ترەمپ ئاماژە بە ئەگەری گۆڕينی دەسەڵات لە ئێران دەکات
03:39 - 23/06/2025
زەمەن _ جیهانی
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: لە رووی سياسييەوە راست نييە دەستەواژەی "گۆڕينی دەسەڵات" بەکاربهێنين، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتی ئێستای ئێران نەتوانێت وڵاتەکەى مەزن بکاتەوە بۆچی گۆڕينی دەسەڵات روونەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکا لە پۆستێکيدا لە تۆڕی کۆمەڵايەتیی تروس ڕایگەیاندووە، لە رووی سياسييەوە راست نييە دەستەواژەی "گۆڕينی دەسەڵات" بەکاربهێنين، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتی ئێستای ئێران نەتوانێت وڵاتەکەى مەزن بکاتەوە بۆچی گۆڕينی دەسەڵات روونەدات.
هاوکات، قسەکردن لەبارەی گۆڕينی دەسەڵات لە ئێران لەرێگەی دەستوەردانی دەرەکييەوە، باس و خواسی ئەم ماوەيەی بەشێک لە رۆژنامە و ميديا جيهانييەکان و تەنانەت خەڵکی ناوچەکە و جيهانيشە، ئەوەشی زياتر بابەتەکەی گەرمکرد، هەڵوێستی ئەمريکا بوو لەسەر ئەو پرسە.
لە پاش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئيسرائيل و ئێران بۆسەر يەکدی و لەدوای ئۆپراسيۆنەکەی ئەمريکاش بۆسەر وێستگە ئەتۆمييەکانی ئێران لە بەرەبەیانى یەکشەممەدا، يەکەمجار بوو ترەمپ ئەگەری گۆڕينی دەسەڵات لە ئێران بخاتەڕوو.
هەروەها، هەڵوێستەکەشی پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشووی ئيدارەکەيەتی کە چەندين جار جەختيان لەوەکردووەتەوە ئامانجيان رێگريکردنە لە ئێران کە دەستی بگات بە چەکی ئەتۆمی نەک گۆڕينی دەسەڵات لەو وڵاتە.
چەند کاتژمیرێک پێش پۆستەکەی ترەمپ، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمريکا لە ديمانەيەکيدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی وتی: "تێڕوانينی ئيدارەی ئەمريکا زۆر روونە و گۆڕينی دەسەڵاتمان لە ئێران ناوێت".
هاوکات، پيت هێگسێت، وەزيری بەرگریی ئەمريکا لە پاش هێرشەکەی سەر ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانيدا جەختی لەو هەڵوێستی ئیدارەکەى کردەوە و وتی: "ئەم ئەرکە بۆ گۆڕینی دەسەڵات نەبوو، سەرۆک ترەمپ ئۆپراسیۆنێکی وردی بۆ لەناوبردنی ئەو مەترسییانە هەبوو، کە بۆ سەر بەرژەوەندييە نيشتمانييەکانمان دروستببوو بەهۆی بەرنامە ئەتۆمیيەکەی ئێرانەوە، هەروەها بۆ بەرگری بوو لە سەربازەکانمان و هاوپەيمانەکەمان کە ئيسرائيلە"