70 کوردستان

کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر پەیامێکی بەپەلە ئاڕاستەی هاوڵاتییەکانی دەکات

08:58 - 22/06/2025

زەمەن پرێس:
کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، هۆشداریی سور ئاڕاستەی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات و ئاشکرای دەکات، زۆرینەی کارمەندە ناپێویستییەکانیان لە دوو رۆژی رابردوودا عێراقیان بەجێهێشتووە، بەڵام باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد و کۆنسوڵخانەکەی لە هەولێر بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاند: لە رۆژی 12ـی حوزەیرانەوە، نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق دەستی کردووە بە گواستنەوەی رێکوپێکی ژمارەیەک لە کارمەندانی، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ رێکخستنی کارەکان، رۆژانی 21 و 22ـی حوزەیران بەشێکی زۆریان عێراقیان بەجێهێشتووە، بەڵام باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی گشتی بەردەوامن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریکا.
ئاماژەی بەوەکردووە؛ ئەگەری زیادبوونی توندوتیژی یان هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەمەریکییەکان و ئەو شوێنانەی کە هاوڵاتیانی ئەمەریکی زۆر سەردانیان دەکەن زیادی کردووە، لە لایەن رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانەوە. بۆ ئەوەش داوا لە سەرجەم هاوڵاتیانی ئەمەریکی لە عێراق دەکەن خۆیان شوێنە قەرەباڵغەکان و ئەو شوێنانە بەدوور بگرن کە بیانییەکان سەردانیان دەکەن.
لەبەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا هاتووە: ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکییانەی کە پلانیان هەیە لە ڕێگەی سنووری وشکانییەوە بچنە ناو تورکیا، پێویستە بەرواری پلانەکەیان، شوێنی پەڕینەوەیان، وردەکارییە کەسییەکان (ناو، بەرواری لەدایکبوون، زانیاری پاسپۆرت، دەروازەی سنوور، هەر نیگەرانییەکی پزیشکی/تەندروستی/سەلامەتی) و وێنەیەکی لاپەڕەی بایۆداتای پاسپۆرتەکەیان بنێرن بۆ یەکەی خزمەتگوزاری هاوڵاتیانی ئەمەریکی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنقەرە.
هەروەک  دەروازەی سنوریی (ئیبراهیم خەلیل لە دیوی عێراق) بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکات و دەروازەی سنوریی ئوزوملو (سەر زێری لە دیوی عێراق) رۆژانە لە کاتژمێر 08:30 بەیانی تا 5:30 ئێوارە کراوە دەبێت، هەروەها ئەو هاوڵاتییە ئەمەریکییانەی کە پلانیان هەیە لە عێراقەوە لە رێگەی سنووری وشکانییەوە بچنە ناو کوێت، بەرواری پلان بۆ داڕێژراو و شوێنی پەڕینەوەیان و وردەکارییە کەسییەکان (ناو، بەرواری لەدایکبوون، زانیاری پاسپۆرت، دەروازەی سنوور، هەر نیگەرانییەکی پزیشکی/تەندروستی/سەلامەتی، زانیاری پەیوەندیکردن) و وێنەیەکی لاپەڕەی بایۆداتای پاسپۆرتەکەیان بنێرن بۆ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا یەکەی خزمەتگوزاری هاووڵاتیانی ئەمەریکی لە کوێت بۆ ئەوەی باڵیۆزخانەکە خێراتر یارمەتیان بدات لە ئەگەری رودانی حاڵەتێکی لەناکاودا و پێویستیشە گەشتیاران پێشبینی دواکەوتنی درێژخایەن بکەن لە دەروازە سنوورییەکان.
جەختی لەسەر ئەوەی کردوەتەوە کە هاوڵاتیانی ئەمریکی نابێت بە هیچ هۆکارێک گەشت بکەن بۆ عێراق و هۆشدرایی ئاستی چوارەمی "گەشت مەکە" بۆ عێراق بەردەوام دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن