواتر لە هەفتەکانی داهاتوودا بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی 9ـش دەدرێت. جەخت لەوەشکراوەتەوە کە دەبێت پێش کۆتایی ساڵ، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوتای پارێزگاکانی دیکەی عێراق بکرێت و دواکەوتنی تێدا نەمێنێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن