کاندیدێکی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق دورخرایەوە
04:40 - 11/08/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لیستێكی تر لە ناوی كاندیدە دورخراوەكانی لە هەڵبژاردنی ١١ی١١ی ئەمساڵی پەرلەمان راگەیاند، کە یەکێکیان کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١١ی ئابی ٢٠٢٥، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لیستێکی ناوی کاندیدانی دورخراوەی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوکردەوە و لیستەكە ناوی ٦٥ كاندیدی دورخراوە لەخۆدەگریت، كە یەكێكیان كاندیدێكی پارتییە لە كەركوك بەناوی (كامیل عەبدوڵا كاكە حەمەحسێن ساڵحی)، کە بەپێی سەرپێچیكردنی دەقی ماددەی (٧/سێیەم) لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاكان ژمارە (١٢) ساڵی ٢٠١٨ دورخراونەتەوە.
كۆمسیۆن ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم كاندیدانە بەهۆی، ئەم ماددەیەوە کە باس لەوە دەكات كە "كاندید دەبێت ناوبانگ و هەڵسوكەوتی باش بێت و لەو كەسانە نەبێت پێشتر لەسەر تاوانەكانی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی یاخود تاوانى ئابڕوبەر لێبوردن گرتبێتیەوە".