ئێستا لە 80%ی خەڵك پارەیەكی كەمتر لە جاران بەو كارەبایە دەدەن، كە پێشتر بە مۆلیدەكانیان داوە
01:41 - 10/09/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
وەزیری کارەبا ڕایگەیاند: پڕۆژەی ڕووناكی (کارەبای ٢٤ كاتژمێری) بووە وەرچەرخانێك لە سێكتەری كارەبا و بەستەرێک بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەکی بەردەوامی کارەبا و ئێستا لە (٨٠٪)ی خەڵك پارەیەكی كەمتر لە جاران بەو كارەبایە دەدەن، كە پێشتر بە مۆلیدەكانیان داوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٥، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێم، راگەیەندراوێکی چەند خاڵی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بە پاڵپشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، توانیمان چاكسازیی لە سێكتەری كارەبا بكەین و بە دامەزراندنی سەدان وێستگە و ڕاكێشانی تۆڕی پاڵەپەستۆی بەرز و چاكسازیی لە گرێبەستەكان و زیادكردنی بەرهەمهێنان و دانانی ژمارەیەكی زۆری پێوەری زیرەك و كەمكردنەوەی سەرپێچییەكان ژێرخانێکی پتەو بنیاد بنێین.
دەشڵێت: هەڵەبجە وەک یەكەمین پارێزگای هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی هەموو عێراق بووە خاوەنی كارەبایەكی 24 كاتژمێری.
وەزیری کارەبا، ئاماژەی بەوەشداوە، ئێستا چوار ملیۆن هاووڵاتی، زیاتر لە (٥٠٪)ی هاووڵاتییان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان و زیاتر لە ١١٥ هەزار شوێنی بازرگانی، لە ڕێی ئەم پڕۆژەیەوە كارەبایەكی ٢٤ كاتژمێرییان هەیە.
باسی لەوەشکردووە، زیاتر لە ٣٢٢٢ مۆلیدەی گەڕەكەكان كوژێنراونەتەوە و سوودێكی یەكجار زۆری بۆ تەندروستی و سەلامەتیی هاووڵاتییان هەیە.
باسی لەوەشکردووە، سەرۆكی حكومەت لە پەیامەکەیدا، بە ڕوونی دەستكەوتی جێبەجێكردنی بەڵێنەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا خستەڕوو و پێش وادەی دیاریکراو كەمتر لە ساڵێك، نیوەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، لە ناوەندی شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و دەوروبەری سەنتەری شارەكان بوونەتە خاوەنی كارەبایەكی ٢٤ كاتژمێری.